رۆشنبیری كوشندە كێیە..؟
12/08/2009, 12:00 (GMT+1)

رۆشنبیر ، یان، رووناكبیر لەلای (ژۆلیان بیندا) ، كەسێكی شاهانەی دانەر وخاوەن بەهرەی رادەبەدەرو هەستێكی بەرزی رەوشتە و، خۆی تەرخان كردوە بۆ دروستكردنی ویژدانی مرۆڤایەتی. ئەوەی خۆی بۆ بابەتی ئاڵۆزو دەشێ ئەفسووناویش تەرخان كردبێ. رووناكبیری راستەقینە هەرگیز لە باشترین حاڵەتدا ، جگە لە خاوەن سۆزێكی میتافیزیكی كە بیجوولێنێ ، یان بیروباوەرێكی پاكیزە بۆ دادپەروەریی وراستی و ریسواكردنی گەندەڵی و، بەرگریكردنی لە چەوساوەكان و، تەحەدای دەسەڵاتی ناشەرعی یان ستەمكار بەولاوە هیچی دیكە نیە. نەك وەكو رۆشنبیرە كوشندەكانی لای خۆمان كە رێك پێچەوانەن ! ئەو رۆشنبیرە كوشندانەی خۆمان كە دەیانەوەێ بە زمانی "عیسا و "سوكرات وسپینۆزا و ڤۆڵتێر و ئارنست رێنان "قسە بكەن ، بەئیدیعا وەكو ناوهێنانیان ، گەرچی هەموو قسەكانیان شێواندن و سەر لێشێواندنە، بۆیە جیاكردنەوەی ئەو رۆشنبیرە كوشندانە ، ئەركی سەرەكی خوێنەری زیرەكە ، خوێنەری بە ئاگایە لەفیكرو فەلسەفە و ئەدەبیاتی مرۆڤایەتیدا، نەك ئەو خوێنەرەی كەدەیەوێ رۆشنبیری كوشندە بە پێی حەزەكانی ئەو قسە بكات، بە پێ ی داخوازیە هەنوكەییەكانی ئەو (فەلسەفەكانی) بوەشێنێ، گەرچی زۆرن ئەوانەی كە بۆ حەزەكانی خوێنەر قسە دەكەن ، بۆیە دەبینین ئەو رۆشنبیرە كوشندانە خوێنەرو دەروێشیكی زۆریان هەیە و، قسەكانی ئەوانیان پێ قسەی خوداوەندەكان و پێغەمبەرەكانە. بۆیە دەبێ میدیاكانمان و رۆژنامە ئازادەكانمان ئاگایان لەم جۆرە رۆشنبیرانە بێت و ، هەر شتێك لەوانەوە هات نابێ بەبێ لیكۆلینەوە و خوێندنەوە بڵاویانكەنەوە ، كە بڵاوكردنەوەیان دەبنە هۆی دروستبوونی نەوەیەكی ئیفلیج و نارۆشنبیر لە كوردستاندا، كە وەختێك دەزانین خاوەن كەلتوورێكی سەقەتین و لە كەلتووری میللەتەكانی دیكە ناچێت..
ئێمە دەبێ ئەوە بزانین وەكو "پوشكین" دەڵێ ، سەدان شیعرو رۆمان ناتوانن شۆڕشێك دروست بكەن . بۆ نموونە شۆڕشی گەلانی روسیا لە ساڵی 1917ئەنجامی شیعرەكانی پووشكین و رۆمانەكانی تۆڵستۆی و دۆیستۆیفسكی و نووسینەكانی باختین و و بلیخانۆف و بیلینسكی ورۆمانی "دایكی" گۆركی نەبوو، بگرە ئەنجامی زۆربوونی زوڵم و زۆرداریی و هەژاریی بوو، هەروەها بوونی ئایدیۆلۆژیای هاندەر و پێشڕەوكردنی جەماوەری ستەمدیدەو ، ئامادەباش بۆ راپەڕین لەلایەن كەسانی كاریزمیەوە . سەبارەت بە شۆڕشی فەرەنساش وابوو.
بەپێ ی قسەی "ژۆلیان بیندا" ئیشی رۆشنبیر پرۆتستۆكردن و ریسواكردنی جەنگەكان و كاولكاریەكان و تووندوتیژی ودەمارگیریی و كردەوە دڕەندەیەكانە ، وەكو چۆن فنلیون و ماسیلۆن جەنگە دیاریكراوەكانی لویسی چواردەمیان ریسواكرد؟ "ڤۆڵتێر" یش كاولكاریی بەڵاتییەكانی و "رێنان" یش كردەوە تووندوتیژەكانی ناپلێون " وبكلی" یش دەمارگیریی ئینگلترای ریسواكرد بەرامبەر بە شۆرشی فەرەنسا. (نیچە)یش كردەوە دڕندەییەكانی ئەڵمانیای ریسواكرد دژ بە فەرەنسا.. پێموایە رۆشنبیری كوردیش نابێ لە بورجی عاجی بمێنێتەوە و بێدەنگ بێ لە ئاستی پاوانخوازیەكانی دەسەڵات لە كوردستاندا، ئەو پاوانخوازیەی هەژدە ساڵە درێژەی هەیە، چونكە خەریكە پاوانخوازی دەبێتە كەلتوور لە چەمكی سیاسی كوردیدا.دەبێ رۆشنبیر بێتە مەیدانەكەوە و نەڵێ ئاگرە سوورە لە خۆم دوورەو، ئیشی من سیاسەت نیە، چونكە رۆشنبیریی بەشێكە لە ئایدیا وهزری مرۆڤ ، كە فكری سیاسیش بەشێكە لەو هزرە. لێرەدا قسەیەكی بیریاری میسری "لوتفی خولی" م بیردەكەوەێتەوە كە دەڵی -زۆرمان لە سیاسەتەوە هاتووین بۆ ئەدەب-، پێموایە جیاوازیەكی ئەوتۆ نیە، لەوانەیە هەر نەشبێ، چونكە مومارەسەكردنی رۆشنبیریی خۆی لە خۆیدا مومارەسەی ئەدەبە، وەكو دەبینین گەورە رۆشنبیرانی جیهان چوونەتە نێو رێكخراوە سیاسیەكانەوە ، چ رێكخراوی چەپ بووبێ یان رێكخراوی راست بوو بێ و، كاریان كردوە ،وەكو كامۆ و سارتەر و شاعێریكی وەكو لیۆبۆڵد سیدار سەنگوور سەرۆك كۆماری سەنگال بوو، یان شاعیرێكی گەرورەی فەرەنسی سان جۆن بێرس باڵێوزی فەرەنسا بوو لە ووڵاتی چین. -ئیدوارد سەعید- یش یەكێك بووە لە داكۆكیكەران لە كێشەی فەلەستین ، بە بێ ئەوەی كەسێكی رەگەزپەرست بێ و گەلی جوولەكە رەتبكاتەوە. هەندێ پێیانوایە كە رۆشنبیر دەبێ لە ئاستی زینەوەرێكی خوارفی بێت كە ئەسڵن بوونی نیە ،یان ئەو كەسە بێ كە دەڵێ مەملەكەتی من لە جیهانەدا نیە . یان ئەگەر رۆشنبیر لە دەزگایەكی دەوڵەتی بووە فەرمانبەر، دەزگایەكی رۆشنبیریی بێ یان زانكۆ بێ، هیچ لەنرخی كەمناكاتەوەو نازناوی رۆشنبیری لێ وەناگیرێتەوە، بە مەرجێ نەچێتە ژێر باری دەسەڵاتەوە و ببێتە بووقی. ئەمرۆ دەبێ رۆشنبیری راستەقینە خۆی یەكلابكاتەوە، یان لەبەرەی گەلە یان لە بەرەی دەسەڵاتە، بێگومان رۆشنبیری دەسەڵاتیش لەلای جەماوەر راستگۆیی خۆی لە دەست دەدات. گەرچی لە راستیدا رۆشنبیری راستەقینە تاسەر لە گەڵ دەسەڵات هەڵناكات، لە دوا قەناعەتەكانی خۆێدا سێ بە سێ دەسەڵات تەڵاق دەدات. چونكە ئەو ناكەوێتە دوای ئامانجە پرۆسەیەكان، هەوڵی دۆزینەوەی خۆشی خۆی دەدا لە رێگەی هونەرەوە ، یان زانستی تێڕامانە میتافیزیكیەكان ، واتا بۆ بەدەستهێنانی خەسڵەتی نامادی...
پێموانیە كە چیتر رۆشنبیری كورد بێدەنگی دەكات، لەم پاوانخوازی و گەندەڵی ئیداریە لە وڵاتەكەی دا ، كە خەریكە دەیكەنە كەلتوورێكی سیاسی. دەبێ بنۆسێ و ئەو كەلتوورە پاوانخوازی و گەندەڵیە بێ ئامانەی لە كوردستاندا هەیە ، پرۆتستۆ بكات وبۆ جەماوەر ئاشكرایان بكات. من لەو قەناعەتەم ئەو بزووتنەوە گۆڕانەی لەكوردستان سەریهەڵدا بەم دواییە، ئەنجامی هیچ نووسین و بانگەشەیەكی فیكری نەبوو، بگرە بزووتنەوەیەكی خۆڕسكانەی جەماوەرێكی توورە بوو ، كە نەیدەزانی بەرەو كوێ دەڕوات، بەڵام لە سەندوقەكانی دەنگدان هەڵیڕشت و دەسەڵاتی تووشی شۆك كرد، بە ووتەی دەسەڵاتدران خۆیان ..
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

