گۆڕان، دۆڕاندی یان گۆڕاندی
24/11/2010, 12:00 (GMT+1)

ئەو هەڵوێستەی پارتەكانی دەسەڵات لەهەرێم بەرامبەر لایەنە سیاسیەكان بەگشتی هەڵوێستی خۆسەپاندنەو هەموو شتێك بەئارەزووی خۆیان كردنە، بەمانایەكیتر یەكێتی و پارتی پێویستیان بە سازشی دیموكراتیانەی نێوان هێزو لایەنەكان نییە لەكوردستان، بەهێز و دەسەڵات قسەدەكەن، بۆ بەغداش باسی برایەتی دەكەن، ئەمەش سیاسەتێكی بانێكەو دوو هەوایەیە. بۆیە رەخنەكردنی ئەو هەڵوێستەیان لەكوردستان لەشوێنی خۆیدایەو گونجاوە، لەبەغداش پێویستە رەخنەبكرێن دیسان سەبارەت بەنزیكایەتیە تاكڕەوەكانیان كەتەنها كەسایەتیەكان و پۆستەكانی ئەوان لەناو گفتوگۆدان.
ئەوەی پێویست بوو برادەرانی گۆڕان لەكاتی ئێستادا رەچاویان بكردبوایە ئەویش بەرژەوەندی گشتی كورد لەعێراق بوو چونكە یەكێتی كورد پێش بەرژەوەندی پارت و لایەنە سیاسیەكانە، بۆیە پێویستە كوردیش لەباشوور خاوەنی ستراتیژێكی هاوبەش بن بەتایبەت لەسەر پرسە ستراتیژیەكان، چونكە كورد بەگشتیش پێویستی بەستراتیژێكی هاوبەش هەیە، ئەوە بەو مانایە نایەت كە یەكتری رەخنە نەكەن، بەڵكو پێویست دەكات بەرژەوەندی نەتەوەیی پێش بەرژەوەندی خۆیانی حیزبی رەچاوبكەن. پارتی و یەكێتی حیزبایەتی رۆچووتە ناو ئێسقانیان لەوانە نییە بتوانەن واز لەحیزبچیتی بهێنن، بەڵام چاوەڕێ نەدەكرا گۆڕان وا زوو بكەوێتە داویی بیركردنەوە لەبەرژەوەندی حیزبی، وامان خەیالأ دەكرد كەئیتر گۆڕان حیزبایەتی تەنگ ناكات !!
زۆر كەس و لایەن باس لەوە دەكەن كە گۆڕان دوای هەڵبژاردنەكانی بەغدا ئیتر جەماوەرەكەی رۆژ دوایی رۆژ زیاتر لەكورتی دەدات، بۆیە گۆڕان تاكو جارێكی تر خۆی بخاتەوە ناو رۆژەڤی جەماوەرەكەیی كەبەشەڕی یەكێتی وپارتی فێركردوون، ئەو ماوەیەیی لەبەغدا پێكەوە هاوپەیمان بوون بۆیە دەرفەتی شەڕە جنێو كەم ببوو، هەندێك خەڵكی تریش هەن دەڵێن ئێران ئەمەی بە گۆڕان كردوە چونكە بارزانی لاینگری عەلاویی و سونەیە بۆیە ئەگەر پارچەببن بەڵكو پاڵدەنە لای شیعەو رەزامەندی لەسەر هەڵبژاردنەوەی مالكی پەسند بكەن و سیناریۆیەكەی ئێران بەسەركەوێت، چونكە گوماندەكرێت گۆڕان ئەم بڕیارەی بەئیرادەیی خۆی نەدابێت بەڵكو لەژێر فشاری هێزە هەرێمیەكان دابێتی.
گۆڕان و دۆڕانی بزووتنەوەیی گۆڕان لەوە دایە كەتاچەند بەرژەوەندی گشتی رەچاو دەكەن هەمانكات تاچەند لایەنی نەتەوەیی خۆیان بەبنەما دەگرن چونكە بەشێوەی ئێستایان زۆر هەرێمچین، لەسیاسەتی كوردیش باوی هەرێم چیەتی نەماوە، بەڵكو سیاسەتی نەتەوەیی زیاتر روو لەپێشە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا گووتاری گۆڕان گووتارێكی هەرێمی و تەنگە ئەم گووتارەشی پێی دەداتە دۆڕاندن نەك گۆڕاندن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

