ئایا كەس كەركوكى لە بیر ماوە ؟
26/05/2009, 12:00 (GMT+1)

ئاشكرایە كێشەى گەورەى كورد لە باشورى كوردستان كەركوكە ,ئەوەى سەرنج بداتە ناوەرۆكى گفتوگۆكانى سەرانى كورد و رژێمەكانى عێراق لە رابردوودا دڵنیا دەبێت كە چەندین ساڵ بەر لەئێستا و لە مێزى دانوستانەكاندا لەم بەشەى ئێستا كە سەرانى كورد پێى رازین و بۆى ئەلاوێنەوە زیاتر بەدەست ئەهات و رێگریش دەكرا لە رژاندى خوێنى هەزاران رۆڵەى كورد .
زۆرێك هەڵەى سەرانى ناسیاسى كورد بۆتە كارەساتى گەورەو باجەكەى لەلایەن نەوەى نوێ و رۆڵەكانى ئەم گەلەوە دراوەو دەدرێت .
كاتێك حیزبەكانى كورد بەدبەختى دەیانگرێت و لەسەر رەنگى دیوارەكانى پردێكى ئەم شارە ستراتیژیەى كوردان دەبێتە شەریان هیچ ناهەقى نیە بۆ تاكێكى سادەى وەكو من بێ هیوایى و رەشبینى دامبگرێت و ئەم چەند دێرەى ناخم نەنووسم .
كاتێك سەرۆكێكى ئەم هەرێمە لە چوارساڵدا نەتوانێت بێتە لاى گەرمیانیەكان و كەركوكیەكان ناهەقى نیە بۆ كەسێكى وەك من قوڵپى گریان بمگرێت و بلێم بەسە بە هۆش خۆتان بێنەوە .
كاتێك سەرۆكێكى كورد بۆ ریكلامى لیستەكەی و هەڵمەتى هەڵبژاردن كەوڵ و پۆسى هەڵگرێت و لە بەغداوە بێتەوە و دژایەتى هاوخەبات و ئەوانە بكات كە بەهۆیانەوە بوە بەم سەرۆكە كە دەبوایە بۆ گەرانەوەى كەركوك زۆربەیان بچونایە كەركوك و لەوێدا هەواریان بخستایە ئیتر منێكى سادەى تاكى كورد چۆن نەلێم قۆربەسەرمان بۆ خۆمان و گەورەمان , ئەوەتا هەر بە هۆى خۆ بە كەم زانین و لاوازى كەسایەتى سەرە ناسیاسیەكانى كوردە لە بەغدا كە سەدان عەرەب كە سالانى رابردوو نەیاندەوێرا ناوى كوردستان و پێشمەرگە بهێنن ئێستا بە سەدان دوكان و ماڵ و زەوى و موڵكیان لە كوردستان كریوە وبونەتە خاوەن ماڵ و بە دوور نازانرێت لە چەند دەیەیەكى داهاتودا هەموو كوردستانیش وەك كەركوكەى دڵ و قودسى كوردستان نەدۆرێنین نەیكەنە وولاتى پێ پەتیەكان .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

