من و هاوڕێكانم ڕاستگۆبووین لەگەڵ كوردستانپۆست لەباسكردنى كەموكوڕیەكانى تەندروستى ڕانیە .
20/05/2012, 12:00 (GMT+1)

ئێستا گەندەڵى و كارەنایاسایەكانى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە كەوتۆتە سەر ماڵپەڕى ڕۆژنامە و پەیجەكانى فەیسبووك بەپێویستمزانى ئەو وەڵامە بدەم بەهەموو لایەك كەئێمە ڕاستگۆبووین لەگەڵ كوردستانپۆست و خوێنەرەكانى ، كاك ڕێبوار بیتوێنى ئەوكات داواى دەكرد سەرۆكى هەرێم و حكومەت بێنە تەندروستى ڕانیە لەجیاتى سسزاو بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕانیەو ستافەكەى پاداشت بكەن . لەنووسینى یەكەمدا زۆر نەچوومە ناو تەفاسیل بەڵام ووتم بۆ ئەوەى ئەم ڕێبوارە خۆمان لێ نەكات بەنووسەرو سوپەرمانى ئاخیر زەمان باش باش بۆى ڕوون دەكەمەوە ئەوانە شایەنى خەڵات و ڕێزلێنان یان وەك سەرۆكى هەرێمەكەى كاك ڕێبوار شایەنى دادگان .
دابین نەكردنى دەرزى یان هەر ڕووداوێكى نەخوازراوى تەندروستى لەسنوورى پشدەرو بیتوێن ڕووبدات ڕاستەوخۆ خەڵك و كارمەندانى تەندروستى سكاڵا بۆ لاى سێ كەس دەبەن بەڕێوبەرى گشتى ، ل . پلاندانان ، ل . كاروبارى یاسایى ، لەسەر ئەم ئەساسە ئەو كات باسى ئەوانم كرد ئێستاش دەیڵێم ئەگەر پلاندانان و یاسایەكى باش هەبووایە ڕێگەیان نەدەدا ئەم كارەساتانە ڕووبدات یان ئەو بەڕێوبەرە گشتیە بەم جۆرە هەڵسوكەوت بكات ئەوەتا گەیشتە پەلاماردانى ئاینى ئیسلام و دین ((لەخوارەوە سەیر بكەن و بزانن كارمەندێكى تەندروستی بەڕێز لەپەیجە تایبەتەكەى خۆى لەفەیسبووك چى نووسیوە ؟.))
_ ئەو كاتەى من و هاوڕێكانى تریشم باسى گەندەڵى و كەموكوڕیەكانمان دەكرد لێپسراوى بەشى یاسایى هات باسى خۆى كرد ووتى من بەقبوڵ خاس وەرنەگیراوم فۆرمم پڕكردۆتەوە ساڵانە 450 هەزارم داوە بەو بڕوانامەیە .
لەكاتێكدا هەموومان دەزانین هەمووكۆلیژو پەیمانگایەك وایە فۆرم وەردەگرى و پڕى دەكەیەوە بەوانەى بڕوانامەشیان نیە یاخود تەزویرە دوایى پۆلێن دەكرێن ئەوانەى حزبین و دەرچووى شەشى ئامادەین شانسیان زیاترە كۆلیژى یاساش نیە كۆلیژى یاساى ئێوارانە وە خوێندكاران و قوتابیانى یاساى بەیانیان لەهەموو زانكۆكان مانیان گرت گووتیان ئەمانە قبوڵ خاسن نمرەیان لەپۆلى شەشى ئامادەیى 50 بۆ 70 یە یان دەرچووى ئامادەیى پەرستیارى و پیشەسازیى و كشتوكاڵین قبوڵ ناكەین بڕوانامەكانیان وەكو ئێمەى خوێندكارانى كۆلیژى یاساى بەیانیان ئەژماربكرێت كەبەحەقى خۆمان و نمرەكانمان وەرگیراوین كەنمرەكانمان لە 90 بەرەو سەرە ، ئەگەر جەنابى نمرەكانى بۆ كۆلیژى یاسا گونجاو بووایە كاتى خۆى لەكۆلیژى یاسا وەردەگیرا نەوەك پەیمانگا ، خۆى دەڵێ كاتى خۆى پەیمانگام تەواو كردوە .
* بەڕێزان سەیر بكەن و بزانن سیستەمى ئیدارەدان لەم بەڕێوبەرایەتیە چەندە وێرانە لێپسراوى كاروبارى یاسایى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە دەڵێ ((سەبارەت بەوەى كەمن لە دەرمانخانەى نایاسایى ئێواران كاردەكەم، من پێش ئەوەى كۆلێجى یاسا تەواو بكەم پەیمانگاى پزیشكیم تەواو كردووەو، لەساڵى 1995ەوە كۆگاى دەرمانم هەیە لەڕانیە و مۆڵەتى فەرمیشى پێدراوە لەلایەن سەندیكاو ئیدارەى شارەكەوە، هەتا ئەم كاتەش ئەم مۆڵەتە شەرعیەتى یاسایى خۆى هەیە.)) .
واتا .....
* بەیانیان لێپسراوى كاروبارى یاسایى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیەیە بەبڕوانامەى بكالۆریۆس / كۆلیژى یاساى ئێوارانى بەپارە .
*دوایى دەوام و ئێواران ئەم برا قانوونیە دەبێتە معاون توبی . (ئەوە خۆى دەڵێ قسەى من نیە) .
* كۆگایە بۆ حكومەت كاتێك دەرمان بەكۆمەڵ دەفرۆشن بەحكومەت سیفەتى كۆگا وەردەگرێ .
* ئەگینا لەئەسڵدا دەرمانخانەیەو بەتاك تاك دەرمان و كەلوپەلى تەندروستى دەفرۆشن دەرمانخانەیەكى بچووكى زۆر سادەیە لەناو جەرگەى بازاڕى ڕانیە هیچ سیماو مەرجێكى كۆگاى نیە بۆنمونە لێپسراوى بەشى پلاناندان كۆگاى هەیە لەخانوویەكى زەخم و هۆڵێكدایەو شەش كارمەندى هەیە بەڵام ئەوەى لێپسراوى بەشى یاسایى سیماى كۆگاى نیە دەرمانخانەیە بەبڕونامەى معاون توبى بكالۆریۆسى یاسایى .
* هەروەها كارێكى نایاسایى و نەشیاوى تر ئەوەیە دەرچووى پەیمانگایە مۆڵەتى كۆگاى پێدراوە لانى كەم دەبێ دەرچووى كۆلێژى دەرمانسازى بێت .
* ئەم بەڕێزە جارێكى تر كارى نایاسایى كردووە بەوەى فێڵى لەحكومەت و سەندیكا كردووە خۆى لەحكومەت بەڕەسمى ناونیشانى بڕوانامەكەى گۆڕیوە واتا لەدبلۆمەوە كردوویەتیە بەكالۆریۆس واتا لەمعاون توبیەوە بووە بە پارێزەر پۆستێكى كەورەشى بەو بڕوانامەیە وەرگرتووە بۆتە لێپسراوى كاروبارى یاسایى بەڕێوبەرایەتیەكى گشتى واتا جارێكى تر ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر بڕوانامەكەى پێشووى .
* بۆیە ئەو مۆڵەتەى ئەو باسى دەكات یاسایى نیە دەبووایە خۆى لایەنى پەیوەندیدارى ئاگادار كردبایە ووتباى من ئێستا بەبڕوانامەى یاسایى دەوام دەكەم و لەسلكى تەندروستى نەماوم كەچى ئەو ئەمەى نەكردووە ئێستاش ئێواران بەبڕوانامەى تەندروستى دەرمانخانە بەڕێوە دەبا .
* لەئێوەى بەڕێز دەپرسم لێپسراوێكى یاسایى گەورەى بەڕێوبەرایەتیەك بڕوانامەو كارەكانى خۆى لێك جیانەكاتەوە دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ كێشە یاسایەكان بكات یان بۆ باشتركردنى دۆخى تەندروستى سنوورى دوو قەزاى گەورەى وەك ڕانیەو قەڵادزێ كەئێستا سیفەتى ئیدارەى سەربەخۆشى وەرگرتووە ؟ چى بكات و چ بەرنامەیەكی هەیە ؟ قوڕبەسەر ئەو كارمەندو نەخۆشەى سكاڵاى یاسایى خۆى دەباتە لاى ئەم لێپسراوە یاسایە معاون توبیە بازرگانە قانوونیە سەرسوڕهێنەرە .
سەیرى ڕوونكردنەوەكەشى بكەن ئەو هەموو كارەساتە ڕوودەدات بەتایبەتیش مەسەلەى دەرزیەكە كەكاتى خۆى بەووردى باسم كرد جەنابى وەڵامى پێ نەبوو .
* بەڵام من وەك ڕێزێك بۆ كوردستانپۆست داواى لێ بوردن لەو بەڕێزە دەكەم لەلێپسراوى كاروبارى یاسایى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە كەسێك بەژداربووبێت لەئەنفال ئێستاش وەزیرى هەستیارترین وەزارەت بێت كەدادو قانوونە ئەم بەڕێزە بۆ بەیانیان یاسایى نەبێت و دوایى نیوەڕۆیانیش معاون توبى !.
_ كاك ڕێبوار محەمەد بیتوێنى سەرۆكى هەرێم بێت بۆ تەندروستى ڕانیە كام خەڵاتى ڕێزلێنان و كام پاداشتە دابەش بكات ؟.
ڕوونكردنەوەكەى لێپسراوى بەشى یاسایى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیەو خۆدزینەوەى ڕێبوار بیتوێنى لەبابەتى باسنەكردنى ئەو دەرزیەیى كەبەهەوڵ و هیمەتى كوردستانپۆست دابین كرا باشترین وەڵامە بەڵام لەبەر ئەوەى سنوورى زۆر بەزاندوو تكاى كرد سەرۆكى هەرێم بێت خەڵاتى ڕێزلێنان و پاداشت دابەش بكات وداواكارى گشتى بەرامبەر من بێتە سەرخەت بەوەى تەشهیرو بوختانم بەسەرۆكى هەرێم و ئەدهەم بارزانى كردووە بەچاك و پێویستمزانى ڕوونكردنەوەیەك بدەم بەجەنابیان كەئەوە من نەبووم باسى كارەسات و گەندەڵى وەزارەتى تەندروستیم كرد ئەوە سەرۆكى بەناو هەرێم و ئەدەهەم بارزانى كوردكوژ بوون ووتیان خەریكە ئەم وەزارەتە لەهەڵەبجە خراپترمان بەسەر دێنێت .
* ووتى هەڵەى زمانەوانى و تەشهیرو نازانم چى و چیت هەیە بۆت شەوكەن دەكەم منیش دەڵێم بڕۆ بۆسەرۆكى هەرێمى شەوكەن ؟ ئەگەر ڕاستت دەكرد داواكارى گشتیت بۆ كەیسى دەرزى ئەپیراكسەكە هێنابایە سەر خەت بۆمنى مەهێنە سەرخەت لەسەر ئەوەى تەشهیرم بەسەرۆكى هەرێم كردووە ؟ حەزدەكەم تۆو تەواوى هاوفكرەكانت باش باش بزانن ئەمە سەرۆكى خێڵ و دزو پیاوكوژوجەلادەكانە هەزار نەفرەت لەوەى داكۆكى لێ دەكات ئەوە سەرۆكى من نیەو قەت بەسەرۆكى خۆمى نازانم ؟ كەدەڵێم سەرۆك وەرە مەبەستم پێچەوانەكەیەتى وادەزانى من بەفیعلى بەسەرۆكم زانیوەو هانام بۆ بردوە تۆ تێنەگەیشتووى لەپەیامەكەى من بەڕێز ؟ .
