<

دزی رۆژنامەگەرى بەمۆدیلی پیاوەكانی ستران عەوڵا!

24/12/2009, 12:00 (GMT+1)
هێنانی ستران عەوڵا بۆ كوردستانی نوێ‌ بەمەرج بۆ دژایەتی كردنی كاك نەوشیروان مستەفا و بەرەی گۆڕان، هەر زوو سیاسەتی یەكێتی بەرامبەر دۆڕانەكەی لەشاری سلێمانی ئاشكرا كرد. مەرجی ستران عەوڵا جگە لە ئیمتیازاتی زیاتر، پەردەپۆشكردنی ئەو گەندەڵیانەش بوو لەلایەن دەسەڵاتەوە كە لە دەزگای خەندان كردبووی -هەروەك گۆڤاری لڤین لەدواژمارەی خۆی وردەكاریەكانی گەندەڵیەكانی سترانی عەوڵای لە دەزگای خەندان بڵاو كردۆتەوە- مەرجی یەكێتیش بۆ ستران عەوڵا، دژایەتی كردنی سەختی گۆڕان بوو ئەگەرچی بە چەكێكی سوكی وەك جنێو بێت، یان روونتر ستران هەموو ئەو بابەتانەی لە شەڕی ناوخۆدا دژی پارتی و بارزانی نوسیویەتی، سەرلەنوێ‌ بڵاویان بكاتەوەو بەیەك ئیعاز هەموو پارتیەك بكاتە گۆڕان و بارزانیش بگۆڕێ‌ بۆ نەوشیروان مستەفا!.
دوا مۆدیلی دزی لە فەرهەنگی ستران عەوڵادا دوای ئاشكراكردنی گەندەڵیەكانی لەلایەن گۆڤاری لڤینەوە، دزینی ئەو وتار و بابەتانەیە كە لە سایتە روو زەردەكانەوە دژ بە كاك نەوشیروان بڵاودەكرێنەوە، ئەگەر نوسەر رەزامەند بوو خێر عەلا خێر، ئەگینا ناوەكە و مانشێتەكەی ئەگۆڕن و سەرلەنوێ‌ لە كوردستانی نوێ‌ بڵاوی ئەكەنەوە ئەم رەفتارە سوكەش بە حەربا بەناوبانگەكەی كوردستانی نوێ‌ واتە -محەمەد كەریم- سپێردراوە.
بۆنمونە هەڤاڵ نەورۆز وتارێكی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە سایتی شەقڵاوە پۆست بڵاوكردووەتەوە، بەڵام كوردستانی نوێ‌ لە لاپەڕەی بیرورادا هەمان وتاری لە 27ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بڵاوكردۆتەوەو دەستكاری ناونیشانەكەیشی كردوە و زۆر بەزۆڵانە ناوی نوسەرەكەیشی گۆڕیوە بۆ بەختیار ساڵح- سوید. محەمەد كەریمی بەرپرسی لاپەرەی بیرورا كە ئێستا بۆتە دەمهەراشی كوردستانی نوێ‌ بۆ نوسین لەسەر كاك نەوشیروان مستەفا، ویستویەتی بەدزییەك چوار چۆلەكە بەبەردێ‌ بكوژێ‌!
-بەخوێنەر بڵێ ئێمە لە سویدەوە بابەتمان دژ بەگۆڕان بۆ دەنێردرێت!
-لاپەرەكەیشی پێ‌ پڕ بكاتەوە.
- دڵی ستران عەوڵا رازی بكات كە لاپەرە بەبێ‌ بابەتی دژە گۆڕان ناڕوات
-ناوەكەیشی بەمەیلی خۆی گۆڕیوە تا هەر خۆی پاداشتەكەشی لوش بدات.
ئاخر محەمەد كەریم تا نەكرابووە سكرتاریەتی نوسین هیچ وتارێكی دژە گۆڕانی نەنوسیبو، بەڵام بەو بەڵێنە ئەو پۆستەی درایێ‌ كە بەناوی خۆی و زۆرجارانیش بەناوی خوازراوەوە وتار بنوسێ‌.
لەخوێنەر ئەپرسم ئاخۆ ئەمە پیشەی چەندەمینجاری حەمەكەریمی پیاوەكەی ستران عەوڵا بێت؟ ئەم رەفتارە دزێوەش هەر لە ئەوان ئەوەشێتەوە!!

-لە سایتی شەقلاوە ناونیشانی وتارەكە
http://www.shaqlawapost.com/forums/showthread.php?t=7501


ناونیشانەكەی لە كوردستانی نوێ

http://www.knwe.org/Direje.aspx?Cor=2&Besh=Witar&Jimare=62




ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست