پرۆژەى چاكسازیت باش سەرۆكى هەرێم
13/08/2011, 12:00 (GMT+1)

جێگاى ئاماژەدانە لە سەرەتاى یەكگرتنەوەى هەردوو ئیدارەى سلێمانى و هەولێردا لەو باوەڕدابووم كە ئەم یەكگرتنەوەیە وەك یەكگرتنەوەى دوو باندى مافیایە، بۆ دابەشكردنى ئەو دەستكەوتانەى كە بە دەستى دێنن نەوەك بۆ ڕێكخستنەوەى ماڵى كوردى. باشترین بەڵگەش ئەو مەدالیا ڕێزلێنانەبوو كە لە سەرەتاى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەكاندا لە سەرچاوەو پایتەختى مافیا بە مەسعود بارزانى بەخشرا.
لە دوا ئاماژەى مەترسیدارى ئەم دەسەڵاتە بێ وێنەیەدا ئەو هێرشە چەكدارییەبوو كە شەوى 11.8.2011 كرایە سەر چەند خانوویەك، گوایە زیادەڕە، لە گوندى مەلا داود و لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتى گوندەكەش برینداربوون. لە كاتێكدا ئەم هێزە دەبوایە بەرامبەر كۆمپانیاكان و بەرپرسە بالاكانى حیزب بجوڵێنرایە كە هەزارەها دۆنم زەوى بەنرخى ئەم هەرێمەیان داگیركردووە. ئەم هێرشە ئەو هێرشە ناڕەوایانەمان بیردەهێنێتەوە كە رۆژانى 18-19-4-2011 كرانە سەر خۆپیشاندەرانى سەراكانى ئازادى و مامۆستایان و خوێندكارانى زانكۆى سلێمانى. لە كاتێكدا ئەو هێزانە پێویستبوو تەقەكەران و بكوژانى خۆپیشاندانەكانى هەرێمى كوردستانى دەستگیربكردایە بەلام لەجیاتى ئەوە زۆر دڕندانە هێرشییانكردە سەر خۆپیشاندەرانى مەدەنى.
پێویستە هاوڵاتییان چیتر لەسەر ئەم نادادییە بێ وێنانە بێدەنگ نەبن و هەموو رێگەیەك بگرنەبەر بۆ گەڕاندنەوەى هەموو ئەو موڵكانەى كە ئەم دوو باندە مافیایە داگیرییانكردووە. ئەوەتا دەبینین سەرۆكى میسر و هەردوو كوڕەكەى لەسەر بەهەدەردانى سامانى گشتى سەرشۆڕ لە قەفەسى تاوانباریدا دادگایی دەكرێن بەڵام ئەمانەى ئێمە بەتەمان هەر لەسەر هەمان سیاسەتى چەپەڵى خۆیان بەردەوام بن و ئەوەى كە ماویشە داگیریبكەن.
لە كۆتاییشدا دەپرسم ئایا تەسلیمكردنى پایتەختى رۆشنبیرى، لە سەردەمى سەرۆك وەزیرانى دكتۆر تەكنۆقرات و كردار شەرتەدا، بە چەند بەرپرسێكى سەربازى نەخوێندەوارو تەواوبوونى ئەو وادەیەى كە مەسعود بارزانى دیاریكردبوو بۆ چاكسازى بێ ئەوەى هیچ گۆرانكارییەكى كردارى ئەنجامدرابێت هیچ هیوایەك دەهێڵێتەوە بۆ گفتگۆكردن؟ بۆیە دانیشتن لەگەڵ ئەم دوو حیزبە تەنها كات بەفیڕۆدانەو وەك ئەوە وایە حكومەتێك لەگەڵ مافیا دانیشتن بكات.
دەرئەنجام لەگەڵ نزیكبوونەوەى كۆتایى مانگى رەمەزان و دەستپێكردنەوەى دەوامى زانكۆكان سەرهەڵدانەوەى خۆپیشاندان تەنها رێگەیە بۆ كۆتاییهێنان بەم نادادی و دەسەڵاتە.
داستان
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

