ئایا شەری ناوخۆ دووبارە دەبێتەوە؟ (وەڵامەكەی یەكیەتی و پارتی بۆ سێ حزبەكەی ئۆپۆزسیۆن)
08/04/2011, 12:00 (GMT+1)

نامەوێت زۆر باس لە رابردوی دووری ئەم میللەتەی خۆمان بكەم بەڵكو دەمەوێت زور بەئاسانی باس لە گیانی براكوژی و هەستی خۆپەرستی ناو یەكیەتی و پارتی بكەم بەتایبەتی چونكە ئەوان درێژترین مێژو و گەورەترین رۆڵیان بینیوە لەو بارەوە. ئەوان لەسەردەمی شاخەوە هەتاوەكو پاش راپەرین و پاشان دوای راپەرینیش یەكتریان رەتان و كوشت و لەپێناو لەناوبردنی یەكتردا پەنایان بۆ ئەملاو ئەو لاو دوژمنانی كورد برد و بەهەزاران رۆڵەی ئەم میللەتە لەپێناو مەرامی حزبی و شەخسی ئەواندا لەناوچون و پارەو پوڵ و سەروەت وسامانی ئەم میلەتیان بەهەمو شێوەیەك تالان كردو لەسەر پاوانخوازی و پارەی گومرگەكان و لەسەر پەرلەمان و پۆستەكان و لەەسەر بونی نفوزیان لەكەركوك ..هتد. چیان بەیەك نەكرد ؟ پاش هیلاك بون و خوێنرشتن هەریەكیان حكومەتێكی تروهاتی قنج كردەوەو بۆ چەندین ساڵ كەوتنە وێزەی خەڵك و حزبەكانی ترو تۆمەتباركردنی خەڵك و حزبەكان بەلایەنگیری بۆ پارتی یان یەكیتی .پاش ئەو هەمو ملمملانێ و چەرمەسەریانە هاتن بەناو رێكەوتن لەسەر بەرێوەبردنی بەناو حكومەتێك و دابەشكردنی پارەكەو تەنازل كردن بۆ یەكتر نەك لەبەر بەرژەوەندی میللەت بەڵكو وەك باسكرا لەبەر هیلاك بونیان بەشەری ناوخۆو لەترسی حزبەكانی ترو پاشان لەترسی حكومەتی عێراق (ئەگەرچی میللەتیش ئاهێكی بەبەرهاتەوە).
ئێستاش پاش نزیكەی 50 رۆژ لە خۆپیشاندانی خەڵكی كوردستان و نارازی شەقام و ئۆپۆزسیۆن و گرتنەبەری هەمو رێگەیەكی مەدەنی بۆ دەرچون لەو قەیرانەو سەدان جار پێشكەشكردنی پرۆژەو داواكاری بۆ بنەبركردنی گەندەڵی و دابەشكردنی عادیلانەی سەروەت وسامانی كوردستان بەسەر گەلی كوردستان و هەڵبژاردنی ئازاد و دور لەساختە كاری و نەهێشتنی هەیمەنەی حزب بەسەر پەرلەمان و حكومەت وهتد. پاش ئەم هەمو هەوڵەو دلسۆزیەی شەقام و حزبەكانی ئۆپۆوسیون ،ئەوە وەڵامی یەكیەتی و پارتیە بۆ میللەت و بۆ حزبەكان و هەرئەوەش چاوەروان كراوەو دەكرێت .
هەربۆیە بەدڵنیاییەوە دەڵێم هەتاوەكو جارێكی تر ئەو دوو حزبە سەرەكیە بەشەر نەیەنەوە لەگەڵ خەڵك و حزبەكان و بەهەزارانی تر لەرۆڵەی ئەم میلەتە نەكوژرێت و ماڵ وێرانی و خوێنرشتن و شەری ناوخۆ نەكەنەوە و جارێكی تر شەكەت نەبەنەوە هەرگیز بەشێوازی ئاشتیانەو مەدەنیانە ئەو داواكاریانە جێبەجێ ناكەن و چاكسازی نابێت و دەستبەرداری ئەو خەزێنەیە نابن و ئاڵوگۆری ئاشتیانە و عادیلانەی دەسەڵات نابێت و هەرگیز ئەم میللەتە بەشمەینەتە پشو نادات .
من حەز دەكەم بمرم جارێكی تر شەری ناوخۆ نەبینم ،بەڵام حەزیش دەكەم نەمرم و رۆژێك ببینم كوردستان هەرێمێكی دیموكراسی راستەقینە بێت و هەڵبژاردن ئازادبێت و یاسا سەروەرو سەروەت وسامانی بە عادیلانە بەسەر میللەتدا دابەش بكرێت و گەندەڵی و رۆتینیات و دزی و فزی ناو دام و دەزگا حزبی و ئیداریەكان نەمێنێت. دڵنیاشم ئەمە بە م دوو حزبە سەرەكیەی كوردستان ناكرێت ، چونكە نە لێی دەزانن ،نە دەتوانن ، نە دەیانەوێت ، نە جورئەتیان هەیە .
باشترین وەڵام بۆ وەڵامەكەی یەكیەتی و پارتی و باشترین رێگای چارەسەر و سەركەوتن بەردەوامی خۆپیشاندان و بەشداری زیاتری چینەكانی خەڵكە بە ژن و مناڵ و پیرو گەنج و قوتابی و مامۆستا و،خەڵك داوابكات لە رۆڵەكانیان لە ناو هێزی ئاسایش و پۆلیس و هێزەكانی تر بۆ مەعاشێك پشت لە میللەتی خۆیان نەكەن و لولەی تفەنگ نەكەنە براو خوشك و كەس و كاری خۆیان و پشتگیری داواكانی جەماوەر بكەن . دەبێ بە هاوارمان گوێی بەرپرسان كەر بكەین و خەویان لێ حەرام بكرێت. بەڵام هەرگیز نەهێڵن راتان كێشن بۆ ئەنجامدانی توند وتیژی و شەری ناوخۆ چونكە ئەوان حەزی پێ دەكەن و لێی دەزانن و ئێوە زەرەرمەندی یەكەم دەبن وەك لەوان.
خوای گەورە دەفەرمێت: [ان الله لا یغیر ما بقوم حتى یغیروا ما بانفسهم]
پێغەمبەی خوایش دەفەرمێت : (من راى منكم منكرا فلیغیره بیده فان لم یستگع فبلسانه فان لم یستگع فبقلبه وژالك اچعف الایمان) .
/بەریتانیا
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

