<

پەیامی سـێ نووسـەرەکە و جورعەی لێبووردەیی

25/02/2011, 12:00 (GMT+1)
سەرەتا بە شێوەیەکی گشتی ئەو داڕشـتنەی کە ھەر سێ نووسەر بڵاویانکردۆتەوە بریتیە لە دووبارەکردنەوەی ھەندێک بەھای یونیڤرسـاڵی جوان و مرۆڤانە و گرنگ کە بەشـێوەیەکی شـیعری جوان ھۆنراوەتەوە، بەڵێ تێبینیگەلێکی بەنرخە و پێویسـتە بە بیر خەڵکی
> بھێنرێتەوە بەڵام ئەوەندەی پەیامێکی ئامۆژگاریکەرانە و ئاڕاسـتەکاریانەیە بۆشـاییەکی ئەوتۆی تێدا بەدیناکرێت بۆ دواندنی ئەو ئاڕاسـتەیەی دیکە کە ئەوان پێیان وایە ئێسـتا بەسەر کەش و ھەوای خۆپیشـاندانەکەدا زاڵە. کەش و ھەوایەک کە سـێ ڕۆژ پێش ئەو پەیامەی ئەوان زمانی عـەقـڵی ھەڵـبژاردووە و توندو تیژی ڕەت کردۆتەوە. بەڵام ئایا خۆپیشاندەران مافی ئەوەیان نیە کە خۆیان ڕێگابدەن بەو کەسانەی کە قسەیان بۆدەکەن؟ ئایا دەکرێت بەناوی ئازادی ڕادەربڕینەوە ڕێگا بدرێت مەلا بەختیار و سەرۆ قادر و فڵان و فیسـار بێن قسەیان بۆ بکەن، بەڵێ دەکرێت لە کۆڕ و کۆبونەوەی دیکەدا، لە پەرلەماندا، لە مێزگردی تەلەفیزیونیدا ھەر کەسێک بە بەعـسـیشـەوە بدوێنرێت و قسەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام لە دۆخێکی وەھا حەماسـیدا و لە کۆبونەوەی نەوەیەکی زامداری ئەم سەردەمەدا ئەکرێت گوێ لەکەسێک بگرم دوێنێ و ئەمڕۆ گاڵتە و یاری بە ئازارەکانم کردبێت؟ ھەمـوو ئەو پێشـەکیەی کە لەسەرەتادا پێش داخـڵبوونی بۆ ڕووداوی پێڵاو ھاویشـتنەکە نوسـراوە پێشـەکیەکی گشـتگیرە و پەیامێکی بەســوودە لەم کاتەدا، بەڵام ھەر لەگەڵ یەکەم ئامژەدان بە "پێڵاو" ئیتر ئەبێت بە شـرۆڤەکردنی ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ فەرھاد پیرباڵـدا لە خۆپیشـاندانەکەی سـلێمانیدا کراوە و ھەر زوو لەپاڵـیدا دەنووسـن "ئەوانەی پێڵاو دەگرنە خەڵـک و جـیاوازی ڕادەربڕین دەکوژن و ئازادی ڕادەربڕین پێشـێلدەکەن دۆسـتەکانتان لێدەکەن و دوژمنتان بۆ زیادەکەن" دەربڕینێکی جوانە بەڵام زیاتر بۆ فەرھاد و پێڵاو ھاوێژەکان داتاشـراوە. ڕاسـتە ھیچ مرۆڤێک شـایەنی ئەوەنیە پێڵاوی تێبگیرێت ئەگەر ھەرچەند ھەڵوێسـتەکانیشــیان شـایەنی ئەوە بێت ھەزاران جار بخرێیتە ژێرپێوە، بەڵام گەنجی ئەمڕۆ زۆر لەوە ھۆشـیارترە ڕێگەبدات ھەر کەسـێک بێتو بڵی با قسـەت بۆ بکەم ڕێگەی بدات مایکرۆفۆن بگرێتە دەسـت و سەلیقەی شـۆڕشـگێڕی ئەوان لەم کاتە ناسـكەدا بشـێوێنێت کە خۆشـبەختانە تا ئێسـتا زۆربەی کەسـانی ھۆشـیار و دڵسـۆز سەروکاری ئەم کۆبونەوە جەماوەریانە دەبەنبەڕێوە. ئەگەر بانگەوازی "لێبوردەیی" گاندی سەرچاوەکەی فەلسەفە و ئاینی ھیندۆسـی بووبێت ئەوا ئەوەی ئەمڕۆکە ئەو گەنج و ڕۆشـبیرە ھێناویانەتە کایەوە بەڵگەیەکی زیندووە بۆ بەکارھێنانی ئەقڵ و پەندوەرگرتن لە ڕابردوو، چونکە ڕابردووی ئێمە پڕبووە لە توندوتیژی و یەکڕەنگی و کینە و غەدر کە پانتاییەکی ئەوتۆی بۆ یەکتر قبوڵکردن تێدا نەبووە بۆیە تەنھا لەڕێگای گوێگرتن لە یەکتر و بەکارھێنانی زمانی ئەقڵەوە دەتوانرێت داھێنان لە کەتوورەکەماندا بکەین بیگۆڕین بەڵام مافی خۆمانە تەنھا ئەو کەسەی کە متمانەمان پێیەتی قسـەمان بۆبکات بەتایبەتی لە سـاتەوەختێکی شـۆڕشــئاسای وەک ئێسـتەدا کە ئامانجەکان زۆر بە ئاشـکرا دەوترێتەوە. تا جارێکی تر لە ژێر ناونیشـانگەلی وەک، عەیبە و با حەیای میلەتەکەمان نەچێت و.... ئەم جۆرە قسانە ڕێگا نەدرێت خەڵـکانێک بێن و لە ڕێگای خۆپیشـاندان و کۆبونەوەی مرۆڤە ھۆشـیار و مافخوراوەکاندا خۆی لە بێھەڵوێسـتیەکانی ڕابردووی پاک بکاتەوە. .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست