<

پارتی كەوتە تەقەكردن لە یەكێتی

20/05/2011, 12:00 (GMT+1)
لەوەتەی دانیشتنەكانی پەرلەمان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەستی پێكردووە، پەرلەمانتارانی سەر بەپارتی بە تایبەتی دلشاد شەهاب، كەوتوونەتە باسكردنی كەم و كورییەكانی بودجە و زەمكردنی حكومەت و وەزارەتی دارایی.
لەهەمووی سەیر ئەوەبوو شەوی (20لەسەر21ی 5) لەكەناڵی كوردستانی تیڤی سەر بەپارتی، كە هەتا هەفتەیەك لەمەوبەر كۆمەڵی ئیسلامی و ئەمیرەكەی بە بەعسی و ئێرانیزم وەسف دەكرد، كەچی پەرلەمانتار بیلال سلێمان)ی سەر بە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی دەعوەت كردبوو، ئەویش بە ئارەزووی خۆی كەوتبووە سەر زەمكردنی پرۆژە یاسای بودجەو زەمكردنی حكومەت.
وێرای ئەمانەش، ماوەیەكە راگەیاندنەكانی سەر بەپارتی بەتایبەتی راگەیاندنە سێبەرەكانی، كەوتوونەتە زەمكردنی كابینەی شەشەم و وەسفكردنی كابینەی پێنجەم و ستایشكردنی نێچیرڤان بارزانی، لە كاتێكدا هەموومان ئەو راستییە باش دەزانین كە دیاردەی گەندەڵی و ناعەدالەتی و پێشێلی یاسا لە كابینەی پێنجەمی نێچیرڤان بارزانییەوە رەگی داكوتاوە، بە تایبەتی كە دكتۆر نوری عوسمان سەرۆكی دیوانی پێشوو دەسەڵاتی رەهای هەبوو بۆ پارە بەخشین و پێدانی زەوی، كەواتە نێچیر و كابینەكەی ئەندازیاری گەندەڵی و ناعەدالەتی و چینایەتی بوون.
پارتی بە ئاسانی توانی یەكێتی فریو بدات و بیخزێنێتە ناو شەڕێكەوە كە شەڕی یەكێتی نەبوو. یەكێتی لە ژێر فشاری پارتیدا كەوتە تەقە كردن لە هاوڵاتیان و بەسەربازگە كردنی شارەكان. كەچی ئێستا سەركردەكانی پارتی ئەو كارانەی یەكێتی ئیدانە دەكەن و دژی ئەو كارانەی یەكێتی دەوەستنەوە.
سەرەتا یەكێتی هەر زوو ئێعلانی كرد كە لەگەڵ هەڵوەشانەوەی حكومەتدایە، كەچی لە ژێر فشاری پارتیدا پەشیمان بۆوە و هەڵوەشانەوەی كردە هێڵی سوور، كەچی ئێستا هەر لە لایەن خودی بەرپرسان و رۆژنامەنووسانی پارتییەوە، كابینەی شەشەم بە شكستخوارد و گەنەدڵ وەسف دەكەن.
ئەمانە لە كاتێكدایە كە جێگری سەرۆكی حكومەت سەر بەپارتییەوە و زۆربەی وەزارەت و دەزگا گرنگەكان بە دەست پارتییەوە. بەتایبەتی پرۆژە یاسای بودجە لە ژێر فشار و هەیمەنەی پارتی دارێژراوە و دابەشكراوە، كەچی لە ئێستادا پارتی كەوتۆتە تەقە كردن لە لە یەكێتی و حكومەتەكەی دكتۆر بەرهەمی سەر بە یەكێتی.
ئێمە باش دەزانین كە لە ماوەی ئەو 10ساڵەی كە نێچیروان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوو شتێك نەبوو بەناوی شەفافیەتی بودجەو داتاو پرۆژە، بەڵكو تەنیا بودجەی بەسەر سێ سەرۆكایەتیەكە دابەش دەكرد و لەلایەن پەرلەمانەوە تەسدیق دەكرا.
ئەمانە هەمووی ئاماژەن بەوەی كە پارتی دۆست و دوژمنی هەتا سەری نییە و شتێك نییە بەناوی رێكەوتنی ستراتیژی نێوان یەكێتی و پارتی.
كورد وتەنی: پارتی كەرەكەی بە یەكێتی گا و شایەتومانیشی پێهێنا.
سلێمانی
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست