هەڵبژاردن و ئەگەرەكانى ساختەكردن
21/06/2009, 12:00 (GMT+1)

ئەوەى گرینگە خۆمانى لێبەدەنگ نەكەین دووبارە بوونەوەى هەمان سیناریۆیە كە ئەگەرى هەیە لە هەرێمى كوردستانیشدا روو بدا ,ئایا چ گەرەنتییەك هەیە كە دەسەڵاتى كوردیى كە خاوەنى سەرجەم داهاتى كوردستانەو بریاردەرى لیستى كوردستانییە كار بۆ ساختە كردنى دەنگەكان ناكات ؟ ئەوەى لە ئێران بینیمان لە نێوان ركابەرەكان بە تایبەت موسەوى و نەژادى لە رووبەرووبوونەوە تەلەفزیۆنییەكان ئەگەرى هەیە ئەمە نەك نەكرێت لە هەرێمى كوردستاندا لە نێوان كاندیدەكانى سەرۆكایەتى هەرێم بەڵكو باسیشى لێوە نەكرێت ,ئەگەر چى كاركردنى ریفۆرمخوازەكانى ئێران بە ئاشكرا تۆمەتى گەندەڵى و شكستى سیستمى دەسەڵاتى نەژادییان بە ئاشكرا باس لێوە دەكرد و بەڵام پاش هەڵبژاردنەكان وێنەیەكى نائاساییمان بینى بەئاشكرا هەست بەو دەكرا هێندە ساختە كراوە لەو هەڵبژاردنەدا بێ وێنە بووە.
چ گەرەنتییەك هەیە لەوەى زۆرێك لەكارمەندانى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان لە لایەن مەڵبەند و لقەكانەوە دانەنراوە؟ هەروەك لە هەڵبژاردنى پێشووتردا بینیمان ,دەستێوەردانى حیزب بووە هۆى ئەوەى كەسانى بەرپرس و باڵادەست لە كۆمسیۆن دابنرێت و ئیش بۆ هەوادارانیان بكەن ,ئەشێ ئەمە ئاسایی بێت لاى دەسەڵاتى كوردى بەڵام ئەوەى جێگاى نیگەرانى و نەنگییە تا هەنووكە گومانى ئەوە دەكرێت كە ئەگەرى توندوتیژى هەبێت ,هەرگیز لەتەك توندوتیژى وزەبرو زەنگ نیم بەڵام ئایا ئەگەر توندوتیژى بكرێت و رەوتى هەڵبژاردن بگۆرێت لە قازانجى كام لیستە؟ لە كاتێكدا خاوەن ئاسایش ودادگا لەناو خودى حیزبدایە و حیزب پێش یاسا هەڵوێستى خۆى دەبێت .
گومان هیچ لەوەدا نییە كە هەڵبژاردن خۆى لە خۆیدا هێمایە بۆ بوونى دیموكراسی و رێزگرتن لە بیروراى جیاواز و دەنگ و رەنگى و لیستى جیاواز بەڵام تەنیا گرینگ هەر ئەوە نییە هەڵبژاردن بكرێت هەروەك بینیمان كۆمارى ئیسلامى ئێران هەڵبژاردن دەكات و بەئاشكرا ساختەكارییەكانى لەپشت هەڵبژاردنەوە دەشارێتەوە ئەوەى گرینگە سەرجەم پرەنسیپەكانى دیموكراسی لە هەڵبژاردندا پراكتیزە بكرێت و چاوەڕوانى ئەو دەنگ ورەنگە جوداخوازانەبین كە بە پرۆژەگەلێكەوە ریكلامى خۆنوێكردنەوەیان دەكەن و بە ئومێدێكى زۆرەوە باس لە باشتركردنى دۆخى هەرێمى كوردستان و كار بۆ نەمانى گەندەڵى و گەڕانەوەى بەها بۆ تاكى كوردیى دەكەن.
ئەوەى ئەم هەڵبژاردنەى 25/7/2009 جودا دەكاتەوە لە هەڵبژاردنەكان دى لە هەرێمى كوردستاندا بوونى لیست و قەوارە گەلێكى جودایە چ جاى ئەوەى ركابەریى سەرۆكایەتى هەرێمیش هەڵبژاردنەكە جوانتر دەكات و ئەگەرى ئەوەیش هەیە پرۆسەى هەڵبژاردن بە ئاكارێكى جودادا گوزەر بكات كەدوور بێت لە ئەو پێشبینییانەى بە گومانەوە لێى دەڕوانین.
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

