یەكێتى جەمال عەبدوڵا دەكات بە ئەندامى مەكتەبى سیاسى
11/08/2010, 12:00 (GMT+1)

بەپێى هەواڵەكە لە سەر تەزویركردنى مۆر و ئیمزاى ڕەسمى فەرمانى دەسگیركردن بۆ جەمال عەبدوڵا، دەركراوە، (خوایە یاسا سەروەر بێت) ئەگەرچى دەبوایە پێشتر فەرمانى دەسگیركردن بۆ جەمالى درۆزن دەربكرایە، بەڵام هەر چۆنێك بێت ئێستاش عەیبى نییە، بەداخەوە لە كاتێكدا گشت لێپرسراوانى یەكێتى دەزانن، ئەم جەمال عەبدوڵا یە هیچ قیمەتێكى ڕۆژنامەنووسى و كۆمەڵایەتى نییە و لە هەموو ڕویەكەوە كەسێكى بێزلێكراوە و تەنانەت خەڵكى بە قسە ڕاستەكانیشى بڕوا ناكەن، كەچى هەندێك كەسى بێ مۆڕاڵى ناو یەكێتى پشگیرى جەمال عەبدوڵا دەكەن و پارەى بۆ سەرف دەكەن بۆ ئەوەى جنێو بە خەڵكى بدات و گوایە گۆڤارێك دەردەكات و ناوى ناوە (بەڵگە) بەڵام بەڵگەكانیشى تەزویر و دروستكراو دەرچوون.
سەرەتاى ئەم ساڵى(2010)یە بو كاتێك ژمارەیەك لە كادیرانى ڕاگەیاندنى یەكێتى (ماستاوچی) لەمەكتەبى ڕاگەیاندن و لە ژورەكەى ئازادجوندیانى(ئەوكاتە جوندیانى و كۆمەڵێك ماستاوچی بۆ فێربوونى عیلم و مەعریفە سەردانى وڵاتى چینیان كردبوو) لەگەلأ (ئەرسەلان بایز) دا كۆبوونەوە، یەكێك لە ئامادەبوان كە لە پیاوانى (مەلا بەختیار) بو وتى: (لەگەلأ دەرچوونى هەر ژمارەیەكى گۆڤارى بەڵگە كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس و خەڵكى ڕۆشنبیر لە یەكێتى دەتۆرێن و ئەم گۆڤارە جگەلە دوورخستنى خەڵكى لە یەكێتى هیچ خزمەتێك بە یەكێتى ناكات). لە بەرامبەردا ئەرسەلان بایز تەنیا سەرێكى بۆ لەقاند و هیچى نەوت.
ئێستاش كە بڕیارى دەسگیركردنى جەمال عەبدوڵا دەرچووە، من گومانم هەیە یەكێتى ئەم دزو درۆزنە تەسلیم بە دادگا بكات،چونكە پێشتریش لە سەر دزینى(18)ملیۆنو (750)هەزار دۆلار فەرمانى دەسگیركردنى عومەر مورتاح دەرچووە، بەڵام یەكێتى لە گاڵتەجاریەكەى سێیەمدا لە جیاتى دەركردن و دادگاى كردن كاكە مورتاحى كردەوە بە كارگێڕى مەكتەب سیاسى، یاساش با هەر سەروەر بێت!
بەپێى ئەو نەزەریەى ئێستا لە ناو ڕیزەكانى یەكێتیدا پەیڕەو دەكرێ، سەرەتا جەمال عەبدوڵا دەبێتە ئەندامى تەمبەلأخانەكەى ئەنجومەنى ناوەند و دواتریش مامەگیان ئەگەر تەمەن رێگەى دا ئەم كاكە جەمالە دەكات بە ئەندامى مەكتەبى سیاسى، چونكە پێویستیەكى زۆرى بەم دز و درۆزنانە هەیە، هەم بۆ بەرگیرى و وەڵامدانەوەى ڕۆژنامەنووسان و هەمیش بۆ دزى پێكردن، چونكە عومەر مورتاحیش (18) ملیۆن و (750) هەزار دۆلارەكەى بۆ مامەگیان دزى بوو، دەنا چۆن دەكرا بە كارگێڕى مەكتەب سیاسیەكەى جەلال تاڵەبانى؟!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

