<

بۆ ئێمەی كورد، ویكیلیكس هیچی نوێی پێ نەبوو! وشەگەلێكیش لەبارەی گرتنی (ئاسەنگ)ەوە

10/12/2010, 12:00 (GMT+1)
فەرەنسا
تەواوی ئەو بەڵگانەی پێگەی(ویكیلیكس) بڵاوی كردنەوە بێگومانم كە هی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكان، چونكێ زانیارییەكان وردن و رێی تێناچێ ئەو زیانیارییە وردانە لەلایەن چەند رۆژنامەوانێكەوە ساختە بكرێت. لە هەمان دەمدا تا هەنووكە بە فەرمی ئەمریكا دروستی نێوەرۆكی بەڵگەكانی رەت نەكردۆتەوە.
لێ سەرباری هەموو ئەو هەڵڵایەی لەدونیا لەسەری كرا، بۆ ئێمەی كورد ئەو پێگەیەی شتێكی ئەوتۆی تێدا نەبوو كە كورد توشی شۆك بكات. هەرچەندە باوەڕ ناكەم كورد بە هیچ شتێك تووشی شۆك بێ. دەنا ئەوەی ئێمە لە باشووری وڵات لە دوو دەیەی رابردوو بینیمان بەشی ئەوە دەكەن مرۆڤ توشی شۆكی راستەقینە بكەن و بیر لە گۆڕینی بارودۆخەكە بكاتەوە بە هەرشێوەیەك بێت. بۆیە پێموانییە نە ئەو بەڵگەنامانەی ویكیلیكس و نە دەیانی دیكەی وەها شەقامی كوردی بجوڵێنێت!
سازش كردن لەسەر كەركووك شتێكی كۆنە و ئێمەی كورد لەو چەند ساڵەی دوای لەناوچوونی ریژێمی بەعس بە چاوی خۆمان بینیمان. ئەدی نەدەبوو هەتا كۆتایی ساڵی 2007 بەندی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق جێ بەجێ كرابا؟! ئەمڕۆ سێ ساڵی رەبەق بەسەر وادەی جێ بەجێ كردنی ئەو بەندە رەت بووە، كەچی هێشتا سەرژمێریش نەكراوە، هێشتا هەموو راگوێزراوەكانی سەردەمی بەعس قەرەبوونەكراونەتەوە! ئەوەی لە بەرپرسانی كوردیشی دەبیستین جگە لە نووزەیەكی كز هیچی دی نییە. ئەدی ئەوە سازش كردنی كردەیی نییە لەسەر كەركووك؟!
ئەوەیدیكە باس لەوە دەكات بەرپرسانی كورد لە كن ئەمریكاییەكان قسەی سوكیان بەیەكدی گوتبێت، ئەوەش شتێكی نوێ نییە، بەتایبەت بۆ ئێمەی رۆژنامەنووس. كەمرۆژنامەنووس هەیە نەزانێ بەرپسانی كورد لەودیو پەردەوە چی بەیەكدی دەڵێن. كامە رۆژنامەنووس هەیە بەرپرسێكی كورد و دەیان بەرپرسی كورد جوای كوژاندنەوەی ریكۆردەرەكانیان جێنویان بە بەرپرسی دی نەدابێ و قسەی سوكیان بە یەك نەگوتبێ؟! بۆ ئێمە دووڕوویی بەرپرسانی كورد شتێكە رۆژانە دەیبینین و دەكارم بێژم لەگەڵی لێ ڕاهاتووین!
هەرچی باسی مەسەلەی دەستوەردانەكانی ئێران و توركیا و سعودیە وڵاتانی دییە، هەموومان دەیزانین و تەنانەت لە گۆڤاری لڤین و چەندان رۆژنامە و گۆڤاری دیكە زۆر بە وردی و بە داتاوە بڵاوكراونەتەوە. لە نموونەی ئەو راپۆرتانەی لەسەر (ئیتیڵاعات لە كوردستان) و (بنكەكان و چالاكییەكانی میت لە كوردستان) كە لە گۆڤاری لڤین بڵاومان كردنەوە.
دوای بڵاوكردنەوەی شەپۆڵی سێیەمی بەڵگەنامەكانی ویكیلیكس دەربارەی راپۆرتی بالیۆزخانەكانی ئەمریكا لە وڵاتانی جیهان، ئەمریكا و زۆرێك لە سیاسییەكانی دونیای توشی شەرمەزارییەكی بێوێنە كرد. بەوەنا كە ئەمریكا سووكایەتی پێ كردوون، لەبەرئەوەی ئەو سوكایەتییانە كەوتنە سەر رووپەڕی رۆژنامەكان و لە تەواوی وڵاتان بوونە قسەی سەر زاری خەڵك. ئەوەش لەسەرێكەوە ئابڕووچونێك بوو كە یەكەمجارە وڵاتان بەخۆیانەوە دەیبینن. لە سەرێكی دییەوە ئەوەی دەرخست كە بە كردەیی ئەمریكا كاری دیپلۆماسی ناكات، بەڵكو زۆربەی كاری باڵیۆزەكانی ئەمریكا سوككردنی بەرپرسانی وڵاتانە و سیخوڕیكردنە بەسەریانەوە. دیپلۆماتەكانی ئەمریكا هێندەی بە قسەوقسەڵۆكەوە خەریكن هێندە خەریكی كاری دیپلۆماسی نین. یەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە ئەوەی بووە هۆی دروستكردنی پرسیارێكی گەورە لەسەر دیموكراسییەتی ئەمریكا و دواتریش ئەوروپا، تەنگ هەڵچنین بوو بە بەڕێز ئاسەنگ لەدوای وەشاندنی شەپۆڵی سێیەمی بەڵگەنامەكان. ئەمریكییەكان بە لێدوانە سەیرەكانیان سەبارەت بە گرتن و تۆڵەكردنەوە لە ئاسەنگ گەلێكمانیان توشی سەرسوڕمان كرد. ئەوروپییەكانیش بە چوونە پاڵ ئەمریكا لەو هەڵوێستەی بەرامبەر پێگەی ویكیلیكس و دامەزرێنەرەكەی و داخستی پیگەكە لە هەندێك وڵاتی ئەوروپی و داخستنی هەژماری بانكی ناوبراو هێندەی دی لەوە دڵنیای كردینەوە كە ئەوروپا زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ لەلایەن ئەمریكاوە بەكاربهێنرێت بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی هۆی. دەنا ئەوروپییەكان لەبری ئەوەی هەڵوێست لە دژی ئاسەنگ بگرن، دەبوو هەڵوێست لەبەرامبەر وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وەربگرن و پرسیار ئاراستەی ئەو بكەن. بە دیدی لەم روەوە لاوازی سەرانی سیاسیی ئەوروپامان بۆ دەردەكەوێت.
ئەوەی ئێمەی نیگەران كرد، رووبەڕوكردنەوەی تۆمەتێك بوو بۆ جولیان ئاسەنگ لەو دەمەیدا تەنیا چەند كاتژمێرێك بەسەر بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەت نەببوو، دواتریش دەستگیر كرا. ئەوە روونە كە گرتنی ئاسەنگ پاڵنەرێكی سیاسیی لەپشتەوەیە و ئەمریكا رۆڵگێڕی سەرەكییە لەو شانۆگەرییەدا.
ئەوەی زێدەتر توشی نائومێدیمان دەكات ئەوەیە كە رێكخراوە مرۆڤدۆستەكان و ئەوانەی بەرگری لە رۆژنامەنووسان دەكەن لەو رووداوە هێندە شەرمنانە قسە دەكەن وەك ئەوەی ئاسەنگ تۆمەتباری جەنگ بێت. یانەكێ وەك ئەوەی ئاسەنگ تاوانبار بێت و بەر لە دادگا ئەوان تاوانەكەیان بۆ سەلمابێت. دەبوو ئەوان گەلێك ئازایانەتر و ئازادانە تر بهاتبانایە دەنگ و كەمپینی گەورەیان رێكخستبا. دەبوو ئەوان مانیان گرتبا هەتا ئەو هاوكارەیان بەردەدرا.
خۆ ئەمن پێموایە لە مەسەلەی وەشاندنی راپۆرتەكانی باڵێۆزخانەكانی ئەمریكا تۆمەتبارێك هەبێت، خاتوو (كلینتن)ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكایە. ئەگەر بڕیارە تاكە كەسێكیش دادگایی بكرێت هەر ئەوە، نەك ئاسەنگ. ئەگەر كەسێكیش هەبێت شایانی دەركردن بێت لە كارەكەی هەر ئەو خاتوونەیە.
دەبوو بەرپرسە باڵاكانی ئەمریكا رێگربان لەو هەڵسوكەوتەی دیپلۆماتەكانیان كە خەریكی نووسینی قسەوقسەڵۆ ك و ناتۆرە نانن لە هاوپیشەكانیان. دەبوو دیپلۆماتەكانی ئەو وڵاتەش مل دانەدەن بۆ داوایەكی لەو جۆرە كە لێیان كرابێت، چونكە بەپێی یاساكانی ئەمریكاش ئەوان ناچارنین جگە لە كاری دیپۆماتی خۆیان كارێكی دی لە چەشنی سیخوڕی بكەن.
جگە لە ئەمریكا ئەوە كێیە دەڵێ (بڵاوكردنەوەی ئەو راپۆرتە نێهێنیانەی ئەمریكا بۆ رەوشی تەناهی دونیا خراپە؟!) پێموانییە هیچ كەسێكی ژیر ئەم قسەیە پاتە بكات، جگە لەوانەی بە فیتی ئەمریكا دەڕۆن بەڕێوە. دەنا بە دیتنی من ئەو كارەی ویكیلیكس كارێكی نایابی رۆژنامەوانییە، بە رەچاوركردنی ئەوەی كە پێویستە وردتر مامەڵە لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ناوی ئەوانە بكەن كە تێیاندا نووسراون، بە جۆرێك كە وا بڵاو نەكرێتەوە ژیانی كەس بخاتە مەترسییەوە. دەنا وەكی دی دەتوانین بڵێین دەچێتە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەی رۆژنامەوانی. بۆ ئێمەی كورد، ئەگەر بڵاوبوونەوەی ئەو بەڵگانە هچ سودێكی نەبێ، ئەوەی بۆ روونتر كردینەوە كە سیاسییەكانی لای خۆمان چەندە بێهێز و دەستەپاچە و دووڕوون و تا چەند زانیاری لە هاوڵاتیانیان دەشارنەوە، هەورەها چەندە بەندەی دڵسۆزی ئەمریكان. لە هەمان دەمدا ئەو تەلیسمەشی بەتاڵ كردەوە كە پێیوابوو ئیدارەكەی سەرۆك ئۆباما لەوانی پێش خۆی باشترە. ئەوەی بینیمان بەتەواوی هەرەسهێنانی دیپلۆماسیەتی ئیدارەكەی ئۆبامابوو، كە پێموایە تا چەند دەیەی داهاتووش ئیدارەكانی داهاتووی ئەمریكا دەبێ باجی ئەوە بدەن هەتا ئەو بارە لارە راست دەكەنەوە.
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست