خاڵم مرد...
13/10/2013, 12:00 (GMT+1)

خاڵم لەژیانی پۆلیسیدا هەر عەریفێکی ٣ خەت بوو لەبەر ئەوەی هەرکاتێک پارتی ئەمری پێ کردوە تفەنگێکی بۆ پارتی بردووە تا مردیش نەبووەخاوەنی پلەی ڕەئیس عورەفا، خاڵم وەک هەر پێشمەرگەیەکی قووربانی دەستی ماڵی بارزانی لەئاش بەتاڵەکەی ساڵی ١٩٧٥ تەسلیم دەبێتەوە بەڵام خاڵم لەجیاتی چەکە سیمینۆفەکەی شانی کۆنترین و ژەنگاویترین بڕنەوی درێژ تەسلیم دەکاتەوە.
خاڵم وەک هەر کەسێکی تر دوای ئاشبەتاڵەکە دەکرێتەوە بە پۆلیس و ڕەوانەی شارۆچکەی ئەسکەندەریەو مەحموودیەی نزیک بەشاری بەغدادی دەکەن وەک سوکایەتی پێکردن بە پێشمەرگە بەعس دەیکات بە حەرەسی بەردەرگای نادی و مەلهاکان کەچی هەر لەو کاتەدا بنەماڵەی بارزانی لە کەرەجی تاراندا لە ڕاقی ترین خانوودا نیشتەجێ دەکرێن وەک ئەوەی نە بایان دی بێت نە باران.
خاڵم حەماڵی کرد نەمام فرۆشی کرد بە سەرمای چلەی زستان بەقرچەقرچی هاوین بەعەرەبانەیەکەوە کۆڵانی شاری سلێمانی نەما هاواری تیا نەکات وەرن کەوەرتان بەمێ کەوەری گەڵا پان ، وەرن بۆ کەرەوز، وەرن بۆ سڵقی ناسک ، وەرن بۆ نێرکەپیاز بۆ کەلانە ، وەرن بۆ توور بۆ کوزەڵە ، وەرن بۆ شیووت ، وەرن بۆ تەڕەتیزەی جوان وتازە ،وەرن بۆ تەرخوون بۆ زەڵاتە ، وەرن باینجانتان بەمێ بۆ یاپراخ ، وەرن بۆ خەیاری گوڵ بەدەم خاڵم هەتامردیش ئەودەزگایەی ناوی دەزگای شۆڕشی ئەیلوولە تەنها بە ٢٥٠ هەزاری بریمەری خانەنشینیان کرد لەپرسەکەشیدا نەنوێنەری بارزانی بوونی هەبوو نەلەڕاگەیاندنەکانی پارتیشەوە هەواڵی کۆچی دوایی (کەریم عەبدوڵا ئەمین) بڵاوکرایەوە.
خاڵم هێندە ئالوودەی ماڵی بارزانی بوو ئاخر کوڕی ناونا (ئیدریس) خاڵم لەهەموو ژیانیدا کرێچی بوو خاڵە بەناو پێشمەرگەکەم لەدواڕۆژەکانیدا لەخانوودا نەمرد بەڵکو لە ژێر زەمینێکی کرێدا ئاخر هەناسەی دا خاڵم مرد ئەوەی بەجێی هێشت تەنها کارتی خانەنشینەکەیەتی.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

