دارەکەی ئیمام محەمەد لە بندا ببڕن
02/07/2010, 12:00 (GMT+1)

مەزارگەی ئیمام محەمەد کە وەك دەڵێن پیاو چاکێك بووەو لەو جێگەدا نێژراوە، خەڵکانێك سەردانی دەکەن و پەنای پێ دەبەن بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانیان بەتایبەت ئەو کەسانەی کە بەساڵدا چوون.
جگە لەوەی مەزارگەی ئیمام محەمەد مەزارگەیە کانیاوێکی جوانی پاكی لێیەو خەڵکی شارەکە زۆرێکی سوود لە ئاوەکەی دەبینین بەتایبەت لە ئێستەدا کە ئاوی دەربەندیخان ئاوێکی پاك و تەندروست نی یەو هەرکەسێك تەندروستی بەلاوە گرنگ بێت نایخواتەوە، یان ئاوی مەعدەنی دەکڕێت وەیان لە ئیمام محەمەد ئاو دەهێنیت، گرنگی داریش لە زۆر ڕوانگەوە بەرز نرخێنراوە هەم لە ڕووی ژینگەوە وە هەم لە ڕووی جوانی سیماوە، هەربۆیە زۆرجار دەبینین شارەوانیەکان دار دەڕوێنن و ئەو هەڵمەتە دەست پێ دەکەن، وە کاتێکیش کەسێك دارێك ببڕێت ئیدانە دەکرێت.
بەڵام ئەم دارەی ئیمام محەمەد بەجیایە لە گشت دارەکانی تروو بەڵکو بووە بە جێگەی خۆ کوشتن و دیاردەیەکی ترسناك لە دەربەندیخاندا، بەشێوەیەك ئەگەر کەسێك ئێوارە زوو نەیەتەوە بۆ ماڵ سەردانی دارەکەی ئیمامی محەمەدی بۆ دەکەن بەتایبەت ئەگەر تۆزێك کێشەی هەبوو بێت، ئەمڕۆ لەگەڵ برایەکمدا قسەمان دەکرد بە تەلەفۆن دەیووت ئێستە پاسەوانیان بۆ دارەکە داناوە لەترسی ئەوەی کەسانێك کە دەیانەوێت خۆیان بکوژن پاسەوانەکە ڕێگر بێت لێی، وەك نوکتەش ئەوەش دەوترێت کە پاسەوانەکەش پاسەوانی پێویستە نەوەك ئەویش خۆی بخنکێنێت، جا لێرەدا من ئەوە دەڵێم ئایا لە جێگەی خۆیدا نی یە ئەو دارە لە بندا ببڕدرێت.
لە ڕووی شەرعیەوە وەك مەلایەك من ئەو فەتوا دەدەم کە ئەو دارە ببڕدرێت هیچ کێشەی تێدا نی یە. نە بۆ ئیمام محەمەدی ڕەحمەتی وەك شەخسەکە وە نەوەك دینیش، هەرچەند پێ دەچێت لای کەسانێك بڕینی ئەو دارە ئاسان نەبێت بەڵام لە ڕووی شەرعیەوە لە جێگەی خۆیەتی، چونکە ئاشکرایە ئیسلام هاتووە بۆ پاراستنی پێنج شت یەکێك لەوانە پاراستنی مرۆڤەکانە وە هەر شتێك ببێتە مایەی ئەوەی کە مرۆڤ بە ناڕەوا لەناو ببات جێگەی خۆیەتی ڕێگری لێ بکرێت، مرۆڤەکان لە دارەکان گەورەترن، لە مێژووی ئیسلامیشدا کاری لەو شێوە ڕووی داوە کاتێك دارێك بووەتە دیاردەیەك ئیمامەکان هەستاون بە ببڕینی.
ئەوکاتیش پێویست بە پاسەوان ناکات و ترسی پاسەوانەکە خۆشیمان نابێت. پاراستنی دانیشتوانی دەربەندیخان و سیمای جوانی ئەو شارە لە ئەستۆی گشت دانیشتوانی شارەکەدایە پێویستە بۆ هەرکارێك کە پەیوەندی هەبێت پێوەی هەڵوێستەی لەسەر بکرێت و هەوڵی بنبڕکردنی بدرێت.
جارێکی تر دووپاتی فەتواکەم دەکەمەوە کە پێویستە ئەو دارە لە بندا ببڕدرێت.
مەلا عومەر عەلی--ئیمام و خەتیبی مزگەوتی نوور لە شاری بێرمینگهام بەریتانیا
www.omarali.co.uk
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

