كۆسرەت رەسوڵ و شینكردن بۆ هەریسە
23/02/2012, 12:00 (GMT+1)

هەموو جوڵە و هەڵوێستەكانى ئەم سەركردە یەكێتییە، تەنها لە پێناو مانەوەى خۆیەتى، هەر بۆ نموونە تا ئێستا چەند جارێك هەڵوێستى لە حیزبەكەى خۆیشى وەرگرتووە و دانیشتووە! بەڵام دواتر تاڵەبانى بە مشتێ دۆلار هێناویەتیەوە سەر باى بەڕە كۆن! وەك چۆن جاری دووەم مالیكی بە هۆى تاڵەبانییەوە موچە و میزانییەى فەوجێكى بۆ بڕییەوە!
ئێستا پارتى رێى داوە كۆسرەت رەسوڵ ببێتەوە جێگری سەرۆكى هەرێم! ئەم رازى بوونەى پارتیش دواى ئەوە دێت، كە ساڵى 2009 محەممەدى مەلا قادر لە لێدوانێكیدا ئاماژەى بەوەدا كە چیتر رازى نابن، كۆسرەت رەسوڵ بكرێتە جێگرى سەرۆكى هەرێم! ئەم لێدوانەش كۆسرەت رەسوڵى هێنایە سەر خەت و وەڵامدانەوە، وتى، كە مەمنونى كەس نییە تاكو بیكاتە جێگری سەرۆكى هەرێم! ئەم لێدوانەى كۆسرەت رەسوڵ تاك كەسى بوو، ئەوەى بووە جێى ناڕەحەتى زیاترى ناوبراو، نەبوونى هەڵوێستى حیزبەكەى بوو لە ئاست پارتى و لێدوانى محەممەدى مەلا قادر ئەندامى پێشووى مەكتەبی سیاسیى پارتى. كۆسرەت رەسوڵ بە تەنها مایەوە، دوو ساڵیش پۆستى جێگری سەرۆكى هەرێم بە بەتاڵى مایەوە! كە بە پێى رێككەوتنى نێوان پارتى دیموكراتى كوردستان و یەكێتی نیشتیمانى كوردستان، بەشى یەكێتى بوو. نەدەبوو كۆسرەت رەسوڵ ئەو پۆستە قبوڵ بكات، چونكە بە قبوڵ كردنى ئەو پۆستە، وەك ئەوە وایە رۆنى قاز لە لەشى پارتى بدرێت، ئەوەى روون و ئاشكرایە لە قبوڵكردنەوەى ناوبراو بۆ ئەو پۆستە، ئەوەیە كە پارتى لەم رێیەوە دەیەوێت ناراستەوخۆ بۆ كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان بە گشتى، بە تایبەت هەوادارانى كۆسرەت رەسوڵ بڵێت، هەر جوڵەیەكى ئەم كابرایە تەنها بۆ مەرامى شەخسى خۆی و میراتگرانیەتى، ئێوەشى وەك پردێك لە بەردەم خۆیدا راخستووە! واتە دەكرێت بڵێین قبوڵكردنى ئەو پۆستە لە لایەن ناوبراوەوە، سڕینەوەى تەواوى هەڵوێستەكانی رابردوویەتى لە ئاست پۆستێك، كە خۆیشى و حیزبەكەیشى دەزانن ناتوانن بە تەواوى مانا پیادەى پۆستەكە بكەن! كورد وتەنى هەموو ئەو شین و شەپۆڕەى وەك هەڵوێست نواندن و بەخشینەوەى وەتەنیات بەسەر خەڵكیدا تەنها بۆ هەلیسەكە بوو!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

