تەنها کورد دوژمنی کوردە
21/07/2011, 12:00 (GMT+1)

گەربێت و بە ووردی چاو بە مێژووی نوێی کوردستانی باشوورو دوژمنە دەرەکیەکاندا بخشێنین ئەوا زوو دەگەینە ئەو بڕوایەی ئێمە خۆمان دوژمنی خۆمانین زیاتر، لەوەی دوژمنی دەرەکیمان هەبێت، تورك و فارس و عەرەب هەر بە منداڵی بە ڕقی ئەوان گۆش کراوین لە کاتێکدا کورد خۆی هۆکاری گەورەی بەرەو پیشچوون و بەردەوامی و گەورەی ئەو دوژمنانەدا بووە، پشت لە پەکەکە دەکرێت لە پێناو توركدا! ئەوەش وەفای توركە بەرانبەرمان، پشت لە پەژاك دەکرێت لە لە پێناو ئێراندا! ئەوەش پاداشتی ئێرانە بە تۆپدا بۆمان ڕەوانە دەکات، پشت لە حیزبە ناو خۆیە کوردەکان دەکەین لە پێناو عەرەبدا، ئەوەش پاداشتی ئەوانە بۆمان، لەبەر ئەوە زۆر بە ئاسانی دەگەینە ئەو بڕوایەی کە ئێمە خۆمان دوژمنی خۆمانین وەك لەوەی دوژمنی دەرەکیمان هەبێت، بە کورتی دەتوانیم بڵێم یەكلا نەبوونەوەی خۆمان لەگەڵ خۆماندا دوژمنی دەرەکەی بۆ خولقاندووین.
خاڵێکی گرنگیش کە جێگەی هەڵوێستە کردنە لەم سەروبەری تۆپ باران کردنەدا کە ئەویش چارەسەری کێشەکانە بە گفتوگۆ! باشە؟ ئەو دەستەڵاتە ئەوەندە باوەڕی بە گفتوگۆیە، بۆ؟ لەگەڵ حیزب و کەسایەتیە سەربەخۆکانی ناو خۆیدا نایکات! باشە بۆ وەڵامی قسە بە گولە درایەوە لە خۆپیشاندانەکاندا؟! بۆ هەنوکەش پەنا بۆ توندوو تیژی دەبەن لە کێشە ناوخۆیەکانداو لە بەرانبەر دەرەوەدا ئەوەندە سینە فراوانن! ئەوەی لە ناوخۆدا باوەڕتان پێیان نی یە بۆ دەرەوە قبوڵی دەکەن؟!، باشە ئەو دەبابانەی کە بەرانبەر گردەکە وەستابوون ئێستە لە کوێن؟! بۆ هیچ نەبێت ئەو دەبابانە لە شاخەکانی ئێراندا تاقی ناکەنەوە دواتر بەرانبەر هاوڵاتیانی کورد بەکاری بهێنن!، خۆ ئەگەر لە دەستیشتان دەرچوو لەو دێوەوە هەر کوردێکی قوڕبەسەری ڕۆژهەڵات پێوەی دەبێت و ئێوەش کەی خوێنی کوردتان بەلاوە گرنگ بووە، هیچ کات لەگەڵ شەڕدا نەبووم و زۆر باوەڕم بە گفتوگۆش هەیە، بەڵام بەرگری کردن لە هاوڵاتیانی کورد لەم کاتەدا ئەگەر چەند تۆپێکیش بکەن بە ئێراندا ئێوە بە شەڕانی نا ژمێردرێن، چونکە جیاوازی هەیە لەنێوان شەڕی هجوم و دیفاعدا، ڕاستیەکی سروشتیشە وە هەتا پێویستی بە قورئان و هیچ بنەمایەك نی یە، پەلاماری جوجەڵەی مریشکێکیش بدەیت مریشکەکە پێتا هەڵ دەگژێتەوە...ئایا ئەم حکوومەتەی ئێمە بۆ بە قەدەر مریشکێکی لێ نەهات، سنورمان دەشێوێنرێت...لێمان دەکوژرێت...لێمان ئاوارە دەکرێت...گوێمان بۆ ناگیرێت... دەستەڵاتیش هەر باسی گفتوگۆ دەکات! ناتوانم نەڵێم ئەو دەمە بشکێ کە گفتوگۆی پێ بکەن.
عومەر عەلی
www.omarali.co.uk
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

