مەلا سەمەد دەست لە پیرۆزییەکانی نەتەوەیەک دەدات
20/03/2012, 12:00 (GMT+1)

نەورۆز هی موسوڵمانان نییە. هەرچەندە ماوەیەکی ماوە، بەڵام ئیستا لەسەر مینبەری پێغەمبەر علین الصلات و السلام، چەند ساڵی تر باسم کردووە، بەڵام دووبارەی دەکەینەوە.... هتد جائیز نییە احتفال و ئاهەنگگێڕان بە موناسەبەی نەورۆزەوە بکرێت.
********************
********************
********************
جەنابی مەلا سەمەد منیش وەک خۆت ئەڵێم جائیز نییە تۆ هەستمان بریندار ئەکەیت ، ئاگات لە زمانی خۆت بی، ڕێزی هەستی نەتەوەیەک بگرە خوێن و قوربانی لەپێناو ئەو جەژنەدا داوە لەبەر ئەم هۆیانە:
یەک: عید، لە میعادەوە هاتووە و هەموو عیدێک لە ئسوڵی زمانی عارەبیدا واتای ئەو ساتانەی مرۆڤ تەقوا و عیبادەتی خواوەند دەکات، بەڵام ئەمەیان رۆژێکی نەتەوەییە و ئەوانەی بەشداری تیادا ئەکەن وەک تۆ نوێژ دەکەن و فەرزەکانی ئیسلام بەجێ ئەهێنن، تۆ ناتوانیت بە هەر ئیسناد و شەرعێکی ئیبنوتیمیەکەی خۆت تەحریمی بکەیت.
دوو: ئەگەر بە جەژنی کوفری دەزانیت، کەواتە فەرموو خەلیفە عەباسیەکانمان بۆ بکافرێنە کە بەشداری جەژنی نەورۆزیان کردووە و دیاریان لەو بۆنەیەدا گۆڕیوەتەوە و خواردن و بەخشینیان بەسەر رەعیەتدا دابەشکردووە.. ئەگەر بتوانیت بەو خەلیفانە بڵێیت کافر بوون، ئەوا منیش گفتت ئەدەمێ جارێکی تر لەسەر دەستی تۆ بەشداری عیدی نەورۆزنەکەم.
سێ: تۆ هەموو لاسایی کردنەوەیەک بە بەشداری و هاوبەشی کافران دادەنێیت ، دەفەرموو جارێ ئەو چوار میکرۆفۆنەی بەردەمت و ئەو دەستڕە کاغەزەی ناودەستت و ئەو کورسی و مێزە بدعەیەی لە سەر دانیشتویت بەکار مەهێنە و تەحریمی بکە ، تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت و کامێرەکانی سەرت حەرام، کە شەرت بێت منیش بیرێک لە بەشداری جەژنی نەتەوەیی کورددا بکەمەوە!
ئەم دەقەی پێغەمبەرت لەیاد چووە: من تشبه بقوم فهو منهم؟
چوار: ئەگەر ئیسلام تەنیا دوو جەژنی هەیە رەمەزان و قوربانە وەک تۆ دەفەرموویت ، تکایە ئەم حەدیسەی محەمەد پێغەمبەرم بۆ ڕاست بکەرەوە کە دەفەرموێت هەموو ڕۆژێکی هەینی عیدێکە:
إن هذا يوم عيد جعله الله للمسلمين فمن جاء إلى الجمعة فليغتسل وإن كان طيب فليمس منه وعليكم بالسواك
جا لە نێوان دووان و سیانەکەدا جارێ خۆت ساغ بکەرەوە ئینجاکە باسی جەژنی چوارەممان بۆ بکە.
پێنج: خوای گەورە لە قورئاندا ئەفەرموێت:
لکل جعلنا منکم شرعا و منهاجا ،،، هەروەها : محەمەد پێغەمبەر فەرمویە: لافرق بین عربی و عجمی الا بالتقوی
جگە لەو دەیان دەقەی سەبارەت بە ئاهەنگەکان هاتووە کە ئەوکاتە تەحریم کراوە بت پەرستی و داوێن پیسی تیادا بکرێت ... جا نازانم تۆ ئێمەی کورد بە بت پەرست و داوین پیس دەزانیت یان بەزۆر ئەوەی تورک و عارەبەکان سەدان ساڵە دەیانەوێت لەناوماندا لەبەینی بەرن و نەیاتوانیوە لە ڕێگەی تۆوە جێبەجێ دەکەن!؟
شەش : تۆ ئەڵێت ئەوەی یاد و بۆنە و عادەتی پێش ئیسلامە حەرامە !
ئەی تەقسی حەج و تەواف عادەتی پێش ئیسلام نەبوو؟
ئەی عیدی فطر، جەژنی فیتری جولەکە و پاشان مەسیحییەکان نییە بە جیاوازی رۆژنامەکەیان و ماوە و چۆنیەتی ڕۆژوو بونەکە؟
ئەی جەژنی قوربان ، ئەزحا ، جەژنی قوربانی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیم نەبوو ؟ بۆ جەژنەکانی ئەوان دووبارە بکەیەتەوە حەڵاڵە و جەژنە نەتەوەییەکەی ئێمەچما بەیتوماڵە ؟
حەوت : من لەم وتارەوە داوا ئەکەم هەرکەس و لایەن و کوردێک ، هەستی کردبێت بەم وتارەی مەلا سەمەد هەست و کەرامەتی نەتەوەیی برینداربووبێت ، دەنگی بخاتە پاڵ دەنگم و لە کەمپینێکی ناڕەزایی دەربریندا ئاڕاستەت بکەین تا وەک لەهەشتەم خاڵدا قسەیەکی تری بکەمەوە.
هەشتەم : تۆ لە وتارەکەتدا دەلێت هەرکەسێک دەکەس ، تەنیا دەکەس لێ ی ناڕازی بێت ناچێتە بەهەشت ، ئەرێ بەڕێز تۆ دەزانیت ملیۆنان کەست بریندارکرد و ئەتەوێت لەگەڵ نوح و شیس و عیسا و موسادا لەبەهەشتدا بیت ؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

