لە سەر رووداوەکەی زاخۆ، با خاتری هیچ لایەک نەگرین
06/12/2011, 12:00 (GMT+1)

کەڵەگایکردنی بنەماڵەی پارتی بارزانی ، هەموو سنوور و عورفێکی مرۆڤایەتی و کوردبونی تێپەڕاندووە . من لە چەند ڕووەوە ئەو هاربونەیان بە خێر دەبینم کە لە هەر ڕووداو و هەنگاوێکی وەهادا خۆیان لە مەرگ و کۆتاییان نزیک دەکەنەوە . ئەوەی بنەماڵەی پارتی بارزانی بە گەلی کوردی دەکات ئەو پەندەیە کە دەلێت نانی هاریان گرتووە بەدەمەوە و تەواوکەری ئەو پەندەش بەوە دێت کە (...) هار چل شەو تەمەنیەتی . بۆیە ئەم ڕودانەی دەیخولقێنن سەرەتایەکە بۆ کۆتاییان .
پەندی دیکتاتۆرەکان فێریان ئەوەی سەلماند کە هەموو شتێک لە باریکیدا دەپسێت تەنیا ستەمکاری نەبێت کە لە ئەستوریدا دەپسێت ، ئەوەی لە کوردستاندا دەیبینین پسانی ئەو بەندەئەستورانەی ئەوانە کە قەزافی گەیاند بەو رۆژەی تەنانەت گۆڕەکەشی ون بێت .
پارتی بارزانی لەوەتەی هەن لە تاریکی و ترسنۆکانە ئاشوب دەگێڕن ، لە هەر کەتنێکیاندا سەرەتا خۆیان مات و بێدەنگ دەکەن تا بزانن پەرچەکرداری خەڵک لە ئاستێکدایە ئەوساکە دەکەونە هەڕەشەکردن و هێڕش کردن . بێ گومان هەرگیز لێیان نەوەشاوەتەوە هێرش بکەنە سەر نەیارانی کورد بەڵکە مێژویان پڕە لە هێرش کردن بۆ سەر ماڵ و حاڵی کورد نەک دوژمنانی کورد ، وەک لە چەند مانگی رابردوودا دیمان لە ئێرانەوە هێرش کرایە سەر کورد ، لە تورکیاوە ، لە سنوری ناوچە داگیرکراوەکان و بە تایبەتی جەلەولاوە ئەو پارت و سەرۆکەی نەیانوێرا پەنجەیەکیش ڕاکێشن و دەچونە سەرەخۆشی سەربازە کوژراوەکانی تورک ، بەڵام بۆ ڕوداوەکانی بادینان لە هەموو لایەکەوە کەوتونەتە هەڕەشە و چاوسورکردنەوە لە کورد و دانانی خەتی سوری بارزانی بەسەر خەڵکەوە . ئەمەش بە پێوانی نەبزی دڵی پارت و لایەن و دەستەکانی تر ئەنجام دەدات . پارتی بارزانی لە هەموو ڕەفتار و ئاکارێکی دا شکاو و دۆڕاوە لە یەک ئاستدا نەبێت ئەویش تەنیا خۆ زیندوو کردنەوەیەتی لە ڕێگەی پارتەکانی دیکەوە و ئەم یاریە سیاسیەی پارتی بارزانی لە باوکەوە بە میرات بۆ کوڕەکانیشی ماوەتەوە ، بەڵام سەمەرەکە لەوەدایە هێشتاکە نە یەکیەتی و نە ئۆپزسیۆن دەرکی ئەم یاریە تەقلیدیەی ئەوان ناکەن و هەمیشە لەسەرە مەرگیدا دەچن بە هانایەوە و ڕۆحی دەکەنەوە بەبەردا.
ڕوداوەکانی ١٧ی شوبات عەرشی بارزانی هێنابویە لەرزە ، تەخت و تارجایان کەوتبویە بەر رقی داخ لە دڵانی شەقامی کوردی ، کەچی ئۆپۆزسیۆن نەیانهێشت نە ئەو توڕەییە لە هەولێریش بەرپا بێت ، پشتیان کردە هەولێر تا پارتی بارزانی ببێتە بکوژ و ببڕیان و لەپاش ٦٠ ڕۆژیش پشتیان کردە مەیدانی ئازادیەکان و ئاشبەتاڵیان بە ڕاپەڕینی ١٧ ی شوبات کرد .
چەکوشەکەی کوردستانپۆست نەبێت بەردەوام بەسەر زوحاکەکانی پارتیەوەیە ، هەموو هێزە سیاسیەکانی تر لە کوردستاندا مەسعودیان وەک سەرۆکی شەرعی کوردستان فوتێ دەکرد ، وەک چۆن یەکیەتیەکەی تاڵەبانی لە ١٩٩١ دا پارتی بارزانی زیندوو کردەوە کە تۆزوگەریشیان لە کوردستاندا نەمابوو ، لە پاش ١٧ ی شوباتشەوە ئۆپۆزسیۆن گیانیان کردنەوە بە کەلاکی لقی چواردا و جارێکی تر وەک کەڵەگایەک بەسەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە پەسەندیان کردنەوە .
*********************************
**********************************
**********************************
باجی سوڵحە عەشایرەیەکەی یەکگرتوو
یەکگرتووی ئیسلامی ، لە هەڵەی یەکەمیەوە ، کە خۆی دایە دەست ئیرادەی خێلەکی پارتی بارزانی و لەبەرانبەر سوتانی بارەگاکانیان لە ٢٠٠٥ دا ، لە پشت دادگا و یاساوە تەسلیم بە سوڵحی عەشایەری پارتی بوون ، ئەمڕۆ باجەکەی دەدەن . وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا کە چۆن ئەم پارتە هەمیشە لە شکستەکانیدا دەروازەیەک دەبینێتەوە خۆی پی زیندوو بکاتەوە ئاواش هەمیشە دەیەوێت چارەسەری قەیران و کێشەکانی بە سوڵحی عەشایەری بکات . ئەمەشیان جۆرێکی دیکەی سیاسەتی پارتی بارزانیە تا وەکویەکەم : هیچ ئیلتزامێکی فەرمی نەدات بەدەستەوە کە پابەندی بکات بەو جۆرە پرۆتۆکۆلەی کە بە ناوی هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ یەکیەتیدا مۆری کردووە و بۆ یەکەم جار و دواجاری دەبێت کە لە ئەنجامی فشاری ئێران و ئەمەریکا و بارودۆخەکەی ئەوکاتەی عێراقدا بوو بە ناچاری مل بۆ گرێبەستێی فەرمی بدات .
دووەم : بۆ ئەوەی بواریش نەدات شتێک هەبێت لەسەری بڕیار و خواستی پارتی بنەمالەوە بێت کە سەروەری یاسا و دادگایە . وەک چۆن مەسعود بارزانی لە دهۆکەوە پەیامی خۆی دا کە پارتی بارزانی واتا کوردستان و کوردستانیش واتا پارتی بارزانی ، کە ئەو لێدوانە لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت و گرنگترین مانای ئەو پەیامە ئەوەیە کە یان پارتی بارزانی یان فەوتانی هەموو کوردستان و ئەسەد و قەزافی ئاسا ئیعلانی شەڕی (ئەرز مەحورقە) یە و دەیدات بە گوێ ی هەمووماندا و زیف هاتنیشە بە یاسا و ڕێساکانی کوردستان .
ئاردی هەمبانێ و تڕی خۆراسانێ
ڕۆژانی داهاتوو دەری دەخات ئاخۆ یەکگرتووی ئیسلامی سودی لە ئەزموونی ڕابردوو دیوە یان هەمان هەڵەکانی ٢٠٠٥ دووبارە دەکاتەوە ، بەڵام جێ ی سەرنجە کە لەیەکەم کاردانەوەی ئەو پارتە ئایینیەدا بانگەوازی لە ئەندام لایەن گرانی کرد لە سلێمانی بێنە سەرشەقام و پرۆتیستۆی بارەگا سوتانەکەیان بکەن . بەڵام لە هەولێر گرد بونەوە بکەن و بۆ بادینانیش بیدەنگی هەڵبژارد و دایە دەست خودا حەقیان بستێنێت! .
بنەماڵەی پارتی خەڵکانی خۆی هان دەدەات نادی و هۆتێلەکان بسوتێنن، لەو لاشەوە ئەندامان و چەکدارانی پەلاماری بارەگاکانی یەکگرتوو دەدەن کە دەیان قورئان دەسوتێنن،
نادی و قورئان پێکەوە دەسوتێنن
کەواتە بنەماڵەی پارتی ئەم چیرۆکە تراژیدایەی ساڵی ١٩٧٨ی شارۆچکەی شارستێن سەربە مەرگە مان بیر دەهێنێتەوە..
ئەمڕۆ کاتێک بارەگایەکی یاسایی و هەڵبژیراوی خەڵک دەسوتێنرێت بەدەیان قورئانەوە، ئەو پەرێ بەڕ بەڕیەتی بنەماڵەی پارتیمان نیشان دەدات. لەو لاشەوە لایەنەکانی تری ئۆپزسیۆن وەک تەماشەکەرێک دەمێننەوە....
لە کۆتایدا ئەمەوێت ئەوە بە بیر برا موسڵمانەکانی یەکگرتوو و لایەنە ئاینیەکانی دیکە بهێنمەوە کە لە یادمانە فەتوای کوشتنی چەندین شاعیر و نوسەرتان دەدا کە گوایە لە کۆپلە شیعرێکدا بە مەجازەوە یان لە وتارێکدا پیرۆزی ئاینی ئیسلامیان شکاندووە و خوێنتان حەڵال دەکردن ، ئەدی کوا فەتوایەکتان ، کوا ئیعاز و کەمپینێکتان لە پێناو پیرۆزترین دەق و کتێبی ئیسلام کە قورئانە و سەدان دانەی لە بارەگاکانتان بە دەستی کەڵەگاکانی پارتی بارزانی سوتێنران ؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

