چەقۆكەى دكتور تاهیر هەورامى هەزاران كەسى لە مردن رزگار كردووە
02/02/2010, 12:00 (GMT+1)

لەبەر ئەوەى ئەمرۆ دكتۆر تاهیر وەزیرى تەەندروستیە لە حكومەتى هەرێمى كوردستان و لە رێگەى تاڵەبانیەوە بۆ ئەو پۆستە پاڵێوراوە،زۆرم پێناخۆشە داكۆكى لێدەكەم،بەڵام راستى لە حەز و پێخۆشەو پێناخۆشە گەورەترە،هەستكردن بە زوڵم بەرامبەر كەسێك،وروژاندنێكى ویژدانی و هەڵوێستێكى ئەخلاقی لێدەكەوێتەوە،كە لە هەڵوێستى سیاسى و ئینتماى ئایدۆلۆژى بەرزترە، بۆیە من لە وەلامى ئەو نوسینە بێ سەروبەرەدا ئەم چەند راستیە ئاشكرا دەكەم.
1.دكتور تاهیر لە زانكۆ لە ناو هاورێكانیدا پێگەیەكى كۆمەڵایەتى باشى هەبوو،هەر هەموو هاورێكانى بە كاك تاهیر بانگیان دەكرد،خوێندكارێكى زیرەك و سەركەوتوو بوو.ئێستەش لە ناو پزیشكان و كارمەندانى تەندروستیدا پێگەیەكى باشى هەیە و خۆشەویستە.
2.كاتێك خوێنكاربوو بارى ئابوریان باش بوو،باوكى خەریكى كاسبى بوو،دواى مردنى باوكى خۆى و براكانى لە سەر كەسابەت بەردەما بوون و هەموو سامانى ئەوان لە بلیتى عەیادە و نەشتەرگەى تایبەتەوە نەهاتووە،ئەو زەویەى ئێستە كردوویەتى بە خانوو كاتى خۆى باوكى بۆى كریوە.چەندان جار دكتور تاهیرم دیوە لە دواى كارى نەشتەرگەى لە نەخۆشخانەى تایبەت هاوكارى كارمەندانى كرووە، چەندان جاریش دیومە كرێ دەستى نەشتەرگەرى خۆى لە نەخۆش وەرنەگرتووە و بە خۆرایى نەشتەرگەریەكەى بۆ كردووە.
3.ساڵى 1987 كاتێك من لە ناوچەى قەرەداغ پێشمەرگە بووم،پێویستم بە كتێبى پزیشكى بوو،بە خێزانەكەى خۆمدا نامەیەكم بۆ دكتور تاهیر نارد و داوام لێكرد كتیبێكى نەشتەرگەریم بۆ بنێرێت،دكنور تاهیر بە مەهابادى خێزانمدا كتێبەكەى خۆى بۆ ناردبووم.
4.ساڵى 1996-1997 كاتێك عماد ئەحمەد وەزیرى تەندروستى بوو،یەكێتى نیشتمانى كوردستان ئامادەكارى بۆ پێكهێنانى سەندیكاى پزیشكى دەكرد و دكتورێكى خۆیانیان بۆپۆستى سەرۆكى سەندیكا دەستنیشان كردبو و داوایان لە دكتورەكان كرد دەنگى خۆیان بدەن بەو دكتورە،دكتورەكان بەو دواكاریەى یەكێتى رازى نەبوون و بە هەورامى و سۆرانیەوە دەنگی خۆیان دا بە دكتور تاهیر و وەك سەرۆكى سەندیكاى پزیشكانى كوردستان هەڵیانبژارد،ئەنجامى هەڵبژاردنەكە سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران و وەزیرى تەندروستى نیگەران كرد و ماوەیك كاریان بۆ شكستپێهێنانى دكتور تاهیر كرد.
ئەو ماوەیە سەرۆكى سەندیكا بوو بە گوێرەى بنەماكانى پیشەى پزیشكى كارى كردووە،لێرەدا نمونەیەكاتان بۆ دەهێنمەوە كە دكتور تاهیر كاتى خۆى چۆن ئیشى كردووە.لە ساڵى 2000دا جەلال تاڵەبانى كەسێكى لە كوردستانى سوریاوە هێنا بۆ باشورى كوردستان،بە ناوى عزەدین تەمۆ،گوایە ئەم كاك عزەدینە پزیشكەو هاتووە لە هەرێمى كوردستان كارى پزیشكى بكات،عزەدین پێویستى بەوەبوو كە سەندیكاى پزیشكان وەك پزیشك بیناسن ومۆڵەتى كارى پێبدەن،هەرچەندە سكرتێرى ئەو كاتەى ى ن ك هەوڵى بۆ دا،بەڵام لەبەر ئەوەى كاك عزەدین دكیۆمێنتى نەبوو دكتور تاهیر عزەدینى وەك پزیشك قبوڵ نەكردو رێگەى نەدا كارى پزیشكى بكات.
5.دكتور تاهیر لە رووى ئاستى زانستى پزیشكیى و سەلیقەى كارى نەشتەرگەریەوە دكتورێكى لێهاتوو و سەركەوتووە،لە كاتى كاركردندا پزیشكە هاوكارەكانى پرسیارى لێدەكەن و رێنمایى پزیشكى لێوەردەگرن.بە ئارەزووى خۆى نەشتەر لە نەخۆش نادات و لە سەر بنەماى زانستى و پێویستى نەخۆش كارى نەشتەرگەرى كردووە.لەگەڵ ئەوەشدا كە دكتور تاهیر پزیشكى بوارى نەشتەرگەریە،بەڵام لقەكانى ترى پزیشكى فەرامۆش ناكات و نەشتەر لە هەموو نەخۆشێك نادات،بۆیە ساڵى 1999-2000 لە شارى سلێمانى نەخۆشى(Hemorrhagic fever) دۆزیەوە كە نەخۆشیەكى وەبایی و زۆر دەگمەنە.
6.لە ساڵى 1997 بە دواوە دكتور تاهیر وەك سەرۆكى بەشى نەشتەرگەرى كۆلێژى پزیشكى زانكۆى سلێمانى كارى كردووە و لە هەمان كاتدا مامۆستایەكى جدى كولێژى پزیشكى بووە،لە ساڵى 1998 تا ئەو كاتەى بووە بە وەزیر بەرپرسى بەشى خوێندنى بالاى كۆلێژى پزیشكى بووە،سەرپەرشتى كردنەوە و دەرچواندنى چەندا دەورەى دبلۆمى بالا و بۆردى عراقى كردووە،لەو رێگەیەوە لەگەڵ هاوكارەكانى تریدا چەندان پزیشكى پسپۆریان بۆ هەرێمى كوردستان پێگەیاندووە.
2-2-2010
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

