رۆژنامە خەبات دژی سەربەخۆیی كوردە لە عێراق
11/03/2010, 12:00 (GMT+1)

ئەم رۆژنامەیە وا خۆی نیشاندەدات رۆژنامەیەكی كوردی یەو ئۆرگانی حزبێكی خەباتكارە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كەچی لەم هەواڵەدا كە لەرۆژنامەكەدا لە بەرواری 11/3/2010دا لەلاپەڕە یەكدا بڵاوكراوەتەوە تێیدا مقابەلەیەك لەگەڵ د.ئیبراهیم جەعفەری كراوە كە تێیدا جەعفەری ئاماژە بەوە دەكات هەل بۆ كورد رەخساوە سەربەخۆی رابگەیەنێت، بەڵام كورد خۆی ویستی ئەو سەربەخۆییەی نەبووە، ئەم رۆژنامەیە بەمانشێتێكی گەورە لەنێوەڕاستی لاپەڕەكەیدا بڵاویكردۆتەوەو ئەمەش لینكی هەواڵەكەیە كە لەمان رۆژدا لە سایتی خەبات بڵاوكراوەتەوە:
http://xebat.net/article.php?id=28660
ئەمەش دەقی هەواڵەكەیە:
ئیبراهیم جەعفەری: دەستوور مافی جیابوونەوەی بە كورد داوە، بەڵام گەلی كورد ویستی جیابوونەوەی لە ئێراقدا نییە
[19:36، 10 Mar 2010]
لە دیدارێكدا لەگەڵ نیقاشدا، ئیبراهیم جەعفەری سەرۆك وەزیرانی پێشوو و ئەندامی ئیئتیلافی نیشتمانی ئێراقی و یەكێك لە كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، ئەوەی نەشاردەوە كە هاوپەیمانیەتیەك لە نێوان ئەوان و دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی سەرۆكك وەزیرانی ئێستا، لە پاش دەرچوونی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بێتە ئاراوە. لەبارەی هاوپەیمانی لیستەان لەگەڵ لیستی دەوڵەتی یاسادا گوتی: قەنعەتێكی بەهێزەو پەیوەندی بە بیروباوەڕە نیشتمانییەكانمانەوە هەیە، ئێمە دەمانەوێت نوێنەرایەتی گەلی ئێراق بكەین بە هەموو پێكهاتە جیاوازەكانیەوە. دەستوور مافی كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی داوە بە گەورەترین كوتلەی نێو پەرلەمان بەو پێیەی بەرزترین پۆستی دەوڵەتە، بەڵام ڕەزامەندی لەسەر ئەو كاندیدە تەنها لە ڕێی كوتلەكەی خۆیەوە نابێت، بەڵكو پێویستە هاوپەیمانێتی ئەنجامبدات و ببێتە خاوەنی قەبارەیەكی نیشتمانیی كە توانای موسادەقەكردنی هەبێت لەسەر ئەو كاندیدە، بۆیە گرنگە هاوپەیمانێتی لە نێوان كوتلە جیاوازەكاندا بێتە ئاراوە. لەبارەی كاریگەری ئەو هەڵبژاردنە بەسەر نەخشەی سیاسی ئێراق، باسی لێوەكرد كە گۆڕانكاری ڕوودەدات، بەڵام لەو باوەڕەدانیم هاوكێشەكان تەواو بەسەریەكدا بگۆڕێت. دەربارەی سیستەمی سەرۆكایەتی لە بڕی سیستەمی پەرلەمانی، جەعفەری گوتی: بەڕای من یەكێك لە خاڵە كارەساتاوییەكان لە قۆناغی ڕابردوودا هەڵبژاردنی سیستەمی پەرلەمانی بووە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، چونكە سیستەمێك لەسەر موخاسەسە بنیاتبنرێت، ئیرادەی گەل كەم دەكاتەوە لە ڕێی دوورخستنەوەی تواناكان و ئەمەش دژی دیموكراسیەتە، من پشتگیری سیستەمی سەرۆكایەتی دەكەم. لەبارەی هەوڵەكان بۆ گۆڕینی دەستوور، جەعفەری گوتی: گۆڕینی دەستوور پەیوەندی بە گەلەوە هەیەو ئەوان گەشەی پێدەدەن بەڵێ ڕەنگە ئێمە لە قۆناغی داهاتوودا ئەو داوایەمان هەبێت. لەبارەی كێشەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئایا گەورەبوونی زیاتری ئەو كێشانە پاڵ بە كورددا دەنێت دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنن؟ جەعفەری گوتی: دەستوور ئەو مافەی پێیانداوە، بەڵام من پێموایە سەركردایەتی كورد باش دەزانن گەلی كورد ویستی جیابوونەوەی نییە لە گەلی ئێراق، گەر لە ڕابردووشدا كارێكی لەوجۆرە هەبووبێت، ئەوە كاردانەوە بووە بەرامبەر بە حكوومەتە دیكتاتۆرییەكان، بەڵام لەمڕۆژەدا گەلی كورد لە پاڵ گەلەكانی دیكەی ئێراق وەستاون، لەهەمانكاتدا سەركردەكانیان لە ڕیزی پێشەوەی بەرپرسیارێتییەكاندان، بۆیە ئەگەری جیابوونەوە نییە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

