گورگە برسییەكان كەوتنەوە ڕاوی كۆترەكانی ئاشتی
03/08/2009, 12:00 (GMT+1)

نامەوێت لەسەرەتاوە تا كۆتایی چی یان ووت و چۆن دەنگی خەڵكیان كڕی باس بكەم چونكە زۆربەی خەلكی كوردستان ئاگایان لەمە هەیە ، ئەوەی من ئەمەوێت سەرنجی خوێنەرانی بۆ ڕابكێشم ئەمەیە .
مەسعود بارزانی بەڵێنی ئەوەی دابوو كە جارێكی تر ناهێڵێت خۆێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت و ئەمەی زۆر بە دڵنیاییەوە دووپات كردەوە، بەڵام بە داخەوە ڕاستەوخۆ دوای هەلبژاردنەكان و پاش ئاشكراكردنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژادن سەرەڕای ئەو هەموو ساختەیەی كە بە هاوكاری هەردوو حیزبی دەسەڵات لە هەولێر و دهۆك ئەنجام درا ،بۆ شاردنەوەی شكستە گەورەكەیان و بۆ چاوترساندنی هەردوو لیستی خزمەتگوزاری و چاكسازی و لیستی گۆڕان بۆ ئەوەی شكاتەكانیان نەبەنە پەرلەمانی عیراق گەر هاتوو سكاڵاكانیان بەهەند وەرنەگیرێ لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی سەر بەحیزبانی دەسەڵاتەوە ، چەند هێرشێكی پلان بۆ دڕێژراویان كردە سەر هەر یەك لە مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو و بارەگاكانی كۆمەڵ و گۆڕان بە چەندین هوتافی خوێناوی شەڕی ناوخۆ و شەرمەزاریەكانی بادینانەوە .
پاشانیش نێچیرەڤان بارزانی سەردانی هەندێكیانی كرد و داوای لێبوردنی كرد و پێی وابوو كە ئەم جۆرە كار دانەوەیە كارێكی ناشارستانی یە و زیانی یەكەم بە پارتی دەگەیەنێت .وە هەروەها بەڵێنی ئیجرائاتی دا.
بەڵام دوای ئەم قسانەش هێشتا هەر هێرشە ئیعلامیەكان بەردەوامە و چەندین جاری تریش لایەنگرانی پارتی بە تایبەتی ئەم هێرشانەیان دووبارە كردۆتەوە لە ئاكرێ و هەولێر و دهۆك .
من لێرەدا دەپرسم : ئایا مەسعود بارزانی فەرمانەكانی وەلا دەنرێ و گوێی بۆ ناگیرێ یان خۆی ئاگاداری ئەم پیلانەیە ؟
ئایا نێچیرەڤان بارزانی لێپێچینەوەی كردووە لە گێرەشێوێنەكان بە قسەی خۆی وە كەسی لێ گرتوون یان وەك لێپێچینەوەكەی بادینان وەلا دەنرێ و وەلا نراوە ؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

