كەمال رەئوف ئاواتەكەى رۆژنامە ئەهلییەکانی هێنایە دی!
07/11/2011, 12:00 (GMT+1)

دیارە بۆ خەڵكێك كە كەمال رەئوف و ئەوانى تر بناسێت، بڵاوكردنەوەى ئەم هەواڵەى بەلاوە شتێكى چاوەڕوان نەكراو نییە، چونكە كەم كەس هەیە هێندەى كەمال رەئوف حەزى لەخۆدەرخستن و خۆ بەشت زانین و خۆ نمایش كردن و چوونە بەردەرگاى مەسئولەكان بێت، بەمەرجێك ئەم كەمال رەئوفەى كە خۆى كردووە بەدەمڕاستى رۆژنامەگەریى ئەهلى و خۆى بە"محەمەد حەسەنین هەیكەل"ى رۆژنامەگەرى كوردى دەزانێ، ئاستى تێگەیشتن و زانیارى لەئاستى رۆژنامەنووسێكى هاكەزایى تێناپەڕێ. ئەو كە رۆژێك دەچێت بەناوى كتێبخانەى هاوڵاتییەوە پارە لەدكتۆر بەرهەم وەردەگرێ و هەر رۆژە ناڕۆژێكیش سەرێك لەگردەكەى گۆڕان دەدا و شاگەشگەیە بەوەى كە وا بڕیارە بچنە خزمەتى مەسعود بارزانى، چۆن شانازیى و كە شوفش بەبینینى تاڵەبانییەوە ناكات؟
وا چاك بوو كەمال رەئوف و سەرنووسەرى رۆژنامە ئەهلییەكان لەبرى ئەوەى رۆژنامەگەرى ئەهلییان بكردایە بەئامڕازى خۆدەرخستن و خۆنمایش كردن و ناسینى ئەم مەسئول و ئەو مەسئول، دەبوو كراسێكیان لە پیاوێكى گەورەى وەك (عەلى شەریعەتى) دابڕیایە، كە وەختى خۆى بەشێك لە هاوڕێكانى هانیاندا لەگەڵیان بچن بۆ شا و كاربەدەستە باڵاكانى ئەو كاتى ئێران ببینن، پێیوتن:
"من دانیشتنم بەدیار فنجانێك قاوەوە لە دانیشتن و بینینى سەر و فەساڵى ئەو كاربەدەستانە پێخۆشترە".
دەبوو كەمال رەئوف و ئەوان وەك كەناڵەكانى یەكێتى (PUK میدیا و گەلى كوردستان و كوردسات) بایەخێكى ئەوتۆیان بەم دیدارە نەدابایە، هەر هیچ نەبوایە ئەمانیش دانەبەزینایە بۆ ئەم ئاستە نزم و پڕ لەشەرمەزارییە و شانازى و كەشو فشیان پێوە نەكردایە، بەڵام دیارە "لەم قوڕە هەر ئەوەندە تۆزە هەڵئەسێت".
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

