نەهێنى تورە بوونى بەرزانى بەرانبەر مالیكى ئەمەیە
18/05/2012, 12:00 (GMT+1)

1 ــ ئەگەر لە بابەتە گەورەو ستراتیژیەكانەوە دەست پێ بكەین دەبێت ئەو پرسیارە بكەین:
ئایا كورد هەروا بێ دەنگ بێت و چارەنووسى خۆى بداتە دەست قەدەرەوە ، ئایا دەستەوەستان بەرانبەر بەهێزبوونى بەغداد كارێكى تەندروستە؟ ، دەسەڵات لە بەغداد رۆژ بە رۆژ بەهێز دەبێت جارێك روو لە ئەمریكا دەكەن بۆ چەك جارێك روو لە چین، لە كاتێكدا لە بەشى بوجەى هەرێمیش دەبردرێت بۆ چەك كەچى ئەو چەكانە هیچى بۆ پاراستنى هەرێم نیە بەڵكو چەكى دوژمنە بەرانبەر هەرێم، كورد دەبێت سەرەراى ناكۆكیەكانى یەك هەڵویستى هەبێت بۆ ئەوەى بەغدادێكى بە هێز نەبێت. بەڵام كێشەكە لەوەدایە كورد یەك هەڵوێست نییە، لایەنێكى سەرەكى گۆرەپانەكە دەیەوێت خۆى لێ بێ دەنگ بكات تا دەبابە سنورەكانى حەمرینمان لێ دەگرن و فرۆكەى( ئیف (16) ئاسما نمان لێ دەگرن، ئەو كاتەش هات و هاوارو ئاربیجى و كلاشنیكۆفیش دادمان نادات. لە حەقیقەتیشدا دەستورو قانون لەم وڵاتە(عێراق) لە بەرانبەر فرۆكەو موشەك و لولەى تفەنگدا هەر وجودى نەبووە، كاتێك تاڵەبانى كێشەى لە گەڵ جەعفەریدا بۆ دروست بوو لەبەر ئەوەى جەعفەرى وتى ((با سەرۆك كۆمار بۆ كورد نەبێت)) هەموو كورد وتیان با جەعفەرى بگۆرین، كورد یەك هەڵوێستى خۆیى پاراست و جیاوازى دروست نەبوو، بەڵام ئێستا ئەوەى داواى گۆرینى مالكى دەكات بە تەنها ماوەتەوە.
2 ــ هەندێك لەو قسانەى مالكى لە كەناڵى (ئین ئار تى) كردى بەرانبەر بە دەسەڵاتى كورى راستە، ئەو قسانەش پێش ئەو خۆمان كردوومانە، بەڵام مالكى بەراشكاوانە بە كورد گوتى((نەوت و چەكتان بۆ چیە؟)). مالكى هەرێمێكى بێ گیرفان و بێ نینۆكى دەوێت، نەك هەر ئەوەندە دەیەوێت سوپا بەرێتە سنورەكان و سنورى ئێران و توركیاش بپارێزێت.
3 ـ لە كاتێكدا كورد ئەمرۆ پەرتەوازە بووەو بە روونى ناكۆكى كەتوەتە نێوان ریزەكانیەوە، كەچى مالكى هیچ جیاوازى لە نێوان تاڵەبانى و بارزانى نازانێت و شەرى بارزانى لە كەركوك دەكات، هەموشمان دەزانین حزبەكەى بارزانى لە كەركوك میوانەو بە خاترانە كورسیەكى بەدەستهێنا بۆ پەرلەمانى عێراق، كەركوك تەنها جێگایە لە باشوورى كوردستان كە حزبەكەى تاڵەبانى زۆرینەیە لە چاو حزبەكانى دیكەى باشوورى كوردستاندا. مالكیش بە ئاشكرا باسى لەوە كرد كە دەبێت پۆستەكانى كەركوك دووبارە دابەش بكرێنەوەو هێزە نا نیزامیەكان بچنە دەرەوەى شارەوە كە ئەوەش ئاماژەیە بۆ هێزەكانى سەر بە حزبە كوردیەكان لەوێ.
4 ـ لە كۆتایشدا دەڵێم لە هەمووى ترسناكتر ئەو دۆخەیە لەباشوورى كوردستان دروست بووە بە هۆى سیاسەتى تەسكى حزبایەتى پارتى ویەكێتى كە دابرانێك لە نێوان دەسەڵات و جەماوەردا دەبینرێت ، دەسەڵات لە دۆڵێكەو جەماوەر لە دۆڵێكى دیكە،بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە لە شەقامى كوردیدا ئەمرۆ ئەو خەڵكەى كە پشتگیرى لە قسەكانى مالكى دەكەن زۆرترن لەو خەڵكەى كە دژى دەوەستن، ئەمە لە كاتێكدا مالكى بە كوردى راگەیاند((ئێوە نابێت چەك و گیرفانتان هەبێت)).
پاش بیست ساڵ لە بەرەڵاى و ناعەدالەتى و پاداشتى ئەنفالچى و دروست بوونى وردە فرعەون ، هەروەها بەغدادێك رۆژ بە رۆژ بە هێز دەبێت لە گەڵ پەرتەوازەیى كوردو نا ئومێدى خەڵك لە دەسەڵاتى كوردى، پرسیارى ئەوە دەكەین: ئایندەى ئەم هەرێمەى كە ئێستا سەرەرایى كەم و كورتیەكانى كە دەوڵەتێكى رانەگەیەنراوە بەرەو كوێ دەروات؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

