<

چۆن بە زۆر كردیانن بە گۆڕان ؟

30/11/2009, 12:00 (GMT+1)
جاران لە زەمانى بەعسدا , كە موستەشارێك ئەچوو بۆ كردنەوەى فەوجێك , لیستێكى ئەبردو پێنج سەد كەسى ئەنوسى لە خزم و ناسیاوى خۆى و جارى وابوو مردوەكانیشى ئەنوسى و یەكسەر فەوجێكیان ئەدایەوە و ناوى شێخێكیان ئەخستە پێش ناوەكەیەوە و ناوى عەشرەتێكیان ئەخستە دواى ناوەكەیەوە , لەم دواییەشدا یەكێتى و پارتى و بگرە حیزبەكانی تریش هەمان ئیشیان دوبارە ئەكردوە , بەڵام ئەمان چەكدارى نەبوو بەڵكو ڕێكخستن بوو , بە لیستێك ئۆرگانێك زیاد ئەكرا , جارى وابوو ناوى ئامادە بوان و ناوى ناو لیستەكە زۆر جیاوازبوو بەڵام گرنگ ژمارەیە نەك ناو , من كەسێكى پارتیم و هەتا ئێستاش كە ئەمە ئەنوسم هەر پارتیم و قەتیش یەكێتى نەبووم و ناشبم بە یەكێتى , بەڵام لەبەر ئەوەى هەر لە كۆنەوە یەكێتى لەم ناوچەیەى ئێمە بوە ناچارین هەندێ ئیش هەیە پەنا بۆ ئەوان بەرین , چونكە حیزبەكەى خۆم لێرە بێ دەسەڵاتە و بگرەمیوانیشە ,گوندەكەمان هەندێك كەم و كوڕى هەبوو دەمێك بوو بەڵێنمان پێ درابوو هاوكاریمان بكەن بۆ تەواو كردنى ئەو كەم و كوڕییانە , هەندێك لە پیاوانى گوند كۆبوینەوە بۆ ئەوەى داواكارییەكان بنوسین و بیكەین بە ڕاپۆرت و بیبەین بۆ لاى لێپرسراوێك ,بە هۆى كەسێكەوە مواجەیەكى كاك كۆسرەتمان بۆ وەرگیرا , هەر ئەو پیاوانەى لە كۆبونەوەكەدابەشدار بوین چوینە لاى كاك كۆسرەت , ئەوهەندێ قسەى بۆ كردین و باسى یەكێتى بۆ كردین ,و دوایش هەندێك باسى گۆڕانى بۆ كردین , بەڵام ئێمە ئەوە كێشەمان نەبوو , چى ئەڵێ با بیڵێ , ئێمەش هیچمان نەوت بێجگە لە داواكارییەكانى خۆمان و بە ڕاپۆرت دامانێ , كەسێكمان لەگەڵ بوو كە ئەو كۆبونەوەكەى ڕێكخست بوو وە هەر ئەویش مواجەكەى كۆسرەتى بۆ وەرگرتبوین ,ناوى كویخا مەحمودە وا بزانم ئەو ژێر بە ژێر لەگەڵ كۆسرەت باسى ئەوەى كردبوو كە گوایە ئێمە گۆڕانین و هاتوین تەسلیم بینەوە , لیستێكى بەناوى ئێمە و ژن و كچ و كوڕەكانمانەوە كردبوو كە ئەوەندە كەسى گۆڕانى لەگەڵە و هاتوین تەسلیم ئەبینەوە , خوا پێم نەگرێ هەر وەكو فەوجەكەى جاران پارەشى لەسەر ئێمە وەرگرتبوو , بە هەر حاڵ ئێمە بەم كەین و بەینەمان نەزانیبوو , شەو ووتمان سەیر بكەن ئێستا ئێمە نیشان ئەدات بەڵام كە گویمان لە هەواڵەكە بوو , وەكو ئەوەى ئاوى ساردم پیا بكەن سارد بومەوە , ووتم ئەى لەوە ئێمە بۆچى چوین و چیمان پێ ئەڵێن , تەلەفونم كرد بۆ كویخا محمود ووتم ئەرێ كاكە ئێمە بۆچى چوین و چیمان پێ ئەڵێن , ووتى كاكە وازبێنە ئەم كەرانە بەم جۆرە شتانە هەڵئەخڵەتێن ئێستا فرسەتە بەشكم شتێكمان بۆبكەن , چیمان لەكیس ئەچێ , ئەوان ئێمە ناناسن ئێستا وائەزانن من براى نەوشیروانم تا شتێكمان بۆ ئەكەن , ووتم بابە من پارتیم و دواى لاى حیزبەكەى خۆم توشى كێشە ئەبم چونكە من ناتوانم خیانەتیان لێ بكەم , ووتى كوڕە ئەوە چیە من مەلا فەرەیدونى خوشكەزام هێناوە ئیسلامى كوڕى ئیسلامیە و بەقەد ئوسامە بن لادن ئیسلامیە كەچى ئەویشم كردوە بە گۆڕان , ئەو بێجگە لە خوا بڕواى بەكەسى تر نیە , لەبەر من بۆ ئەوەى قەرەباڵغ بێت لەگەڵ خۆم هێنا بووم , ووتم وەرە كۆسرەت پارەمان ئەداتێ , كە ئەمەم گویێ لێ بوو بەزەییم بە حاڵى كۆسرەت و ئەو یەكێتیەدا هاتەوە چۆن بۆتە گاڵتە چى ئەمانە وچۆن بەناوى گۆڕانەوە ئەو یەكێتیەى جاران تەقڵەى بە فیل لێ ئەدا هەڵئەخڵەتێنرێ , شەوى وایە دەكەس پیشان ئەدات ئەڵێ چوار سەد كەسى گۆڕان هاتونەتەوە , تومەز هەر وەكو فەوجەكانى جاران لیستێك بەرەو پارەى خۆت وەربگرە و فەوجێك بكەرەوە , قەسەم بە گەورەیى خوا من چەند گۆڕان بووم ئەوانەشى كە ئەچنەوە بەقەد من گۆڕان بون , من وەكو خۆم هەتا ئێستا بێجگە لە پارتى بڕوام بە هیچ حیزبێكى تر نیە كەچى بە وزۆر كردیانم بە گۆڕانیش , ئاوا كرام بە گۆڕان بە حساب من یەكێكم لە تەسلیم بوەوەكان , بۆیە ئەم ئیعترافەم بۆ نوسین بۆ ئەوەى كەس لە خشتە نەچێ و وا نەزانێ هەرچى گۆڕانە ئەگەڕێتەوە , هەر ئەمەى من بخوێنەوە ئیتر بڕوا ئەكەن كە یەكێتى سەرى لێ تێكچوە و نازانێ چى بكات , ئەبێت یەكێتى بزانێ پەتى درۆ كورتە و بێجگ لەڕووڕەشى هیچى تریان بۆنامێنێتەوە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست