چۆن سەربەخۆیى كوردستان خەون و خەیاڵە
16/10/2009, 12:00 (GMT+1)

من ئەو ڕستەیە بە فلسێكى قەڵب لە هیچ كەس ناكڕم وەك كوردو كوردستان پەرستێك هاوارم كردووە هەر هاواریش دەكەم دەبێ بێگانەى خوێن تاڵى داگیركەرى تورك و فارس و عەرەب ملى خۆیان بشكێنن و كوردستانى كوردان بەجێبێڵن ، سەربەخۆیى كوردستان و دەوڵەتى كوردیش هەر ڕاستیەو كە بەخەباتى توندو تۆڵ و گورج و گۆڵ و چڕو پڕى كوردو كوردستان پەرستان دێتە دى .
ڕەنجدەر دۆڵە گۆمى
رانیە /10/10/2009
دروشــــــم (شیعر)
ئەى گەلى زەحمەت كێشى من دەرمانى ژان و ئێشى من
ئەى گۆرانى هەڵبەستى من ئەى بیرو سۆزى هەستى من
ئەى ژیان و خۆشى و شادى من ئەى ئازادى و یەكسانى من
ئەى سەربەخۆیى بیرى من ئەى فەلسەفەى پڕ ژیرى من
من كوردستان ژیرى كردم بۆیە پێش هەموو شتێك كوردم
بەڵام كوردێك نیم كەڕو لاڵ ملكەچ بم بۆشەق و گۆپاڵ
لەگەڵى شەڕى برا برا كوشتن لەگەڵ تاڵان و خوێن ڕشتن
لەگەڵ دزى سەر شۆڕكردن كڕنوش بۆ داگیركەر بردن
لەگەڵ هەموو چەوسانەوە ڕێگرتن لە حەسانەوە
كوردم كوردى ژیرو دڵپاك كوردى قارەمان و چالاك
بۆیە من بیرى پارچێتى لەگەڵ خێڵەكى و ناوچێتى
كەبۆ كورد شەرمەزارییە ژێردەستیە بێ زارییە
ناكەم بەدروشمى خەباتم بۆ گەیشتن بە ئاواتم
دوژمن بەو بیرە بە هێزە كوردم ژێردەست و بێ هێزە
وەك هەموو گەلى ژێر دەستە كورد سەربەخۆیى پێویستە
سەربەخۆیى یەكگرتنەوە بۆ كورد بۆتە گرەو بردنەوە
ئەوەیە بیرو باوەڕم بۆ ئەوەیە ئاشتى و شەڕم
واماف و خواستى گەلى من هەمووى دەسەنرێ لە دووژمن
سوارى كوردم دانابەزم پاش گەز نابمەوەو نابەزم
ئەوەیە دروشمى تاسەرم كوردستانى و كورد پەروەرم
هەر بیرو باوەڕێك بە زۆر كە خۆیى بكات بە گوركى كورد خۆر
لەكوردستان پێى ڕازینیم ملكەچى هیچ بڕیارى نیم
نە عێراقیم نە سوریاییم نە ئێرانیم نە توركیایم
كوردم خەڵكى كوردستانم كوردستانە نیشتیمانم
كەدەپرسن لە ئایینم لە پێغەمبەرى شیریینم
ئاینى من ئاڤێستایە بۆ گەلى من وەك چرایە
پێغەمبەرى من زەردەشتە كوردستان بۆ من بە هەشتە
هەر دەڕۆم بە بێ ڕاوەستان بۆ سەربەخۆیى كوردستان
كە گەیشتم بەو ئامانجە چى بۆ ژێر دەستان قازانجە
وەكو ئامانجى پیرۆزم بى َمەترسى دەیپارێزم
كوردم پاكم لەسەر هەقم لەئاست دوژمن كەللە ڕەقم
بەڵێنم دا نەرم نەبم تا سەربەخۆ و ئازاد نەبم
هەتا نەگەم بەو ئامانجە نایەتە دى ئەو قازانجە
ڕەنجدەر دۆڵەگۆمى
1993رانیە
كـــــۆڵى مــــن (شیعر)
من ئەو كەسەم
چوار بارى گەلێ سەنگیم
بەكۆڵى خۆم داداوە
چوار فرمێسكى گەشى هیوام
لەچاواندا قەتیس ماوە
چوار كاروانى خوێنى پاكم
لە چوار چراى پێشەواوە
بەرەو هەولێر
بەرەو بۆتان و قامیشلى
بار لێ ناوە
بێ ماندوو بوون
بێ تووڕە بوون
بى َ بێزار بوون
ڕێگە دەبڕم
تا دەشكێنم هەر چوار سنور
لەناوەندى هەر چوار لادا
كۆڵ دادەنێم
كۆڵم كۆڵى ڕەنجدەرانە
ئاڵاى كوردى
هەر چوار پارچەى كوردستانە
ڕەنجدەر دۆڵەگۆمى
1993 قەڵادزێ
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

