رێنمایی بزووتنەوەی گۆڕان رێنمایی کۆنە پاسۆکێکە
11/12/2011, 12:00 (GMT+1)

نەشیروان مستەفای ڕێکخەری بزووتنەوەکەش نکۆڵی لەوە ناکات کە بزووتنەوەکە بەرهەمی موعجیزەی کادرە ناڕازیەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستانی و حیزبەکانی ترنیە، بەڵکو دەرەنجامی پەنگ خواردنەوەی ناڕەزایەتیەکانی کۆمەڵگایە بەرامبەربە ڕەفتاری سەرکردە خۆبە شۆڕشگێرخوازەکانی سەردەمی شاخ لەناو سیستەمی سیاسی و ئیداری کۆمەڵگای کوردستان .
بزووتنەوەی گۆڕان هەتا ئێستاش بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوانی ڕێکنەخراوە ، تا کۆنگرە نەبەستێت نابێتە حیزب ، هەر ئاراستەیەکی سیاسیش نوێخوازبێت یان کۆنخواز تا کۆنگرە نەبەستێت مافی ئەوەی نیە ڕێنمایی یاخوود ئامۆژگاری بداتە لایەنگرانی .
یەکێتی و پارتی بۆ مانەوەی خۆیان پێکهاتەکانی کۆمەڵگایان بەم شێوەیە چنیوە:
دەمکووتکردن ، لێسەندنەوەی ئیرادە ، چەپڵەلێدان ، قیڕاندن وەک قاز ، کێشانی خەتی سور لەدەربڕینی بیروڕا، سوێندخواردن بە سەری سەرکردەکان، نابیناکردنی ئەندامان ، دەنگ دانی کوێرانە ، کڕینی دەنگ بە دراو، درۆکردن بە نرخی بۆرسەی حیزب ، ، پەروەردەکرنی نووسەرو بەناوڕۆشنبیری حیزب تا نوسین و لێدوانەکانیان هەڵدانبێت بە بەژن و باڵای سەرکردە و سەرکردایەتی حیزب،خەڵاتکردنی هونەرمەندی دراماو شانۆ بە مەرحەمەتی کەسی یەکەمی حیزب .
پەیامی بزووتنەوەی گۆڕان وەک خۆیان بانگەشەی دەکەن:
دەمکردنەوە، گەڕاندنەوەی ئیرادەوکەرامەت ، هوتاف بۆ نەمانی چەپڵە، ئازادی تاک بێ دیاریکردنی خەتی سوور بۆی ، سوێندخواردن بە ستراتیژیەتی نەتەوە لە بری سەرکردە ، دەنگ دان بۆ بزەخەنەی منداڵان تا تێر بن ، ئازادی بینین وەک ئازادی ، سڕینەوەی ووشەی (پێویستە) لە ڕێنماینەکاندا، بەشداریکردنی زۆرترین بۆچوونی جیا جیا لە داڕشتنی هێڵی ستراتیژی بزووتنەوەکە .گۆڕان لەدەرەوەی ووڵات
لەبەرواری ٦-١٢-٢٠١١ ژووری ڕەوەندی کوردی لە ڕاپۆرتێکی ٢١ خاڵیدا ئامۆژگاری دەداتە ئەنجومەنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی ووڵات.ڕێنمایەکانی ژووری ڕەوەندی کوردی بۆ دەرەوەی ووڵات لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان دیاردەیەکی ترسناکە لەدووبارەکردنەوەی هەمان پڕنسیپی کاری سیاسی حیزبە کلاسیەکان .
ترسناکە:
_ لەوەی پرس و ڕاوێژ بە کام ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ووڵاتەکانی ئەوروپا کراوە لە نوسینەوەی خاڵ بەخاڵی ڕێنمایەکە؟
_ ئاخر ئێوە کە زمانی ئەو ووڵاتەنە نازانن ئەی چۆن داوا دەکەن بێ پرستان پەیوندیە دەوڵەتیەکان نەبەسترێت.
_ پەرژینکردنی بیرۆبۆچوونی تاک و بیرکردنەوەیان لەچوارچێوەی ئاراستەیەکی سیاسیی دیاریکراوی بەرژوەندخوازی کۆمەڵە کەسانێکی خۆ ئامادەکردوو بۆ سەرکردایەتی بزووتنەوەکە.
_ دەکرێت بزانین ئەوە خێرە نابێت گۆڕانخوازان بۆچوون و ڕەخنەکانیان لە ماڵپەڕو سایتەکان بڵاو بکەنەوە؟
_ پێچەوانکردنەوەی پەیامەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەو خەڵکە بەشمەینەتەی گۆڕانیان وەک سەرەتای ڕزگاربوونیان لەجەوری دەسەڵاتی تۆلیتارانەی پارتی و یەکێتی.
_ تۆزێک جەسارەتتان تێدا بێت و بڵێن مەبەستمان لە بڵاونەکردنەوەی ڕەخنەو گازەندەکانتان لە سایتەکان تەنها (کوردستانپۆستە) ، جا خۆ سەرکردایەتی یەکێتیش بە بڕیارێک سزای خستە سەر ئەو ئەندامانەی خۆی کە لە دەرەوەی ڕاگەیاندنەکانی خۆیدا لێدوان و بۆچوونی جیاوازیان دەداو پاشتریش ووتیان لە کوێ دەنووسن بنووسن جگە لە (کوردستانپۆست) .
دەرەنجام:
ڕەگێکی ترسناک لەداڕشتنەوەی ستراکتۆری بزووتەوەی گۆڕاندا خەریکە چەکەرە دەکات، گەر بوار بەم ڕەووتە بدرێت هەر بە تەنها ئاراستە سیاسیە نوێخوازیەکە شکست ناهێنێت، بەڵکو دەبیتە هاوکاری درێژکردنەوەی تەمەنی سیستەمە خێڵایەتیەکی ئێستای دەسەڵاتدار، لە نموونەی ئەم ڕەووتەش ڕێنمایەکانی ژووری ڕەوەندی کوردیە بۆ گۆڕانخوازەکانی دەرەوەی ووڵات، چاوخشاندنێک بە بەندەکانی ئەم ڕێنمایانە دەمان گەیەنێتە ئەو بڕوایەی(داڕێژەری ڕێنمایەکە کۆنە پاسۆک بووە).
ڕینمایی:
ژووری ڕوەندی کوردی بە ژمارە ٥٦ ی بەرواری ٦-١٢-٢٠٠١ ڕێنمای دەداتە ئەنجوومەن و بازنەکانی ڕەوەندی کوردی لەدەروەی ووڵات ، لە کۆتایی ئەم نوسینەدا دەتوانن بیبینن.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=7fdc3eba
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

