
ڕۆژى 12 ى 5 ڕۆژى جیهانى سەلامەتى هاتووچۆیە لەو ڕۆژەدا تێكرایى خەڵك و چین و توێژەكانى كۆمەڵگا هۆشیار دەكرێنەوەو ڕێنمایى هاتووچۆى نوێ دەردەكرێ ، بەڵام لەم وڵاتە كاولبووەى ئێمە بەدەست پارتى و یەكێتیەوە لەم حكومەتە گەندەڵستانەى ئێمە بەدەست كوڕى فیرعەون و بەرپرسەكانى حزبەوە كەزۆربەیان دەمڕاست و ڕاوێژكاران كارەسات و شتى سەیرو سەمەرە ڕوودەدا ، ئەوەتا لەجیاتى ئەوەى ڕۆژى 12 / 5 كوڕەكەى كۆسرەت ڕەسوڵ بەناوى شاڵاو كەئەندامى سەركردایەتى یەكێتیە و بەحساب پەروەردەى ئەورپایە بێت لەم بارەوە دوو سیمینارو كۆڕ بگێرێ سەبارەت بەڕۆژى جیهانى سەلامەتى هاتووچۆ و چوار خوێندكارى كورد و شەش گەنج هۆشیاركاتەوە و چوار پۆلیسى هاتووچۆى داماو خەڵات بكات و بڵێ من براكەشم هەر بەكارەساتى سەیارە ڕۆیى و پاپەندى یاساى هاتوچۆبن ، كەچى بەپێچەوانەوە جەنابیان لەو ڕۆژەدا فوول دەبێ و وەردەگەڕێ و برینداردەبێ ، ئەمە باشترین بەڵگە و دەلیلە بۆ ئەوەى كەئەمانە هیچ ناخوێنەوە و پاپەندیش نابن بەهیچ یاسا و قانونێكەوە ، بەس ئامادەن خۆیان هەڵكێشن بەسەر خەڵكى فەقیرو داماودا و بەس بدزن و بیخۆن و لەسەدو هەشتا سەیارەكانیان لێخوڕن ، كوڕەكەى كۆسرەت ڕەسوڵ وەك باقى كوڕى فیرعەون و سەركردە و بەرپرسەكانى تر ڕۆژانە بەربەرچاوى خەڵكى هەژار و داماو هەزارن دەرچووى زانكۆ و پەیمانگان و هەزاران خوێندكارى زانكۆكان و هەزاران فەرمانبەر و مامۆستاى هەژارەوە لەم سەر بۆ ئەو سەرى شار و شارۆچكەكانى كوردستان جرت و فرتیانە و تۆز و خۆڵى قافڵەى مۆنیكا و وەنەوشەكانیان چاو كوێر دەكەن، ئەمانە ناحەقیان نیە و پشتیان پێیى نەهێشاوە بەخوێنى ئەو میللەتە و بەداهاتى ئەو خەڵكە ئەو هەموو سەیارە و موڵك و ماڵەیان بەیەكەوەناوە باكیان بەوە نیە چۆن دەڕوا و چۆن سەرفى دەكەن بۆیە ئەگەر ڕۆژانە دەیان دەفتەر دۆلاریش تەخشان و پەخشان بكەن و سەیارەكانیان وەرگێڕن لایان هیچ نیە ، ئاخر كوڕى كۆسرەت ڕەسوڵ تۆ چى دەیان وەنەوشەى دەیان دەفتەر دۆلاریت بەدواوە بێ ؟ لەوەش كارەساتتر لوولەى تفەنگ و مۆڕەى ناشیرینى پاسەوان و حەسەحەسەكانیان چاوت كوێر دەكەن وەك ئەوەى ئەوان شۆڕشیان كردبێ و ئەم میللەتەیان لەبرسان و لەكارەسات و لەگەندەڵى نەجاتى دابێ و بەرەو سەربەخۆیى و دەوڵەتى كوردیان بردبین ، نازانن ئەگەر كۆسرەت ڕەسوڵ نەبێ ڕۆژى تانكەرێكیش ئاو بخۆنەوە كەس پێیان ناڵێ عافێتان بێ !!.
ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بریندار دەبێت
11:24:13/05/2011
راگەیاندنى هاتوچۆی سلێمانى
خەندان، شەهاب ئەحمەد
شەوی ڕابردوو لەئەنجامى ڕووداوێکى هاتوچۆدا، چوار هاوڵاتى بریندار بوون، کە یەکێکیان شاڵاو کۆسرەت رەسول- ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستانە.
بەهۆی تیژڕەویی و لەئاکامى وەرگەڕانى ئۆتۆمبێلەکەیان، لەدەباشان-ی سلێمانى، سێ پێشمەرکە و شاڵاو کۆسرەت رەسول تووشی رووداوێکى هاتوچۆ دەبن و بریندار دەبن.
سەرچاوەیەکى پۆلیسی نەخۆشخانەى فریاکەوتن، بەسایتى خەندان-ی وت: "چوار بریندارەکە باری تەندروستییان باشە و سەر لەبەیانى ئەمڕۆش، شاڵاو کۆسرەت رەسول چۆتەوە ماڵەوە و باری تەندروستى زۆر باشە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست