پۆڵا سەعید تەسلیم بە ڕژێم بۆتەوە
04/01/2010, 12:00 (GMT+1)

کاک پۆڵا لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردودا چەند جارێک لە کوردستان پۆست زویر بو ، بەهیمەتی دڵە گەورەکەی کاک کەمال جەمال موختار گەڕایەوە ڕیزی شۆڕش . ئەم ڕیزی شۆڕشە شتێکم دەهێنیتەوە یاد :
لەسەردەمی بەعسدا ئەگەر پێشمەرگەیەک هەوڵی تەسلیم بونەوەی بدایە ، لەپێش ئەوەی تەسلیم ببێتەوە پەنای بۆ تاوان و خیانەت دەبرد و لەگەڵ خۆیدا شیرینی بۆ ڕژێم دەبردەوە ، لەبۆسەیەکدا یان لەپیلانێکدا بۆ هاوڕێ گیانی بەگیانیەکانی نامەردانە لەپشتەوە تەقەی لێدەکردن یان لەهەڵمەتێکی ترسنۆکانەدا لەکاتی خەودا چەکی دەکردن . ئەم نوسینەی کاک پۆڵام لە کوردستانی نوێدا وەک ئەو چەکدارە ترسنۆکەم دێتەوە بەرچاو لەپێش تەسلیم بونەوە وەک خەڵات و پاکانە بۆ حزوری ڕژێمی برد و جەستەی دەخستە بەردەم کۆشکی تاوانیان و لەو جیهانی تاوانەدا ڕابردوی دەسوتاند و داهاتوی ئاوێتە دەکرد .
کاک پۆڵا لە ڕابردودا یەکێک بووە لە نوسەرە چالاکەکانی کوردستان پۆست ، لە سەر ڕوداوەکانی کوردستان بەگشتی بەچاک وخراپ نوسینی هەبوە و یەکێک بووە لە قسەکەرە فەڕمییەکانی ئەو سایتە ، هەر ڕەنگدانەوەی نوسینەکانی ئەویش بووە بەسەر ئەو سایتەوەو تازە ڕەگی داکوتیوە و جێگای خۆی گرتوەو بەلادانی ئەو زێیەکە ڕەوڕەوی ناگۆڕێت و لەبن نایەت .
ئەم نامیلکەیەی کاک پۆڵا لە کوردستانی نوێ دا بڵاوی کردۆتەوە ، بەشێکە لە پاکانە و لەداخوازی و وردە کرنوش و نێتخوازی بۆ باوەش ، لەودیو ئەم تەوەرەوە کە مرۆڤێک بەنامەردانە خەنجەری زۆڵ لەپشتی هاوڕێکانی دەدات ، لەمەودوا موڕاڵ لار دەبێتەوە ودەکەوێتە سەمای گاڵتەجاری ، سقە دەدۆڕێت و بەدەست کەسانی مکرۆبەوە گەمەی پێ دەکرێت ، ئیتر ئەم جۆرە کەسایەتیانە هەرەس دێنن و خۆیان لەجیهانی ڕاڕا دەبیننەوەو بەرگەی پچوکترین ڕوداو بەسەرهات ناگرن . مێشک فرۆشتن ، هەست و وزە فرۆشتن و خۆتەرخانکردن لەبەردەم حەزە نەخۆشەکاندا لەپێناو ژیانێکی کاتی و ڕیسوایی . نوکتەیەکی واقعیم هاتەوە یاد :
ڕۆژێک حەمەسەعید حەسەن لە لێواری قەڵاوە دەڕوات ، کابرایەک ڕوبەڕوی دەڕوات و قسەیەک لەهەناویدا دەبێت و بێ یەکودو بەگوێیدا دەدات و دەڵێت : ئەرێ مامۆستا تۆ کاکە حەمەسەعید حەسەنەکەی جاران نیت کەلەسەر قەراوە دەدرەوشایتەوە ئێستا لە سێبەریدا ڕۆژگار بەڕێ دەکەیت .
کاک پۆڵاش ئەو ئەستێرەیە بو کەلەمەوپێش لەئاسمانی نوسیندا دەدرەوشایەوە ، لەئێستادا کشاو بەناخی زەویدا ڕۆچوو ، بۆ لەمەو دوا گەر بەڕێکەوت و بەخێر لەناو نەمانی باسدا ناوی بهێنینەوە .
سەرنجێک:
کوردستان پۆست نە کۆمپانیایەو نەئەڵقە لەگوێی هیچ گروپ و دەستە و حیزبێکە ، نە دەزگایەکی موخابەراتییە خاوەن نهێنی خۆی بێت ، نە سەنتەرێکە دارایی تیا خەرج بکرێت و تیاشیدا کۆبکرێتەوە ، بەڵکو لەتوانای ئەو هەموو نووسەرانەدایە که ههموو ساڵێک ئەو پارە کەمە تەرخان بکرێت ، لەودیو ئەو پارەوە تواناو وزەی کاک کەمال جەمال موختار و نوسەرەکانێتی ، کاک پۆڵا و ئەوانەی لە کاری ڕۆژنامەی ئەلەکترۆنی دەزانن ئەم حەقیقەتە باش دەزانن ، قسەوباسەکانی کاک پۆڵا لە کوردستانی نوێ دا هەڵبەستراوەو دوورە لە ڕاستییەوە ، تەنها پاکانەی پێش تەسلیم بونەوەیە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

