<

كێ زمانی جنێوی خستە نێو میدیاكانەوە؟ئۆپۆزسیۆن یاخود دەسەڵات؟

11/01/2010, 12:00 (GMT+1)
چەندساڵێكە لە میدیاو ڕاگەیاندنە حزبیەكانی دەسەڵاتەوە ئاماژە بە بەرتەسك كردنەوەی بواری ڕۆژنامەگەری و میدیای ئازاد دەكرێت،بەبیانوی ئەوەی چەندین شێوازی نا ئەدەبی لە دەربڕین دا بەكار دێت و دەبێتە هۆی دڵ ڕەنجاندنی دەسەڵات دارەكانمان..ئەوان میدیای ئازاد و ڕۆژنامە نوسی سەربەخۆ تاوانبار دەكەن و نوسراوەكانیان بە شەڕە جنێو و سەرەتای ئەم سوكایەتیە بەخۆیان دەزانن و پێیان وایە ئەمانە ژێربەژێر پەیوەندیان بە ئۆپۆزسیۆنەوە هەیە و ئۆپۆزسیۆن بە دوژمنی گەلی كورد و كورسیەكانیان ئەزانن.دیارە ئاماژەدان بەم جۆرە بیانوانە شتێكی ئاساییە چونكە بونی چاودێرێكی ڕاستەقینە بەسەر دەسەڵات دارانەوە مەترسیەكی گەورەیە بۆ دەسەڵاتێكی گەندەڵ و ئاشكرابونی نهێنیە قێزەونەكانیان.ئەگەر بە وردی لە میدیای حیزبی و ئەهلیەكان ورد ببینەوە ئاشكرایە كە لەسەرجەمی میدیا ئەهلیەكان قسەی ڕاستی دەكرێت و هەندێ جار ئاماژە بە خیانەت و دزی و فەسادیەكانی بەرپرسەكان دەدرێت، بەڵام میدیاكانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار گەلێك قسەی نا ڕەواو نادروست بە زمانێك كە هیچ بنەمایەكی ئەدەبی حەقی ناداتێ دەكرێت و بە ئاشكرا شەڕە جنێوەكەی كە میدیای ئازادی پێ تاوانبار ئەكەن لە میدیاكانی خۆیانەوە بڵاو دەكرێتەوە.لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم كە بەكارهێنانی زمانی توند لە ڕەخنەدا شتێكی ئاساییە و بەڵكو ئەركی ڕەخنە ڕوخاندنی بەرنامەیەك، پڕۆژەیەك، دەسەڵاتێكی نادروستە كە پێویست بێت سەر لەنوێ بە شێوازێكی گونجاوتر بنیات بنرێتەوە،دەنا ڕەخنەیەك نیە دروستكەر بێت،ئەوە ئامۆژگاریە نەك ڕەخنە ئەم زاراوەیەش بە ئەدەبی كوردی نامۆ نیە و دەیان ساڵە و لەسەرەتاكانی دروستبوونی بواری ڕۆژنامە گەریەوە لە كوردستان دا ڕەخنە بونی هەبووە.بەڵام بەكارهێنانی جنێو و تەشهیر و ئیهانەكردنی كەسایەتی دەكرێت بڵێین هێندە كۆن نیەو لەسەرەتاكانی دەستپێكردنی جەنگی ناوخۆوە واتا ناوەڕاستی دەیەی 1990 وە دەستی پێكردووە لە لایەن ڕاگەیاندنەكانی هەردوو بەرەی جەنگەوە،كەیەكتریان وەك خائین و پیاو كوژ و داگیر كەر و سیخوڕ و...هتد ناو دەبرد و خێزان و كەسوكاری هەردوو سەركردەی هەردوو بەرەی جەنگ (تاڵەبانی و بارزانی)یان بە سوزانی و بەد ڕەوشت وەێف دەكرد تاكو بەو بیانوانەوە دەیان ڕۆڵەی ئەم میلەتەیان بە كوشت دا و چەندین دوژمنیان هینایە خاكی كوردستانەوە،ئەو جەنگە هێندە كاریگەری لە سەر ڕۆڵەكانی ئەم میلەتە بەجێ هێشت كە دژایەتی لە نێوان ڕەنگەكان ناوچەكان ماڵەكان و تەنانەت براكانیش دروستكرد لە ساڵانی جەنگ دا ئەوان هێندەی سوكایەتیان بە بیروباوەڕ و مەبدەئو شەخسیاتی یەك كرد، هێندە ڕۆڵەكانی كوردیان تێ نەگەیاند بۆ چەكدارە بۆ بەكوشت دەدرێن.ئەوان هێندەیان جنێو بە یەك دا جنێو بەگشتی بووە خویەكی ناشرینی ئەم میلەتە سەرەتا لە سەر شەقام و كۆڵانەكان دەبیسترا و دواتر بووە وتەو بابەتی كۆبونەوە حیزبیەكان و ئێستاش لە میدیاكاندا ڕەنگ دەداتەوە واتا دەسەڵات دارەكانی ئەمرۆ و سەركردە فاشیستەكانی دوێنی دامەزرێنەری ئەم زمانە نا ئەدەبیە ناشرینەن كە ئێستا وەك مۆتەكە بەربۆتە گیانی خۆیان نەك ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازاد.
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست