ئەحمەد مەنسوور چۆن لە بەرنامەی بلا حدود کەناڵی (الجزیرە)دا، دکتۆرسائب عەرێقاتی سەرۆکی دەستەی گفتووگۆکانی فەلەستینی بە درۆزن دەرکرد؟!!
27/01/2011, 12:00 (GMT+1)

ئەو بەڵگانەی کە جەزیرە یەک لەدوای یەک بڵاویان دەکاتەوە شەقامی عەرەبی تووشی بە خۆدا چوونو نا ئۆمێدی کردووە،کە چۆن تەواوی دانیشتوانی فەڵەستین زیاتر لە نیو سەدە بۆ ڕزگاری ووڵاتە برینداروو داگیرکراوەکەیان قوربانی دەدەنو لەو لاشەو لە نێوژوورە پڕ لەسەوداکانی نوێنەرەکانیاندا بازرگانە خوێن مژەکانی جێگەی بڕواو، دەم سپیانی بە ناو ئاساییشیی نەتەوەییو کەسو کاری قوربانییەکانەوە برەو بە سیاسەتی لە خشتە بردنیان دەدەن!
بەڵام ئەمڕۆ میدیاکان بواری ئەوە نادەن چیتر هاوشێوەکانی وەک سائیب عەرێقات بە ناوی خەبات لە پێناوی ڕزگاری ناوچە دابڕاوو داگیرکراوەکاندا زەمەنو تەمەنی ووڵاتێک بۆ مانەوە لە سەر پیشە ئابڕووبەرەکانیان وەک هۆکار بۆ خۆفرۆشی بە کار بهێنن،ئەو شەو ئەحمەد مەنسور کە بەرنامەی(بلا حدود) واتە بە بێ سنوور پێشکەش دەکات لە ڕووبەڕوو بوونەوەیەکدا کە لەشەڕ دەچوو توانی دەمی ناوبراو بکاتە تەڵەی تەقیوو لە ڕووی دەروونیەو بیخاتە ئەوجی بێ دەسڵاتیەوە،تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی بە ئاشکرا ووشەی درۆزنو درۆکردن بوو بە تەوەری بابەتەوەکەو عەرێقات لە دڵەوە خوازیار بوو کەی بەرنامەکە بگاتە دوا کۆتاو لە دەستی ئەحمەد مەنسور ڕزگار بێ،کە بەسەدان بەڵگەوە بەرۆکی بەر نەدەدا،دیار بوو پێشکەشکاری بەرنامەکە لەڕووی نەتەوەییەوە کاری تێکرابوو چۆن ئەم سەرکردانە بە ناوی گەلەوە سەروەتو سامان قۆرخ دەکەنو لەو لاشەو مساومە لە سەر بست بە بستی خاکەکەیان دەکەن کە خاکی عەرەبە،هەرچەندە بەڵگەکان لە بەردەستا بوو عەرێقات لە سەرەتاوە دانی بە تاوانو سازشەکانیاندا نا کە لە گەڵ ئیسرایلدا بە نهێنی کردوویانە ،بەڵام دوایی بە سیاسەتی ووڵام نەدانەوەی بۆ کوشتنی کاتو تەواو بوونی بەرنامەکە لە گەڵ بەرابەرەکەیدا جۆرەکردارێکی نیشان دەدا لە ڕووی ڕەوشتەوە شتێکی کەمتر نەبوو لەو کەسانەی کە پیشەیان تەنها خۆدزینەوەو کارکردنە لە بوارێک لە بوارە بێ برەوەکاندا،بۆ نموونە هەر چەند ساتێکی کەم لە بەر شڵەژان دەستی دەکرد بە گیرفانیداو مێمۆریەکی دەردەهێناو،داوای دەکرد کە کۆمەڵێک دیکۆمێنت کە لە گەڵ خۆیدا هێنای بوو لە ڕێگەی جەزیرەوە بڵاو بکرێتەوە ،بەڵام ئەحمەد مەنسور ڕازی نەدەبوو پێ دەگووت بیبە بەڕێگاوە لە گەڵ خۆت،جۆرێک بوو لە سەرکەوتنی ئەحمەد کە بە تەواوی کۆنترۆڵی بەرپرسە فەلەستینیەکەی کردبوو کە بۆ گفتووگۆکان لە گەڵ ئیسرائیلیەکاندا داسپێرابوو،هیوادارم وەک چٶن ڕۆژ بەڕۆژ دیکتاتۆرە بەساڵاچووەکان لە بەرچاوی جیهانو گەلەکانیاندا بەرەو خاشاک خانی مێژوو تووڕ دەدرێن ئاوهاش لە هەر کوێی کوردستاندا هاوشێوەکانیان ببنە پەندی ڕۆژگارو،نەهێنی یە شاراوەو گفتو بەڵێنە سواوەکان ببنە بۆمبێکی کوشندەو ،لە بەر دەرگاو ماڵی هاوشێوەو هاو مەرامەکانی سائیب دا بتەقنەوەو، بە سەروو ماڵو کۆشکەکانیانەوە بۆ هەتایی هەپرون هەپروون بکرێنو،پێشکەشکارە کانی هەرێمی کوردستان هەمان شێوە بتوانن لە کاتی ئینتەرڤیوەکانیاندا خۆیان لە سێبەری حیزبایەتیو سۆزوو ترس دوور بخەنەوەو، هەمان شێوەی ئەحمەد پیشەی ڕاگەیاندن بکەنە جۆرێک لە خەباتو لەڕێگەیەوە داکۆکی لە مافە نەتەوەییەکانمان کاری سەرەکیان بێتو، بە بێترس بڕواننە نێو چاوانی هەرکەسێک کە خیانەت لە گەلو نەتەوە دەکاتو،خەونی گەڕانەوەی ناوچەدابراوکانی وەک کەرکوکو،خانەقینو مەندەلیو بەدرەو شێخانو شەنگال و تەواوی ئەوناوچانەی کە بە سازش کردن بوونەتە دیلی دابڕان بۆ هەتایی ببێتە خەونی ڕاستەقینەو گەلو خاکی ووڵات دەست لە ملان بە یەکتر شاد ببنەوە.
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

