كەماڵ كەركوكى گاڵتە بە ئەندام پەرلەمانەكان دەكات
28/06/2011, 12:00 (GMT+1)

ئەوەى لە پەرلەمانى باشوورى كوردستان دەبینرێت لە ناو پەرلەماندا موزایەدەیەكى زۆر لە سەر یەكتر دەكەن، بەڵام ئەوەى بەرژەوەندى ئەندام پەرلەمانەكانى تێدا بێت لە ئەنجامدا هەرچۆنێك بێت بە زۆرینەى دەنگ پەسەند دەكرێت، هەر وەك و ئەو دیالۆكەى لە سەر ژمارەى پاسەوانەكانى ئەندام پەرلەمانەكان كرا، ئێمە راهاتووین لە سەر ئەو شێوازى كاركردنە لە لایەن لیستى دەسەڵاتەوە بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە هەڵوێستى هاودژو ناكۆكى ئەندام پەرلەمانەكانى گۆرانە كە هەریەكەیان لە ئاوازێك دەخوێنن، لە كاتێكدا سەرۆكى لیستەكەیان بریارى زیادكردنى پاسەوانى ئەندام پەرلەمان و هێشتنەوەى دوو پاسەوان لە گەڵ ئەندام پەرلەماندا پاش خانەنشین بوونى بە كارێكى خراپ دەزانێت كەچى (كاروانى) گورانخواز چوار پاسەوانى بە كەم دەزانى و پێشنیارى كرد ژمارەى پاسەوانى ئەندام پەرلاەمان وەك و وەزیر هەشت پاسەوان بێت كە ئەم پێشنیارى دژى ئیرادەى ئەو دەنگدەرانەیە كە دەنگیان بە گۆران داوە، هەروەها دژى ئیرادەى ئەو گەنجانەیە كە سنگى خۆیان ناوە بەر گولەوە لە پێناو چاكسازیدا، لەبەر ئەوەى كەماڵ كەركوكى چاك لەوە تێگەیشتووە كە ئەندام پەرلەمانەكان ناتوانن دژى بەرژەوەندى خۆیان بوەستن و لە ئەنجامدا هەرچى لە بەرژەوەندى خۆیان بێت دەیكەن ئەویش بۆ خۆى موزایەدەیان بەسەرەوە دەكات و دێتە بەرەى گەلەوە بەڵام لە هەمان كاتدا پێیان پێ دەكەنێت و گاڵتەیان پێ دەكات. بە هەر حاڵ نازانم ئەندام پەرلەمانى هەرێمى كوردستان پاش خانەنشین بوونى كێ كارى پێ دەبێت تا دوو پاسەوانى بۆ هەتا هەتایە بۆ دابنرێت، زۆربەیان لە كاتى ئەندام پەرلەمانبوونیاندا زۆر جار بە تەنیا دەگەرێن و پاسەوانەكانیان لە گەڵیاندن نین، زیاتر ئەو پاسەوانانە وەك و پاسەوانى تایبەتى زۆربەى حاكمەكان و ئەندامانى داواكارى گشتى و هەندێك لە بەرپرسەكانى دیكە لە گەڵ قوتى كاسبكارى قوربەسەرى ئەم هەرێمە شەریك دەبنەوەو هەر یەكەو كارێك بۆ خۆى دەكات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

