بەقاچاخبردنى نەوت بەردەوامەو ئێمەش وەكو سواڵکهر لەسەرەداین بۆ بەرمیلى بایعى..
06/08/2010, 12:00 (GMT+1)

بەڵام پێویستە ئەم دەسەڵاتە خۆ دەوڵەمەندكەرو خۆپەرستەى كوردستان، باش ئەوە بزانێت كە ئێمەى خەڵكى كوردستان نە نابیاین و نە كەڕین و نە لاڵین، چاومان لەو هەموو تەنكەرانەن كە شەوو رۆژ، بەرەو باشماخ و سنوور دەچن، شۆفێرى ئەو تانكەرانە خەڵكانێكن و یان سۆرانى یان بادینانى یان عەرەبن و دانیشتووى ئەم عێراقەن، خزمو كەسوكارى ئێمەن، ئەوان ئەزانن ئەم تەنكەرە نەوتانە لە كوێوە بەرەو كوێ دەچن، مانگى چەند مووچەیانە، ئایا بە رەسمى و فەرمى یان بە قاچاخ دەچن بۆ دەرەوەى وڵات و داهاتەكەى بەرەو گیرفانى كێ دەچێت.. لەنێوان تەسریحاتى وەزیرى سامانە سروشتى و دارایى و سەرۆكى حكومەتدا سێ جۆر لێدوان بەدیدەكرێت و هاوسانگ و هاوڕا نین.. كاتێك وەفدێكى ئەمەریكى دەچێتە پێنجوێن و باشماخ، بە فەرمانى بەڕێوەبەرانى باشماخ ئاراستەى ئەم تانكەرانە دەگۆردرێت و دوور لە چاوى ئەمەریكییەكانەوە رایاندەگرن.
ئەم دیاردەى بە قاچاخ فرۆشتنى نەوتى كوردستانە تازەو نوێ نییەو چەند ساڵێكە بەو رێگایەدا سەفەر دەكەین و دەیانبینین و رێگاى هاتووچۆى ئەو باشماخە (كە خۆى یەك سایتە) تەواو وێرانەو تەنانەت لە داهاتى ئەو نەوتەش رێگاو بانەكە چاك ناكرێت و رۆژانە رووداوى دڵتەزێن روو دەدەن و هێندەى ئەنفالێك خەڵكى ئەم نیشتمانەى بە مەرگ سپاردووە.
ئەم دوو حزبە بەرپرسیارێتییان هەیە بەرامبەر بە مێژوو كە ئیدارەیەكى ناشەفاف و نادیموكراسى و تاكڕەوییان هێنایە گۆڕێ و مۆنۆپۆڵكردنى سامانى هەرێمیان ئەفراندو شێوەى دیكتاتۆرەكان لەسەر وشەو وتارێك گەنج و جوانیان تیرۆر كرد، لەسەر خۆپیشاندان و مانگرتنى ئاشتییانە فیشەكى گەرمیان لە جەستەى ساردى لاواندا رێژنەباران كرد.. توێژو چینەكانى ئەم كۆمەڵگایە ماندوون و دەناڵێنن، مامۆستاو كارمەندو خوێندكارو كرێكارو جوتیارو شوان و گاوان و باخەوان و تەنانەت پۆلیس و پێشمەرگەو پاسەوانەكانیش ئاسوودە نین.. ئەوان لەبەردەم خواى مەزنیشدا، روویان زۆر سوور نییە، چونكە نە منداڵان و نە پیران و نە ژنان و نە لاوان و نە قەیرەو نە كەمئەندام و نە نابیناكانى ئەم كوردستانە هەتیوە ئاسوودە نین و بە هەزاران هەزار دەردەدڵ و خەم و پەژارەیان لە ناخدایە.. نەك هەر ئەوەندە بەڵكو هەموومان (زۆرینەى دانیشتوانى كوردستان) دووچارى خەمۆكى و بێئومێدى و رەشبینى و هیستیریاو تووڕەیى و تەنیایى بووینەتەوە.
بەرپرسانى ئەم كوردستانە بێكەسە، دەبێًت ئەوە باش بزانن، كە هەموومان ئێستاكە واتە ئەو زۆرینەیەى كە بێ پشتوپەناو بێكەس و هەژارین بووینەتە چاوو كامێراو ئاشكراكەرانى گەندەڵى و دزى و گزى و ناهەقى ئێوە دەرهەق بە میللەت و گەلى سەربەرزى بەشمەینەت و هەتیوى كوردستان. هەرچەندە هەوڵبدەن دەنگ و رۆژنامەو گۆڤارو میدیاى ئۆپۆزسیۆن كپ و بێدەنگ بكەن بەڵام چاكبزانن كە لەم سەردەمى عەولەمەیەدا، دەیان و سەدان پەنجەرەى ئازادو سەربەستمان هەیە كە لەوێوە دەردەدڵى خۆمان لەدەست رەفتارو كردەوە ناجۆرو ناهەقییەكانتان دەرببڕین و ئێمەى كورد هەرگیز، ملكەچى و بێدەنگى و تاریكیمان قبوڵ نییە، ئێمە وێڵین بە دواى رووناكیداو لە رووناكیشدا حاكمى رووناكمان دەوێت.
* كۆمەڵناس.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

