من بە پێچەوانەی هەمووتانەوە
17/05/2010, 12:00 (GMT+1)

سەبارەت بە دواهەمین ڕووداویش كە كەیسەكەی شەهید (سەردەشت عوسمان)ە، جگە لە دەستپێشخەرییەكی كۆمەڵێك خەڵكانی بوێری ئەم وڵاتە كە خۆی لە كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس و نووسەر و چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی و خۆمەڵێك لە خوێندكارانی زانكۆ ، هیچ پشتیوانییەكی جەماوەرییمان بەدی نەكرد،
ئێمە هەموومان، كە دەلێم هەموومان واتا گشت تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە، باش دەزانین كە كێ سەردەشتی كوشت پێویست نە بە نووسین دەكات نە بە قسەكردنی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە، وایلێهاتووە ڕۆژنامەنووسانی جیهانی و عەرەبی و زۆربەی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە ئەوروپا یاداشتنامەیان بەرزكردۆتەوە و لاپەڕەكانی ڕۆژنامەكانیان پێ پڕكردۆتەوە، ئیتر شتێكی بەڵگە نەویستە و هەموومان وەك ناوی خۆمان دەزانین بكەرانی ئەم تاوانە سەر بە چ تاقمێكی عەشایەری و تیرۆریستی و دواكەوتووی ئەم كوردستانەن، ئەمە یەكەم تاوانیان نییە و دواهەمین تاوانیشیان نابێت، لە ساڵی 1991 یەوە تا ئێستا بە سێ هەڵبژاردنی گەورەدا تێپەڕیوین جەماوەری ئەم دوو حزبە تیرۆریستە تۆزقاڵێك كەمی نەكردووە، بەڵكو بگرە جەماوەری پارتی كە هەموومان دەزانین كە دڕندەترین و ناشۆڕشگێرترین و هەڵپەرستترین و تیرۆریسترین حزبی ئەم كوردستانەیە، جەماوەرەكەی لەچاو ساڵانی ڕابردوو زیادی كردووە كەمی نەكردووە و ئەوەتا لە بەیاننمەكەشیاندا ئاماژە بە سەركەوتنەكانیان دەكەن، من دەڵێم ڕاست دەكەن كێ دەتوانێت بڵێ لە هەڵبژاردنەكاندا چ پارتی و چ مەسعود بارزانی سەرنەكەوتن، گریمان لە10% دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش ساختەكارییە ئەی ئەوانی تر چی، خۆ ئێمە لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا هیچ ڕەقیبێكمان بەسەروە نەبوو، كەسیش نەیدەتوانی كاغەزی دەنگدانەكەمان لێوەرگرێتەوە، بەڵام زۆرینەی خەڵكی ئەم وڵاتە تا ئێستا دەنگ بەم دوو حزبە دەدەن، نازانم زاكیرەی تاكی كورد بەجیاوازتر لە زاكیرەی خەڵكانی تر دروستكراوە و خەڵك ئەم هەموو تاوانەی ئەم دوو حزبە لەبیر دەكات، یانیش پەیوەندی بە ویژدانەوە هەیە و ئەم كۆمەڵگایە ویژدانی خۆی فرۆشتووە بە دەسەڵات و پارە، ئەگەر لە هەڵبژاردنی 2005 یشدا خەڵك بیانووی ئەوەی هەبوو كە هیچ ئەڵتەرناتیڤێكی تری نییە، ئەوا لەم هەڵبژاردنەدا، لیستی گۆڕان ئامادەیی هەبوو لە هەڵبژاردنەكاندا، من بەشبەحاڵی خۆم یەك دونیا تێبینیم لەسەر ئەدای گۆڕان هەیە وەكو ئۆپۆزسیۆن، بەڵام خۆ شتێكی تازەی هێنا ئاراوە، خۆدەبووایا خەڵك دەرفەتێكی بە ڕەنگ و دەنگێی تازە بدایە، هەرچەندە گۆڕان چەند كورسییەكی لە هەردوو پەرلەمانكەی كوردستان و بەغدا بەدەست هێنا بەڵام، بەشێكی ئەو خەڵكەی كە دەنگیان پێدان لەبەر ئەوە نەبوو كە بییەوێت ئۆپۆزسیۆن دروست بكات بەڵكو تۆڵەسەندنەوە لە بەرپرسێك یان حزبێكی دیاریكراو بەهۆی لەدەستدانی كۆمەڵێك بەرژەوەندی تاكەكەسییەوە و ئەم فاكتەرە گەمەی خۆی كرد لەم هەڵبژاردنەدا، من لەو بڕوایەدام كە نەك كوشتنی سەردەشت بەڵكو ئەگەر هەر هەموو ڕۆژنامەنووسانی ئازادی ئەم ووڵاتە تەرمەكەیان لە مووسڵ بدۆزرێتەوە جەماوەری ئەم دوو حزبە توشی داكشان نابێت و ڕووداوێك دەبێت كە هەموومان دوای ماوەیەك لەبیری دەكەین،و هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردنیش ئەبێت هەربەداخی ئەو دەنگە زۆرانەی یەكێتی و پارتییەوە خەفەت لەم گەلە بەستەزمانە بخۆین.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

