نهێنى جیاوازى كارە خزمەتگوزاریەكان چین لە هەولێر؟؟!!
14/06/2009, 12:00 (GMT+1)

شارى هەولێر پۆلین دەكرێت بۆ چەند ناوچەیەك لە ڕووى خزمەتگوزارییەوە ، ڕێگاى هەولێر-مەسیف، هەولێر-كۆیە، هەولێر-عینكاوە، هەولێر-كەركوك، هەولێر-مەخمور، هەولێر-موسل.
ئەگەر تێبینى بكەین ڕێگاكانى هەولێر-مەسیف،كۆیە، عینكاوە گرنگى تایبەتیان پێدراوە كەچى ئەوانیتر بە پێچەوانەوە ئەمەش هۆكارو باكگراوندى خۆی هەیە كە هۆكارەكانى سیاسی و ئابوورى ناوچەیی و ....هتد.كەتاكى كورد تێبینى ئەم جیاوازیانەى نەكردبێت ئەگەر تێبینیشى كردبێت هۆكارەكانى نەزانێت كەدیارە بنەماڵەى بارزانى زۆر بەووردى لە ڕێگاى كاسەلێس نەوزاد هادى و پێشتریش عبدالمهیمن بارزانى پلانیان بۆ داڕشتووە.
بۆیە بە پێویستم زانى هۆكارەكان بۆ خەلكى كوردستان شی بكەمەوە:
1-شەقامى ڕێگاى هەولێر-مەسیف لاى كەس شاراوە نیە شادەمارى ڕێگاكانە سەبارەت بە پارتی و بنەماڵەى بارزانى چونكە سەرجەم بەرپرسە پایە بەرزەكانى ئەم حیزبە لە مەسیف و سەرى ڕەش نیشتەجێن مەبەستم بارزانیەكانە كە بەزۆرى زۆردار خۆیان سەپاندووە بەسەر خەڵكى هەولێر كە تاكە شوێنى گەشت و گوزارى نزیك هەولێرە ئەویش داگیركراوە ئەگەر هەندێك بۆ دوواوە بگەڕێینەوە لەسەردەمى بەعس سەرى ڕەش و مەسیف كراوە بووە بۆ هەموو كەسێك بەڵام ئێستا بووە بە مۆڵگەى بنەماڵە خۆسەپێنەكەى بارزانى بۆ كەس نیە بچێتە ئەم شوێنە، بەبەرچاوى هەموو دونیاوە هەموو موڵك و زەوى و زارى خەڵكیان لەم شوێنانە داگیركردووە لە ڕێگاى تاپۆ تەزویرەكەى هەولێرەوە بەناوى خۆیان كردووە وە هەندێك لە زەویە خراپەكانى مەسیف بەخشیویانە بە غولامەكانیان كە غەیرى بارزانین گەڕەكەكەش ناونراوە غولاماوە ئەوەش بۆ پەردە پۆش كردنى دزى و جەردەییەكانیان ئەو شوێنەش سەرجەم كاسەلێس و دومبك چی بنەمالەى تێدا كۆبۆتەوە لە نمونەى سەرۆ قادرو ئازا حەسیب و خەلكی تر. بۆیە ڕێگاى هەولێر مەسیف گرنگى تایبەتیان پێ داوە شەقامەكانى جوان ڕازاوەتەوە بە دارو ئینارەى تایبەت ئەوەش بۆ نیشاندانى ڕووى شارستانى ئەم شارە بۆ وەفدە بیانیەكان كە دەچنە مەسیف سەلاحەدین لاى سەرۆكى هەرێم ى ماوە بەسەرچوو، هۆیەكى ترى گرنگى دان بەم ڕێگایە بوونى ڤێلایەكى زۆرى بەرپرسەكانى لەسەر ئەم ڕێگایە كەتەنانەت ئەم زەوییانەى خەڵكى كەماوەتەوە نەیانتوانیوە داگیرى بكەن حیجزیان لەسەر داناوە ناتوانن كڕین و فرۆشتنى لەسەر بكەن یان خانووى تێدا دروست بكەن كەچى بۆ خۆیان خانووو مەزرەعەو باخچەو هەتا حەزیرەى ئەسپ و مەلهاو بارو هەموو شتێك ڕێگا پێ دراوە تەنانەت زۆربەى شەوە سوورەكانیان لەسەر ئەم ڕێگایە ئەنجام دەدرێت ، چەند سالێك لەمەوبەر بە فەرمانى مەسعود بارزانى ڤێلا دروست كردن ڕاگیرا بەڵام لەپاش فەرمانەكەى بە دەیان ڤێلا دروست كراوە ئەوەش دیارە هۆكارى سیاسی لە پشت بوو بۆ هەرزان كردنى نرخى زەویەكانى كە تائێستا بەشێكى لەدەست خەلك ماوە و كڕیینیان بەنرخێكى زۆر هەرزان هەر واش بوو توانیان بەشێكى زۆر لەزەویەكان بكڕنەوە، سەرەڕاى گرنگى ئەم ناوچەیە لە ڕووى ستراتیجیەوە سەبارەت بە پارتی كە ڕێگاى هاملتۆنە هەولێر بە ئیران و ناوچەى نفوزى بنەماڵە دەبەستێتەوە لە بارزان و مێرگەسوور و بەشێكى دیانە كەئەمەش هات و چوویان ئاسان دەكات لە ڕووى بازرگانى و ئابوورى و.....هتد).
2- ڕێگاى هەولێر عەنكاوە تاوەك و ناو عەنكاوە:
لاى كەس شاراوە نی یە ئەوەى بچێتە ناو عەنكاوە لە سەر شەقامى شەست مەتریەوە یان سەد مەتریەوە پرۆژەى زۆر گرنگ دەبینى كە سەرجەمیان هی بەرپرسەكانى پارتین لە شوقەكانى زەكەریا تا دریم سیتى و گوندى بەریتانى، گوندى ئیتالى ...هتد).خالێكى ترى گرنگى دان بەو شارە سەرگیز ئاغاجانە كە بەرپرسێكى پارتى یەو وەزیرى دارایی بووەو بەپارەى پارتی خەلكێكى یەكجار زۆرى مەسیحى لە ناوەڕاست و باشورى عێراق لە عنكاوە جێنیش كردووە و توانیویەتى خەلكێكى زۆر لە دەورەى خۆى كۆبكاتەوە.
ئەمە جگە لەوەى لەناحیەى عەنكاوە سەرجەم ڕێكخراوە بیانیەكان و كۆمپانیاكان جێ گیربوونە و بارەگایان هەیە دیارە كۆمپانیاكان سەرجەمیان قۆرخ كراون لەلایەن بنەماڵەوە بەمەبەستى ڕێگا پێدانیان بۆ ئیش كردن هەر هەموویان دەبێت خاوە بدەن بەتایبەتى كۆمپانیاكانى نەوت كە هەریەكیان كراون بە پشكى بەرپرسێكى بنەماڵە مەبەستم بارزانیەكانە ئەوەى من بیزانم كۆمپانیاى (ئۆ ئێن ڤی) نەمساوى هی د. ئاشتى هەورامی یە شەریكە لەگەل نێچیر (دى ئێن ئۆ) ى نەرویجى هی مەسعود بارزانی یە ئەمە جگە لە كۆمپانیاكانى تر كە لەبوارە جیاجیا كان كار دەكەن، مەگەر هەر خوا بزانی چۆن ڕێك كەوتون.
2- شەقامى ڕێگاى هەولێر-كۆیە:
ئەم ڕێكایە گرنگى تایبەتى پێ دراوە لە ڕووى كوەلیتیەوە هۆكارەكانى بریتین لە:
أ-هەبوونى پڕۆژەى زەبەلاحى بازرگانى و ئابوورى و نیشتەجێ بوونى بنەمالەى بارزانى لەسەر ئەم ڕێگایە كە پڕۆژەكان هەر هەمووى هی بنەماڵەو بەڵام بەناوو نازناوى جیاجیا كاریان تێدا دەكرێـت گرنگترینان ماجد مۆل كە بەناوى ئەحمەد ماجدى یە ئەم پیاوە ئیش بۆ نێچیر دەكات و كارەكانى ڕادەپەڕێنى لە هەولێرو دەوروبەرى زۆربەى زەوییەكانى ڕێگاى هەولێر كۆیە بەناوى ئەحمەد ماجدى كراوە بەمەبەستى ئەنجامدانى پرۆژەكانى نێچیر لەسەر ئەم ڕێگایە، سەرجەم كۆمەلگاكانى نیشتەجێ بوون و مەلەوانگەو هۆلى بۆنەو ......هتد پرۆژەى بنەماڵەن تێكدانى كۆمەڵگاى تایە فرۆشان هەمان مەبەستى لە پشتەوەیە چونكە ببوە كۆسپ بۆ ئەنجامدانى پرۆژەكانى ئەحمەد ماجدى پیاوى نێچیر .
ب- ڕێگاى هەولێر كۆیە بۆتە شوێنى نیشتەجێ بوونى ئاوارەیەكى زۆرى پارتى بەحوكمى ڕێگاكە دابەشكردنى زەوییەكى زۆرى نیشتەجێ بوون بەسەر لایەنگرو ئەندامانى بنەماڵە لەسەر ئەم ڕێگایە بەتایبەتى گەڕەكەكانى سەروەران، هەڤالان، هەولێرى نوێ ...هتد.
ج-ئەم رێگایە هاتو چۆى خەلكی ناوچەكانى ژێر كۆنترۆلى یەكێتى لەسەرە بۆئەوەى بەوانیش بلێن كە ئێمە شایەنى حوكمڕانین نەك حیزبەكەى ئێوە، هەرچەندە ئەمڕۆ هاوپەیمانن لەگەلیان بەڵام ئێمە شایەن ترین لە حیزبەكەى حوكمڕانتان ، دیارە نابی ئەوەش لەیاد بكەین ڕێگاى هاتو چۆى زۆر لە بەرپرسەكانى یەكێتی یە كە زۆرجار لە خالەكانى پشكنین سوكایەتیان پێ دەكرێت هەندێكیان بەڕوحى ڕیازى وەرى دەگرن دەلێن ئەوە بۆ بەرژەوەندى ووڵاتەكەمە.
3-شەقامى ڕێگاى هەولێر-كەركوك
دیارە ئەم ڕێگایە كەمترین خزمەتگوزاری بۆ كراوە هەرچەندە شەقامى سەرەكى زانكۆى سەلاحەدیینە و هەولێر بە بەغدادى پایتەخت و كەركوكى دڵ و قودس دەبەستێتەوە بەڵام وەك و پێویست خزمەتگوزارى بۆ ئەم شەقامەو گەڕەكەكانى سەر ئەم شەقامە نەكراوە ئەوەش دیارە هۆكارى سیاسی لە پشتەوەیە ، گەڕەكەكانى دەوروبەرى ئەم شەقامە زۆربەیان خەلكى كەركوك و قوشتەپەو پردێ و هەندێكیان قەراج و كەندیناوەن زۆربەیان هەوادارى یەكێتین هەندێكیشیان ئیسلامین بوونى بارەگایەكى زۆرى یەكێتى بە مەلبەند و مەكتەبەكان و هەتا مەكتەبى سیاسی یەكێتیش لە دروست كردندایە لەسەر ئەم ڕێگایە .
پارتى نەیتوانیوە وەك و پێویست خەلكى ئەم گەڕەكانە بۆ خۆى كەسب بكات بەهۆكاى جیا جیا هۆیەكى ترى گرنگى نەدان بەم ڕێگایە نەبوونى ماڵى بەرپرسى گەورەى پارتى لەسەر ئەم ڕێگایە بەڵام ماوەیەكە دەست كراوە بەكرینى زەوى و زارى خەلكى لەسەر ئەم ڕێگایە لەلایەن دەلالەكانى بنەماڵە كە ئەویش واى كردووە نرخى زەوییە كشتوكالیەكان زۆر گران بێت.
4-ڕێگاى هەولێر مەخمور، موسل:
هەمان هۆكارى ڕێگاى كەركوكە كە خەلكى ئەم گەڕەكانەى دەوروبەرى هەوادارى پارتى نین زۆربەى خەلكى مەخمورو دیبەكەو گوێرو شوینەكانى ترن دیارە لە هەڵبژاردنى پارێزگاكان ئەوە بەدیاركەوت كە پارتى شوێنى لەق بووە لە ناوچەكانى سەر بە موسڵ هەروەك و مەخمورو گوێرو دیبەكە كە پالێوراوانى یەكیتى بە جیاوازیەكى یەكجار گەورە لە پێش پارتى بوون هەروەها لە سنجار نوینەرەكانى یەكیتیى وەك و پارتى دەنگیان هێنا ئەمە جگە لە ناو موسڵ كە لیستى حەدبا زۆرینەى بەدەست هێنا ، دیارە پارتى ناوچەكانى دەوروبەرى موسل بە مولكى خۆى دەزانى بۆیە هەزم كردنى ئەو دۆڕاندنە هەندێك ئەستەمە پارتى تووشى هیستریا و شۆك كردووە، بۆیە پارتى لەم دواییە زیاتر گەڕەكەكانى سەر ڕێگاى مەخمورو موسلی پشت گوێ خستووە هەرچەندە لە بنەڕەتدا گرنگى نەداوە بەم گەڕەكانە.
دیارە نوزاد هادی بەرپرسی یەكەمە لەسەر تەخشان و پەخشان كردنى مولك و زەوى و زارى هەولێر هەروەك و بەناوى ماستەر پلانەوە دوكانەكانى دەلالخانەیان تێك دا بەمەبەستى ئاوەدانكردنەوەى بازارى نیشتمان كە ئێستا لەلایەن كاسبكارانەوە ناسراوە بە بازاڕى پەشیمان ، ئەمەش بەهیچ شێوەیەك مێژوو لێى خۆش نابێت و ڕۆژێك دەبێت زەریبەى بدات چونكە نێچیر ڕاستەوخۆ پشتگیرى لە نوزاد هادی دەكات و هەموو سەلاحیەتێكى داوەتێ هەرچەندە مەسرور بارزانى بە فەرمانى مەسعودى باوكى زۆر لەمپەر دەخاتە پێش نوزاد هادى بەڵام نوزاد هادى زۆر زیرەكانە دڵى هەموو لایەك ڕازى دەكات و بەدڵى بنەماڵە دەجولێـتەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