داوكارى گشتى بۆ ئەشیعەى تەنوورى بێنە سەرخەت هاوڵاتى هەژارو نەدارى چوارقوڕنەو حاجیاوا سەرەى بۆ نووسراوە بۆ 1 ى 9 ى 2012 ؟ بابێت سەرۆكى هەرێم ئەمانە خەڵات كات كەبڕى تێچووى سێ تاقم قەنەفەى بەڕێوبەرایەتی دوو دەفتەر دۆلارە ؟ هەڵەى زمانەوانى چووەو مەچۆو فەرمانى داخوازى بۆمن ڕاست مەكەوە من تازە تەمەنێكم تێپەڕاندووە خۆ عەیبە نیە هەر ئەوەندەى لێ دەزانم گرنگ ئەوەیە لەكوردستانپۆست كارەساتێكمان وورووژاند هەموو دام و دەزگا حزبى و حكومیەكانى هێنایە سەرخەت ؟ ئەم هەڵە زمانەوانیانە بۆ سیستەمە پەروەردەیە سویدیەكەى سەرۆك باس بكە ؟ هەڵەى نووسین و زمانەوانى بكەم باشترە لەوەى ببمە هۆكارى كوشتنى هاوڵاتى و نەخۆشى بێ دەرامەت ؟ من نەهاتووم موجامەلەى شەخسى هیچ كەس بكەم ؟ دەڵێیى یەكێك لەكارە جوانەكانى بەهەدەرنەدانى سەرمایەیى تەندروستیە ؟ باشە منیش قبوڵمە بەڵام لەسەر حسابى كێ ؟ بودجەى خەیاڵى پارتى و یەكێتى بڕیوە ؟ یان نەسریەیى لق و مەڵبەندى بڕیوە یان دیوەخانانەى سەرۆك جاش و فایلدارەكانى بڕیوە ؟ یان خانووە حكومیەكەى خۆى گەڕاندۆتەوە ؟ نەخۆشى كردووە بەقوربانى نەخۆش ؟ گیانى مرۆڤى خستۆتە قوربانى ئافەرینێكى حزبى ؟ دەڵێ كەسى پلاندانان عەوائیلى هەشتاكان بووە ئاخر نەگبەتیەكە لێرەیە من باسى ئەمڕۆت بۆ دەكەم كە 2012 یە بەسەدان دەرچووى بكالۆریۆس و ماستەرو دكتۆرا كەوتۆتەوە قسەیەكى خراپە ماستەرێك بخرێتە ئەو شوێنە ؟ كارەساتەكە لێرەیە دەڵێ جەماوەرى زۆرە لێپسراوى بەشى پیلان دانان ئیدى تەواو گرنگ نیە هیچ دەزانێ یان نا پیلانى هەیە یان نا ؟ پرۆِژەى هەیە یان نا ، یان ناڕەحەتبووە بەوەى كە دەڵێم ئەدهەم بارزانى كوردكوژە ئێستاش بۆت دووپات دەكەمەوە بەڵێ كوردكوژە كوردكوژە كوردكوژە حەسەن كوێستانى و هەڤاڵەكانى ئەو شەهیدى كردوون ئەگەر ئەمە بەڕاست نەزانى و بڵێیى شەڕى ناوخۆ بووە ئەى تۆ قبوڵتە بڵێن مەلا عەبدوڵاى قەسرێ شەڕى ناوخۆ بووە كوڕەكەى جەلال و هاوشێوەكانى وەك ئەدهەم بارزانى نەبووون ؟ .
* لەكۆتایدا دەڵێم سەرۆك وەرە بۆ تەندروستى ڕانیە ئەوانە خەڵات بكە كەكلینیكى ئێوارانى ڕانیەیان داخست كەماوەى شەش ساڵ بوو بۆ خەڵكى هەژارو كەم دەرامەت دەرگاى لەسەر پشت بوو ؟ وەرە ئەوانە خەڵات بكەن كەنووسراوى ژمارە 380 ى نەخۆشخانەى گشتى ڕانیەیان لەبەروارى 1 / 6 / 2011 ئیمزا كردووە بۆ ئەوەى لافیتە دابین بكەن بۆ یادى دامەزراندنى یەكێتى بۆ تێكرایى نەخۆشخانەكان ؟ وەرە سەرۆك ئەوانە خەڵات بكە بەناوى كۆنە ڕقى شەخسى دۆسیەیى بڕوانامەى تەزویریان بۆ خەڵك دروستكرد ؟ وەرە ئەوانە خەڵات بكە كەساڵى 96 ئیدارەدانى نەخۆشخانەیەكیان پێ نەكرا ئەمڕۆش بەڕێوبەرایەتیەكیان خراوەتە بەردەست ؟ خەڵاتى ڕێزلێنان و پاداشت دابەش بكە بۆ ئەوانەى یەك وەسڵى چاككردنەوەى پڕادۆى جەنابى بەڕێوەبەریان زەڕبى دوو كرد ؟ ئەوانە خەڵات بكە كەلەسەر شك و گومان دوو كارمەندى چالاكیان لەپۆستەكانیان دوورخستەوە بەناوى ئەوەى نووسین بۆ كوردستانپۆست دەنووسن ؟ وەرە سەرۆكى هەرێم وەرە تەندروستى ڕانیە بەپارەى دزراوى خەڵكى كوردستان و داهاتى ناشەرعى برایم خەلیل خەڵات بكڕەو دابەشى بكە بۆ ئەوانەى دوایى نیوەڕۆیان عیادەیان هەیەو دەڵێنە نەخۆش وەرە نەخۆشخانەى كوردستانى تایبەت نەشتەرگەریت بۆ دەكەم لەنەخۆشخانەى گشتى حكومى بەشەش مانگیش سەرەت نایەت ؟ وەرە سەرۆك وەرە فریشتەكانى بەڕێوبەرایەتى تەندروستى ڕانیە خەڵات بكە كەبوونە هۆكارى نان بڕینى خەڵك و داخستنى كافتریا چۆڵ و تاقانەكەى فەرمانبەرە هەژارەكە ؟ وەرە سەرۆك وەرە ئەوانە خەڵات بكە كەبەئارەزووى خۆیان لیژنە دادەنێن ؟ وەرە ئەوانە خەڵات بكە كەبەتانى 15 دۆلاریان لەسەر نەخۆشخانەى چوارقوڕنە نووسى بەتانیەكانیش بە 5 دۆلار كڕا بوون ؟ وەرە سەرۆك وەرە نوور دەبارێ لەم بەڕێوبەرایەتیە وەرە ئەوانە خەڵات بكە كەناتوانن داواى نەخۆشخانەو خانووى حكومى وەزارەتى تەندروستى بكەنەوە لەحزب وەرە سەرۆك وەرە لەمەودوا كەس دادگایى مەكە بەس خەڵات دابەش بكە وەرە خەڵاتى ڕێزلێنان دابەش بكە لەتەندروستى ڕانیە .
_ سەیركەن ئەم بەڕێوبەرە چۆن ڕەفتار لەگەڵ ئەم كارمەندە گەنجانە دەكا ؟ من و هاوڕێكانى تریشم لەسنوورى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە دەمێكە ئەوانەمان باسكردووە واتا ڕاستگۆبووین لەگەڵ خوێنەران و كوردستانپۆست .
Rahman Halshoye
May 10
ئەمرۆ بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە چى پێ گوتین .
بۆ بەدوا داچونى کێشەى کارمەندانى تەندروستى لە مەڵبەندى تەندروستى قەڵادزێ و بە تایبەتى جیاوازى دەوامى دکتۆرو کارمەندان،دواى ئەوەى دووپاتى کردەوە کە هەر کار بەو بڕیارە دەکرێت کە دەبێت دکتۆر سەعاتێک درەنگترو سەعاتێکیش زوتر بڕواتەوەلە هەولێرو دهۆک هەمو شوێنێک هەروایەو هەرواش بووە ، دواى ئەوەى من وتم دەوام و کارى ئیدارى بە هەروابووە و هەروادەبێ و نیە وە داواى نوسراوى وەزارەتى تەندروستیم لێکرد کە جیاوازى کاتى دەوامى کارمەند و دکتۆرى تێدابێت لە یەک فەرمانگەدا، وتى کیتاب نیە تۆ بە موسڵمانى لە دایک بووى نوێژ دەکەیى و ڕۆژوش دەگرى هەرکاتێک تۆ کیتابت هێنا کە موسڵمانى منیش کیتابت بۆ دێنم.هاوڕێیان بەس بیر لەم وەڵام و لەم کارەسات و لەم وڵاتە بکەنەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

