هەمو برینەكان تەنها بەلە لەسێدارەدانى تاوانباران ساڕێژنابن ...!
04/02/2010, 12:00 (GMT+1)

رژێمى پێشو بەهەرشێوەیەك بۆى لوابێت دژایەتى گەلى كوردى كردووە ، بەهەمو شێوەیەك ویستویەتى تاكى كوردى ژێردەستە و چاولەبەر و بێدەرەتان بكات ، واتە زۆركارى لەسەر داڕمانى ناخى تاكى كوردى كردووە ، بۆ ئەمەش هیچ رێگەیەك نەمابو پەناى بۆ نەبردبێت ، ئەمە رەوشتى رژێمى تۆلیتارى پێشوى بەغدا بو .
گەلۆ ئەى لەپاش روخانى رژێم دەسەڵاتى كوردى تا چەند كاریكرد بۆ بنیات نانەوەى تاكى كورد ى ، تاچەند بەیەكسانى كارى بۆ ئاوەدانكردنەوەى شوێنە زیان لێكەوتوەكانى كوردستان كردووە ، ئەى ئایا تاچەند خەڵكى لە دەسەڵات و ئەداى كارى حكومەت رازیین ، ئاخر ئەو خوێن ساردى ودەربەس نەهاتنەى دەسەڵاتى كوردییە بە جۆرێكى تر كارى لەسەر داڕمانى تاكى كوردى كردووە ، خەڵكى ئاوەدانكردنەوە دەبینن بەڵام بەیەكسانى نا، پێشكەوتن دیارە بڵام بێ پلان ، دەسەڵاتى كوردى داهاتى زۆرە بەڵام خەڵكى لە دابەشكردندا یەكسانى نابینن ، خەڵكى دەسەڵات بەبێ منەت و كەمتەرخەم وخوێن سارد دێتە بەرچاویان ، بەهەدەردانى سامانى وڵات مۆنۆپۆلكردنى كەرتى بازاڕ و بازرگانى دەبینن ، بەئاشكرا كارنەكردن بۆ ئاوەدانكردنەوەى گوندەكان و وێرانتركردنى كەرتى كشتوكاڵ دیارە ، خەڵكى رۆژانە تاپۆكردنى شار و زەویە بازرگانیەكان دەبینن ، توێژى لاوان دەبینن كەدەسەڵات كار بۆ بە گەڕخستنى توانا و لێهاتوى ئەوان ناكات ، ئەمانەو دەیان ناتەواویى نادادى و نارۆشنى ئاكارى دەسەڵاتى خۆماڵین ، ئەوانەن كە خەڵكیان بێزار وتوڕە و دورەپەرێز و بێمتمانە كردووە .
كەواتە لەسەر دەسەڵاتى كوردى پێویستە بە جددى كار بۆ ئاشتبونەوەى خۆى و خەڵكى بكات ، كار بۆ بنیات نانەوەى ناخى روخاوى تاكى كوردى بكات ، بەیەكچاو سەیرى هەمو رۆڵەكانى گەلەكەى بكات بە جیاوازى بیر و بۆچون و ئینتیمایانەوە ، كار بۆ ئاوەدانكردنەوەى گوندەكان و شوێنە دورەدەستەكان بكات ، خزمەتى زیاتر بەشارو شارۆچكەكان بكات ، ئەوە ئەو شتانەن كەدەتوانن كار لەسەر بونیات نانەوە و ئاشتبونەوە وگەشبینى وخوێن گەرمى تاكى كوردى بكەن ، ئەگەر نا تاكە زەرەرمەند ئەو كەسە دەبێت كە پێویستى بە دەنگى ئەو خەڵكە تورەو بێزار و بێمتمانەیە دەبێت ...!
بەم شێوەیە دەتوانیین ساڕێژى برینەكانى پێشو بكەین .
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

