<

لەیادى ئەنفالى گەرمیان و بارزان.سڵاو لە ئەنفالى شەڕى ناوخۆ

01/08/2010, 12:00 (GMT+1)
ئەنفال , ئەو ووشەیەى لە قورئاندا بەرامبەر بە دەست بەسەراگرتن و بردنى ماڵى بێ باوەڕان دێت .بەڵام لەفەرهەنگى سیاسى كورددا بەمەبەستى بێسەرو شوێن كردن و لەناوبردن دێت . ئەوەى كە هەرتاكێكى كورد بڕواى پێهێناوە و سیاسى و ڕۆشنبیرەكان لەسەرى هاوڕان بەلایەنى كوردەوە ئەنفال واتاى ( بێسەرو شوێن كردن و لەناوبردن ) .
ئەم ووشەیە لەفەلسەفەى بەعسدا بەرامبەر بە ماڵ وێرانكردن و قڕكردن و لەناوبردنى تاكى تاكى كورد بەكار هات لە گوندەكانى كوردستاندا.
ئەم بیرو ڕاو فەلسەفەیە بە چەند قۆناغ و سەردەمێك ڕژێمى بەعس بە بێ سەڵمینەوە بەسەر كورددا جىِ بەجێى كرد,دیارترین ناوچەیەكیش كە بەر ئەم شاڵاوە كەوت گوندەكانى بارزان و تەواوى گەرمیان و ناوچەى شوان و قەراغ و چەند شوێنێكى تر بوون كە تێیدا سەدان هەزار كچ وكوڕو گەنجى ئەو شوێنانە تێیدا بێسەرو شوێن بوون.
ئێمەش لە مێژووى خۆماند دوو ڕۆژمان تایبەت كردووە بەیادى ئەو قوربانیانە ئەو انیش (14/4) وەك یادى ئەنفالى ناوچەى گەرمیا ن و شوان و ناوچەكانى تر بەگشتى ,(31/7) وەك ئەنفالى ناوچەى بارزان.
ئەگەر ئێمە ئەنفال وەك بێسەرو شوێن كردن بەكار بهێنین ئەوا مەگەر تەنها خوا بزانێت چەندین بێسەرو شوێنى شەڕى ناوخۆمان هەیە ,دەكرێت وەك ئەنفال ناویان بهێنین چونكە ئەمانیش بە هەمان شێوەى ئەوانى تر لە نێو براون و هەر ڕۆڵەى ئەم میللەتەش بوونە ,ئەگەر نا دەبێت بۆ واتاو تێگەیشتنێكى تر بگەڕێن سەبارەت بە ووشەى ئەنفال.
ئەمان بۆ ئەنفال نین ؟ تاكى ئەم میللەتە نەبوون و بوونە قوربانى فەلسەفەى حزبەكان بەتایبەتى یەكێتى و پارتى ؟ ئەما ن دووژمن لەناوى نەبردن ؟ ئایا هیچ كەسێك لە سەركردە و سەر كردایەتى هەردولا ئینكار ى ئەوە دەكەن كە وەك دوژمن سەیرى یەكتریان نەكردبێت ؟ ئەمان لاشەیان دۆزرایەوە ؟ ئایا ئەوانەى بێسەرو شوێن كران دیلى جەنك بوون یان تاوانبارى جەنك وایان بەسەر هێنرا ؟ ئایا ئەوانەى بێسەرو شوێن كراون تەنها ئەوانەن كە لەشەڕەكانى نێوان هەردوولا گیران و لەناو بران یان چەندان و چەندانى ترى تێدایە كە بەزۆر لەماڵە كانى خۆیان دەر كران؟ ئایا ئێستا ئەم بێسیەر و شوێن كردنە بەردەوامە یان سنورى بۆ دانراوەوە كۆتاى پێهاتووە ؟ ئایا هیچ كەسێك هەیە دڵنیا بێت لەوەى نابێتە قوربانى بەرژەوەندیەكانى نێوان یەكێتى و پارتى ؟
دەكرێ ئێمە بەرامبەر بەو قوربانیانا هەر وا بێگەنگ بین و داواى روفاتیان نەكەین و ئەنجام دەرانى بە دادگا نەدەین ؟ خۆ ئەنجام دەرانى ئەنفالى دەستى بەعس بە دادگا دران و سزاش دران ! ناكرێ داواى ژمارەو وشوێنى لە چاڵنانیان بكەین ؟ خۆ رەِنگە دڵنیاش بم لەوەى هەر دوولا هێندە بە وەحشى گەرانە و هەمەجیانە ئەنجامیان داوە حسابیان بۆ هیچ ناسنامە و دۆكومێنتێك نەكردووە .
بۆ ئەوەى مێژوو نەبێتە قسە و بەرژەوەندیەكانى یەكێتى و پارتى ,بۆ ئەوەى پەند لە دووبەرەكى و ململانێى ناوخۆ وەربگرین , بۆ ئەوەى چیتر نەبینە قوربانى بیرى تەسكى حزبایەتى , بۆ ئەوەى لاشەكانمان بێسەر و شوێن نەكرێت و هیچ نەبێت كەس و كارمان بۆ سەبووریش بێت پاش مەرگ سەردانى گۆڕە كانمان بكەن . با ڕۆژێك دابنێن بۆ ئەنفالەكانى شەڕى ناو خۆ

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست