قادر عەزیز بەردەوام گرفتی لەگەڵ مەسعود بارزانی دا هەبووە
25/02/2015, 12:00 (GMT+1)

ئێستا كە هەمووان دەزانین، ئەو جیابونەوەی لە زەحمەتكێشان روویدا و دوو حزبی لێكەوتەوە، كە كاك قادر لە چاوی مەسعود بارزانی و حزبەكەی دەیزانی و بە پیلانی ئەوانی لەقەڵەم دەدا، كەچی خەڵكی تریش لەسەر لێدوانە زۆر و هەرەمەكیەكانی ئەوی لەقەڵەم دەدەن، ئێستا دێت و دەڵێت هیچ گرفتێكم لەگەڵ مەسعود بەرزانی دا نەبووە، دیارە بەم قسەیەی، هەم غەدر لە مێژووی ئەو حزبە و هەمیش لە كادر و ئەندامانی ئەو حزبە دەكات و ئەو هەڵوێستانەش كە مایەی شانازی بوون بۆ زەحمەتكیِشان بە دوو لێدوان و رەفتاری لەم جۆرە دەسرێتەوە .
لەم كاتەدا كە قەیرانی ئابووری و شەری داعش بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك لایەنی دەسەڵات، بەرپرسی یەكەمە لەم قەیرانە ئابووری و سیاسیە گەورەیەدا، چ وەك حزب یان دسەڵاتی یەكەمی هەرێم . لەو روانگەوە هەرچی لە قازانجی بێت بۆ راستكردنەوەی باری لاری خۆی دەیكات و بە تەكتیكیش بێت لەم كاتەدا دەیەوێت پەیوەندیەكانی لەگەڵ هەمووان چاك بكاتەوە، لەوێشدا لەهەنگاوی یەكەمیدا، دەیەوێت پەیوەندیەكانی لەگەڵ حزبی ئایندەی كاك قادردا ئاسایی بكاتەوە، ئەمە لە لایەك، لە لایەكی ترەوە بەم هەنگاوەی، پارتی؛ دەیەوێت پەیامێك بۆ حزبی زەحمەتكێشانەكەی كاك بەڵێن بنێرێت، كە بۆتان نیە بیر لە چونە نێو حزبێكی دیكە بكەنەوە و لە ئاستی ئێوە حزبەكەی كاك قادر حازر بەدەستە بۆ جێگرەوەتان و دەیەوێت: لەو دەنگۆیانە خۆیان ساغ بكەنەوە كە زۆرینەی زەحمەتكێشان نیازی چونە ناو حزبێكی تری هەیە نەك پارتی . بەم رەفتارەی پارتی ئەوە دەخاتە روو كە ئەگەر ئەو پرۆسەیەی زەحمەتكێشان روو بدات، ئەوە زەحمەتكێشان بەردەوام دەبێت . بۆیە پارتی لەم بەینەدا دوو چۆلەكە بە بەردێك دەكوژێت .
لای خۆشیەوە، بۆ كاك قادر فرسەتە، كە لە گۆشەگیری دەربچێت و لەم پەیوەندیەی لەگەڵ پارتی دووبارە بێتەوە نێو ساحەكە، ئەگینا نەك كاك قادر گرفتی لەگەڵ كاك مەسعودا هەبووە بەڵكو بەردەوام گرفتی حزبی زەحمەتكێشان هۆكارەكەی كاك قادر بووە كە لەگەڵ سەركردەی حزبەكانی تر دروستی كردون و هەر لێدوان و هەڵوێست و قسەكانی ئەو بوون بە هۆكاری تیكچونی پەیوەندیەكانی زەحمەتكێشان لە گەڵ لایەنەكانی تر.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

