لەیادی 22 ساڵەی ئەنفالدا لە دهۆك شایی و سەیرانە
15/04/2010, 12:00 (GMT+1)

ئەمڕۆ 14/4 ئەوەی دیمەنی ئەو دایكە جگەر سووتاوانەی لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە بینی بێت , مەحاڵە خۆی لەبەر ڕاگرتبی و فرمێسكی نەڕشتبێ . چونكە تراژێدیایەكی كۆمەڵكوژی بێویژدانی كەم وێنە بوو دەرهەق بە گەلی ستەمدیدەی كورد كرا . دایكان لە شاشەكانەوە چیرۆكی گیان لەدەستانی جگەرگۆشەكانیان دەگێڕایەوە كە چۆن لە ناو سەربازگەیەكی عەفلەقی دوبزدا لە دوا هەناسەی ژیانیان بەهۆی برسێتی و نەخۆشی چاوە گەشەكانیان بڕێوەتە دایكیان و گیانیان لەدەستداوە .
ئەوەی لەم رۆژەدا زیاتر ناخی مرۆڤی هەژاند گێڕانەوەی ئەو دایكە هەژارەی خەڵكی ناوچەی جەباری بوو كە بەدەم گریانەوە باسی لە دوا ساتەكانی مەرگەساتی شارۆی كچی دەكرد و داوای خەیاری دەكرد , ئەم ژنە تا ئێستاش یادەوەری شارۆی كچی ئازاری دەدات و دەڵێت " ئێستاش كزەی لە جەرگمدایە چونكە لە كۆتایی ژیانی بەهۆی برسێتی و نەخۆشی داوای خەیاری ئەكرد و نەمتوانی خەیاری بۆ پەیدابكەم ناچار پەنای بردە بەر نەعلێكی سەوز بەهێوای تامی خەیار بكات . ئیتر ئەوە دوا هەناسەی ژیانی بوو تا مردن كزەی لە دڵم دەرناچێت . ئەوەشی گێڕایەوە تا ئێستاش كاتێك لە بازار چاوم بەخەیار دەكەوێت كزەی جەرگم دێت و وا ئەزانم لە زیندانییەكەی دوبزدام . یا بەسەر هاتی ئەو مناڵەی لە دوا هەناسەیدا تامەزرۆی چای بوو . ئەمەو دەیان چیرۆكی لەو جۆرە كە دایكان گێڕایانەوە , هەمان ئێوارە كاتژمێر 8.15 كاتی كەنەدا بۆ ئەوەی كەمێك لە خەمەكانی ئەو دیمەنانەدا كەم بكەمەوە كەناڵەكەم گۆڕی بۆ كوردستان تی ڤی پارتی كاتی پێشكەش كردنی هەواڵەكان بوو , لە بەشێكی هەواڵەكان باسی ئاهەنگ و سەیرانی قوتابیانی دەڤەری دهۆكی كرد كە بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك بۆ ماوەی سێ رۆژ سەرپەرشتی ئەو سەیرانە ئاهەنگە دەكات . سەعید سلێمان بەڕێوبەری پەروەردەی دهۆك بەوەكالەت بەشانازییەوە باسی گرنگی ئەو سەیرانەی كچانی دهۆكی دەكرد وەكو ئەوەی ئەفەندی نە ئەنفالی بیستبی و نە لە بادینان كارەساتی ئەنفال ڕوویدابێت . هەموو كیژانی سەیرانەكەش بە جل و بەرگی ڕازاوەی كوردی و زێڕ و خشل زەماوەندیان دەگێڕا , نواندنی سەیران و زەماوەند لەو رۆژەدا شتێكی زۆر سەرسوورمان و ڕێزنەگرتنە لە كەس و كاری شەهیدانی كارەساتی ئەنفال كە گەورەترین تاوانی كۆۆمەڵكوژی سەردەمە , گریمان ئەو كاربەدەستەی دهۆك كورد نییە و مرۆڤێكی هەست نزمە , ئەی كوردستان تی ڤی بۆ هەستی كەس و كاری ئەنفالەكان بریندار دەكات و ئاهەنگەكەی بڵاو دەكات . ئاشكرایە حەوت هەڵمەتی پرۆسەی ئەنفال زیاتر ناوچەكانی كەركوك و گەرمیان و دەشتی هەولێر و سلێمانی گرتەوە خۆ تۆزقالێكیش ناوچەی بادینانی گرتۆتەوە . بەخش كردنی سەیران و ئاهەنگ بە جلی ڕازاوەی زەرد و سور لەرۆژی 14/4 و نواندنی هەڵوێستی نامرۆڤانەی بەڕێوبەری پەروەردەی دهۆك بەو شێوەیە لەو رۆژەدا مایەی بێ ڕێزی و بێوەفایی كاربەدەستانی پەروەردەی دهۆك و كەناڵی كوردستان تی ڤییە بەرامبەر كەس و كاری شەهیدان , پێویستە ئەو بەڕێوبەرە لێكۆلینەوەی لەگەڵدا بكرێت و ڕسوابكرێت . كەناڵی كوردستان تی ڤیش چیتر شعوری كەس و كاری قوربانیانی ئەنفال و بینەران بریندار نەكات .
كەنەدا
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

