<

كەر و شەڕ و هەڵبژاردن

08/07/2009, 12:00 (GMT+1)
بەداوای لێبوردنەوە لە سەران و بەرپرسانی حیزبی كەرانی كوردستان ئەم چەند دێرە دەنووسم,هەرچەندە تاكو ئەمچركە ساتە پاڵپشتی خۆیان بۆ هیچ كاندید و لیستێك ڕانەگەیاندووە,وەلێ ڕوداوەكان وا بڕۆن بە زۆر ڕادەكێشرێنە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە,لیستی كوردستانی كە ئەسپێكی سپی هێماكەیەتی"ئەسپ و ماین و هێستر لە خانەوادەی كەرن,ئەگەر كەر بە دێزەكەیەوە باوك و دایكیان نەبێت لەوان كەمتر نییە"ئەوهێمایە"ئەسپ"نیشانەی هێزو ئاوەدانكردنەوەیە,لیستی كوردستانی بێ ئاگاداركردنەوەی خاوەند هێماكە,كەڵكیان لێی وەرگرت و مافی خاوەند موڵكایەتی حیزبی كەرانیان پێشێلكرد.
لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە كەر هاوكاری سەرەكی مرۆڤ بووە لە بنیات نانی شارستانیەت,ئەوەندەی ئەو بەشی لە بنیات نانی شارستانیەتیدا هەبووە,هیچ كائینێكی دیكە نەیبووە,كاریگەرترین پارتی جیهانی"پارتی كۆماری ئامەریكا"هێماكەی كەرە و شانازی بە ئاڵاكەیانەوە دەكەن و لەسەر سەریانی دادەنێن,هەرچەندە ئەوان لە زووەكەوە پێویستیان بە هێز و ئەقڵی كەر نەماوە.
لە هەڵبژاردنی پێشووی كوردستان لەو كاتەی یەكگرتووی ئیسلامی یاخی بوەوە لە ڕیز و لیستی تایبەتی خۆی پێكهێناو بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی ئێراق,لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بە تایبەت ینك و پدك,چەندین كەری بەسزمانیان هێنا و لەسەری ناوو ئارم و ژمارەی لیستی یەكگرتووی ئیسلامیان نووسی و بەرەڵای گەڕەك و ئۆردوگاوشارانیان كرد,لە پاڵیشەوە بە چەقۆ ورگی یەكگرتووەكانیان دڕی,ئیتر كەری بەسزمان لەبەر ئەوەی پێویستیان پێیان نەمابوو هاووڵاتیان كەوتنە بەر بەردبارانی,هەموو ئەوانەی چەند ساڵێك پێشتر كەر سەرچاوەی ژیانیان بوو توندتر بەربوونە گیانی,لەسەردەمی سەدامیش كەر بۆ زۆر كاری تیرۆریستی بەكار هێنرا,یاخود لەسەری ناوی سەدام و سەید ڕەئیس نووسراو پاشان بە شێوەی دڕندانە كوژرا.
دوای ساڵی 1967 كە عەرەب بەرامبەر ئیسرائیل دۆڕا,كەری بەسزمان لەسەریان نووسی ئیسرائیل و گەڕەك بە گەڕەكی قاهیرەیان پێی كرد و بەرد بارانیان كرد,داخی دۆڕانی خۆیان بە كەر دەركرد,هەموو كات دۆڕاوەكان هانا بۆ كەری بەسزمان دەبەن,لە بری ئەوەی ڕەخنە لە خۆیان بگرن .
ئەوەی لە گەل یاخی بوەوە و خیانەتی لە نەتەوە كرد,ئەویش ناوی كەری بەسزمانی لێنراو كرا بە جاش,وەلێ هیچ كاتێك لە مێژووی مرۆڤایەتیدا كەر نەك خیانەت بەڵكە جوتكەشی لە خاوەنەكەی نەداوە.
لەم خولەی هەڵبژاردن ئەوەی تاكو ئێستا مافی پێشێلكراوە هەر كەر بوو,سەرەتا كوردستان پۆست لیستی كوردستانی بە كەرە دێزە ناوزەد كرد,ڕاستە كەری دێزە حەز بە مردنی خۆی دەكات بۆ ئەوەی زیان لە خاوەندەكەی بكەوێت,بەڵام قەت ئامادە نییە لە ڕوحی خۆی زیاتر زیان بە هیچ بگەیەنێت,ئەوەی دەسەڵاتداران كردیان لە 18 ساڵی ڕابردوو زیان بوو لە هەموو كورد,پاش كوردستان پۆست مەلا بەختیار دەنگی كۆمەڵێك ڕۆژنامە و كەناڵی ڕاگەیاندنی بە زەڕەی كەر ناو برد,ڕۆژنامەی خەباتیش بە كەری دێزە ناو زەدیانیكرد,نازانین زەڕەی كەر ناخۆشترە یان گرمەی شەڕی ناوخۆیی ئەوان,كەری دێزە زیانی زیاترە یان دەستوورە بارگاوییە كۆنەپەرستانەكەیان,جوتكە شەرمترە یان دزی و داوێن پیسییان.
لە دوا هەڵادا لە شارۆچكەی بەكرەجۆ ژمارەیەك كەری بەسزمان لیستی كوردستانی لەسەر دەنووسرێت و بەرەڵای ناو شار دەكرێت,چەند دانەیەكیشیان لە بەكرەجۆو ڕاپەڕین دەسوتێنرێت,دیارە لە هەڵبژاردنی پێشتر ینك و پدك خۆیان ئەو كارەیان كرد,مەسەلەیەك كوردی هەیە دەڵێت:ئەوەی سینگ داكوتێت سنگی بۆ دادەكوترێت,ئێستا هەمان نمایشیان بەرامبەر دەكرێت.
لە سەردەمی شەڕە ناوخۆییەكان ینك و پدك لە پاڵ بۆردومانی هاووڵاتیان و شەڕی سەروماڵ بەرامبەر یەكتر,بۆ ناشرینكردنی سەرۆكەكانی بەرامبەر جار جارە هانایان بۆ كەر دەبرد.بە گشتی كەر لە هەموو ململانێ و كێشمە كێشەكان,شەڕ و جەنگەكان,هەڵبژاردن و ناكۆكییەكان لە پاڵ گولە و شەڕە پەڕۆ,مایكۆرفۆن و ڕاگەیاندنەكان ئامادە بووە.
كەر هێمای بنیات نانە نەك وێرانكردن.
كەر هێمای وەفادارییە نەك مرۆڤ كوشتن.
كەر هێمای ڕاستگۆییە نەك درۆكردن.
كەر هێمای زاهیدییە نەك دزی كردن.
ئەوەی كەر بەكار بهێنێت بۆ مەرامەكانی,سبەی مرۆڤ دەكاتە سوتەمەنی بەرژەوەندییەكانی.
ئەوەی ڕێزی مافی كەر نەگرێت,سبەی مرۆڤ دەسوتێنێت.
حكومەتێك نانی كەرانی پێنەدرێت,هاووڵاتیانیشی پێ بەخێو ناكرێت.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست