غەزەبەکەی هەزەبەکە
29/04/2012, 12:00 (GMT+1)

جارێ پێش ئەوەی بچینە سەر باسەکەمان ، بزانین ئەوە خێرە ئەو هەموو سەرکردەو بنکردەی شیعە دێنە هەزەبەکەی زەرگەتە؟ تۆ بڵێی خۆرمای خەستەوی بەپێچەوانەوە لێرەوە بەرەو بەسرەو عەمارە بنێردرێ! عەلی چەلەبی،عادل عەبدولمەهەدی. ئەمانە ئەبێ چ کارەبن و چیان لە نەوشیروان مستەفا گەرەکە،،ناشێ واتێگەیشتبن کە هەپی بەیاز لای ئەمە و یەك خاڵ لە دەستی بەرانبەرەکەیدا ناگرن، بۆ نا؛خۆ بەخوا ئەم شیعانە گەر (عەلی) بە وەلی خوا بزانن، ئێدی بۆ وا نەزانن کە غەزەبەکەی هەزەبەکە زۆر شتی لە دەست دێ و شتی زۆر گەورەشی کردووە.. ئەوەندە نییە مەسعود ناردی بە شوێنی و بیرو ڕاو و تەگبیری پێئەکات. ئێ خۆ ئەمە کەم نییە، پێم وایە مەسعود کاتێ هات بۆ ئەمریکا بانگێشتی گەلێ لە گۆڕانخوازان و سەرۆکی ئەم بزووتنەوەی کرد، بەڵام ئەم خۆیان نەچوون! (بێ چاوێنی بن).
هەندێ لە گۆڕانخوازەکان پێیان وایە، نەوشیروان مستەفایەکی پاك، بێگەرد، ناگەندەڵ، دژ بەپۆست و پلە و پارە. دەبێ چی هەبێ وا مەسعود بارزانی بانگێشتنی ئەکات و پرس و ڕای وەردەگرێ. گریمان پاکانەی مەسعود بۆ ئەو تا هەوڵێکی جدی بدرێ لەوەی سلێمانی بەگشتی و کەسوکاری قوربانیانی کارەساتەکەی ١٧ شوبات و دواتر ئاشت بکاتەوە. کە دیارە لەمەدا درێخی نەکردوە و بۆ لەمەو دواش زیاتر هەوڵ ئەدا سەرقاپی ئەم کەیسە دابخات و چی تر نەیوروژێنێت . بۆیە هەقی خۆیەتی پرسیاری ئەوەش بکەین، کەئایا نەوشیروانیش ئەبێ داوای چی لەم بنەماڵە ئاشتیخوازە بکات، کە ماوەیەك لەمەو پێش پارەیەکی باشیان سەرف کرد بۆ ئەو دیاریە، کەچی هەر زوو لەبار برا و شەریکە دزە ئیتالیەکە ڕیسوا کرا و مەسعودیش دەستی لەبنی هەمانەکە دەرهێنا. تۆ بڵێی نەوشیروان مستەفا داوای گەڕانەوەی (دانا ئەحمەد مەجید)ی کۆنە گەندەڵی ووشکە ساڵی نەکردبێ و بیەوێ بگەڕێتەوە و پۆستێکی پێبدرێ تا ئەوەندە شەریکە ستراتیژییەکەی تەنگیان پێهەڵنەچنێت و وازیان لێبێنن!؟ بۆ نا، لێ بۆ ئەم ئەگەرە دوا ڕۆژی نزیك وەڵامدەرەوەیەتی.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

