<

كەیسەكەی سەردەشت عوسمان و دەنگی شەقام

31/08/2010, 12:00 (GMT+1)
ئەوە چەند مانگێك بەسەر تیرۆركردنی رۆژنامەنووس و قوتابی زانكۆ (سەردەشت عوسمان)دا تێپەڕی و كەسیش خۆی لێنەكرد بەخاوەن، جێی نیگەرانیە كە وەها رۆژنامەنووسێك تیرۆردەكرێت و بەرپرسە ورگنەكانی ئێمەش هەر خەریكی هەواو هەوەسبازی خۆیانن و كەیسەكەی بەگرنگ نازانن.
لە وڵاتەكەی ئێمە هەمیشە ئەم دیاردە سەیر و سەمارانە دووبارە دەبنەوە، لەسەرتادا كە كەسێك تیرۆر دەكرێت، هەڵایەكی گەورە دروست دەبێت و دواتر كپ دەبێتەوە، وەك ئەوەی نە بای هاتبێ و نە باران، كەمتەرخەمی كاربەدەستانی حكومەتیش چەندە بۆ جەهل و كاڵفامی دەسەڵات دەگەڕێتەوە، ئەوەندەش بۆ بێدەنگی رۆشنبیران و رای شەقام دەگەڕێتەوە، ئێمە میللەتێكین تا ئێستا ناتوانین پشت بە رای گشتی و دەنگی شەقام ببەستین، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا نیشانەیە بۆ روودانی كارەساتی زۆر گەورەتر لەوانەی كە ئێمە بینیومانن، تیرۆكردنی شێخ ستار و سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و چەندانی تر نەیتوانی شەقامی كوردی بەجۆرێك بێننە قسە كە كاریگەری هەبێت و دەسەڵات ناچار بكات بەدوای بكوژانی ئازادی را دەربڕیندا بگەڕێت و بیاندۆزێتەوە و بیانداتە دادگا، ئەمەش جارێكی تر پەیوەندی بەسیستەمی حوكمڕانی وڵاتەوە هەیە، كە هەمیشە ئەوانەی دەنگیان بەرزكردۆتەوە، لە كۆتاییدا وەك شێخ ستار و سۆران و سەردەشت بۆ هەتا هەتا بێدەنگكراون.
لەم نێوەندەدا یاریەكی زۆر ئاشكرا هەیە، هەركەسێ لەوانەی تیرۆركراون قسەیان لەسەر گەندەڵی ئیداری و ئەخلاقی بەرپرسان و كاربەدەستانی حكومەت و نادادپەروەری كۆمەڵایەتی و سەرشۆڕییەكانی هەندێ سەركردە كردووە، كەواتە ئاشكرایە كە دەسەڵات خۆی دەستی لە تیرۆركردنی هەموو ئەو نووسەر و رۆژنامە نووسانەدا هەبووە كە قسەیان لەسەر دەسەڵات كردووە.
شتێك هەمیشە دەبێتە مایەی نیگەرانی ئێمەی نوسەر، ئەویش ئەوەیە كە حیزب و دەسەڵات كۆمەڵێ كۆلكە نووسەر و رۆژنامەنووسی ماستاوچی و كۆیلە و چەلاوخۆریان هەیە كە پشتیوانی لە تیرۆكردن دەكەن، ئەوەی مایەی دڵتەنگیە ئەوەیە كە هەندێ بەناو رۆژنامەنووس دەیانگوت كەیسەكەی سەردەشت ئەوەندە گەورەنیە و پێویست ناكا واگەورە بكرێت و ئەو جگە لە قوتابیەكی زانكۆ هیچیتر نەبووە و..هتد، باشە ئەگەر سەردەشت عوسمان تەنها قوتابیەكی زانكۆش بێت خۆ ئەو مرۆڤە و مافی ژیانی هەیە و دەبێ ژیان و كەرمەت و كەسایەتی پارێزراو بێت، نەك بەنوێژی نیوەڕۆ و بەبەر چاوی ئاسایشەوە بیڕفێنن و بەو شێوە دڕندانەیە ئازاری بدەن و دواتر لاشەكەی بشێوینن و ئینجا بیكوژن و تەرمەكەی لە شارێكی تر فڕێ بدەن.
پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە بە نەزانی رەفتار لەگەڵ ئەو جۆرە كەیسانەدا دەكات و گومانی زیاتر دێنێتە سەر خۆی، ئەمجارەشیان هەر وایكردووە، ئەوەتا دوای ئەوەی كۆمەڵێك چڵكاو خۆر بەرگری لەپارتی دەكەن و سوكایەتی بە كەیسەكەی سەردەشت عوسمان دەكەن، پارتی دیموكراتی كوردستان بەبڕی یەك دەفتەر دۆلار پاداشتی یەكێك لەو رۆژنامەنووسە بێ شەرمانە دەكات كەڕاست وچەپ قسە بە سەردەشت عوسمان و نەوشیروان مستەفا دەكات، ئەگەر چی گومانێكی زۆر لەسەر پارتی هەبوو كە ئەو حیزبە سەردەشتی تیرۆر كردووە، بەڵام بە پاداشتكردنی ئەو رۆژنامەنووسە، پارتی ئەو گومانەی كرد بە یەقین لەسەر خۆی.
خاڵێكی تر كە بۆ پشتراستكردنەوەی ئەو بابەتە ئەوەیە كە تا ئێٍستا نە بكوژانی شێخ ستار و نە سۆرانی مامە حەمە كەدوو ساڵە تیرۆر كراون نەدۆزراونەتەوە، ئەوە سەردەشت عوسمانیشی هاتە سەر.
ئەگەر كوڕی بەرپرسێكی پارتی پەنجەی بە خوێن بێت، ئەوە لە ماوەی 24 سەعاتدا تاوانبارەكان دەستگیر دەكرێت، ئەگەر پیاوێك قسەیەك بە بنەماڵەی بارزانی بڵێ ئەوە لە چاوتروكانێكدا وەك ئەوەی تاوانبارێكی گەورەیان چنگ كەوتبێت بە ئاسایش و پاراستن و پۆلیسیشەوە دەیگرن و تادەگاتە بەردەم لێكۆلێنەوە نیوە گیانی دەكەن، كەچی كەس خۆیناكاتە خاوەن كەیسەكەی سەردەشتی زوڵم لێكراو و هاوپیشەكانی، رۆژنامە نووسانی دیكەش لەترسی گیانی خۆیان ناوێرن هەموو شتێك بڵێن و هەندێكیشیان نان و پیاز بەخوێنی ئەو رۆژنامە نووسەشەهیدانەوە دەخۆن بەبێ ئەوەی خۆیان بچكترین هەوڵیان دابێت بۆ چاكسازی لەم كۆمەڵگا وێرانەی ئێمەدا، سۆرانی مامە حەمە كە ناونرا شەهیدی قەڵەم، پێش چلەكەی رۆژنامەیەكمان بۆ چلەكەی دەركرد، لەراپۆرتێكدا عەقید یادگاری بەرپرسی ژووری چالاكیەكانی پۆلیسی كەركوك وتی"كەیسەكەی سۆرانی مامەحەمە داخراوە و ناتوانین هیچی بۆ بكەین". داخستنی كەیسی رۆژنامەنووسێكی تیرۆركراو چ دەلالەتێكی هەیە؟ ئایا ئەمە مانای تێوەگلانی دەسەڵات نیە بەو تاوانەوە؟ ئایا ئەمە كوشتنی ئازادی رادەربڕینمان بۆ ناخاتە روو؟ بێگومان كەیسەكەی سەردەشت عوسمانیش بەنهێنی داخراوە و كەسیش بۆی نیە بڵێ بكۆژانی سەردەشت عوسمان بۆ نەدۆزرانەوە؟.
من بەدڵنیاییەوە دەڵێم داخستنی كەیسی ئەو رۆژنامەنووس و نوسەرانە و تیرۆركردنیان و رێگرتن لە ئازادی را دەربڕین و سوكایەتی كردن بە كەرامەتی هاونیشتیمانیانەوە، هەیمەنە و لاف لێدانی دەسەڵاتی كوردی لە ئازادی و دیموكراسی دەخاتە ژێر پرسیاری وڵاتانی دنیا و دەوروبەریشەوە. ئەمەش بەزیانێكی زۆر گەورەی بۆ ئەم دەسەڵاتە كۆتایی دێت و رووی رەش و ناشرینی دەسەڵات وەدەردەكەوێت، رۆژێكیش دێت هەموو شەقام پێكەوە دەنگ هەڵدەبڕن و دەڵێن "بڕوخێ بنەماڵە و خیانەت و كوشتنی قەڵەمی ئازاد"، ئەوسا شەقام دەتوانێ كاریگەری لەسەر گۆڕٍانكاریەكان هەبێت و هاونیشتیمانیش ماف و كەرامەتی بۆ دەگەڕێتەوە.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست