<

خەونێك... با كوردستان بفرۆشین!!!

13/12/2009, 12:00 (GMT+1)
منیش وەكو كوردێك باش دەزانم كە وڵات شیرینە و شایەن وشایستەى هەموو قوربانى دانێكە.
بەڵام باشتریش دەزانم كە وڵاتێك لە نێوان عەرەب وفارس وتورك دا بیت هەرگیز ئارامى بە خۆیەوە نابینیت.
بۆیەش من وەكو ملیونەهان لە دڵسۆزانى ئەم وڵاتە و هاوڵاتییانى پەرۆش و وڵاتپارێز، رۆژانە لە هزرى ئەوە دا مە: ئاخۆ چارەى ئێمەى كورد چییە لە وڵاتێك دا بمانەوێ و نامانەوێ عەرەب وفارس وتورك وتوركمان وكلدان وئاشورى وئەرمەن و نازانم كێ هاوبەش و دراوسێى ئێمەن؟ ئایا چارەمان چییە بۆ دامەزراندنى دەوڵەتێكى نەتەوى و بێ گرفت؟ دەوڵەتێكى ئارام و پڕ لە خۆشى و شادى وكار و درامەت و بەرهەم؟ دەوڵەتێكى خاوەن دانپێدان لە لایەن كۆمەڵگاى نێو نەتەوى و وڵاتانى جیهان و نەتەوە یەكگرتووەكان؟ دەوڵەتێكى ئاكتیڤ لە رووى كارى ولاتانى جیهان لە مەڕ ئاشتى و پاراستنى ژینگە و چارەسەر كردنى گرفتى نەخۆشییە كوشندەكانى جیهان وەكو هەژارى و كەم ئاوى و بەرز بوونى پلەى گەرما و ئیدز و نازانم چى دیكە؟!!.
من هەمیشە لەو باوەڕە دا مە كو ئێمەى كورد ناتوانین هیچ شتێكى لەوەى سەرەوە ئاماژەم پێ كرد بە ئەنجام بگەینین لە سەر ئەم خاكە دا كە تەنها خۆمان ناوى بە كوردستان دەبین، بگرە تەنانەت توركمان و ئاشوریش دان بەو ناوە نادەن!!.
ئەى چارەمان چییە؟!! چارەمان چییە لەگەڵ دیكتاتۆرێكى عەرەب و كەلە رەقێكى فارس و ستەمكارێكى تورك؟!! چارەمان چییە لە گەڵ توركمانێك یان ئاشورییەك یان كلدانێك یان ئەرمەنێك كە سێ چارێكى ئەم خاكە بە موڵكى خۆى دەزانیت؟!!.
من دەزانم مێژووى ئێمەى كورد پرە لە سەروەرى و خەبات و تێكۆشان و فیداكارى وپێشمەرگایەتى و شەهید و ئەنفال و هەڵەبجە، من دەزانم بارزانى نەمر وقازى مەحمەد و شیخ سەعید و شێخ مەحموود چ تێكۆشان و ماڵ وێرانى و فیداكارى لە پێناوى ئەم كوردستانەیان پێشكەش كردووە، من ئەو هەموو شتە و سەدان شتى دیكە دەزانم، بەڵام دیسانەوە دەڵێم پێویستە ئێمەى كورد بگەینە قەناعەت كە هیچمان پێ ناكرێت لەم شوێنە جوگرافییە، سەدان ساڵى دیكەش نا گەین بە مافە رەواكانى خۆمان، مافەكانمان دەستەبەر نابن مەگەر سەد ئەمریكا و بریتانیا پاڵپشتى ئێمە بن، چونكە بمانەوێ و نامانەوێ عەرەبێك لە بەغدا یان لە دیمشقەوە و توركێك لە ئەنقەرەوە و فارسێك لە تەهرانەوە دەتوانیت زۆر بە ئاسانى هەموو خەوكانى ئێمە پووچەڵ بكاتەوە!! نەك لە ئازایەتى خۆیان بەڵكۆ لە بێ ویژدانى خۆیانەوە.
ئەى چارەمان چییە؟!!.
من پێم وایە پێویستە ئێمەى كورد بە جورئەتەوە هزر لەو مەسەلە بكەین و هەموو هزرێك چەند هزرێكى خەیاڵى و مەحاڵیش بیت لە پێش خۆمانەوە دابنێین!!.
پەندێكى مێژینە هەیە دەڵێت: ئەگەر چیا ناڕوات ئەوە شێخ دەڕوات!! بۆیەش ئەگەر عەرەب و فارس وتورك وڵاتى ئێمە كە هەزاران ساڵە داگیریان كردووە چۆل نەكەن با خۆمان بۆ ئەوانى چۆل بكەین و پیرۆزى ئەوان بیت!!!.
من لەم نووسینە دا باس لە كونتراكتێكى نێو دەوڵەتى دەكەم.
من دەزانم سەدان كەس لێم دەبن بە پاڵەوان و ئەم نووسینە بە (خیانەت) لە قەڵەم دەدەن!! بەڵام من دەمەوێ شتێك بۆ مێژوو بنووسم.
پێم وایە باشترە بۆ ئێمەى كورد لە هەر چوار پارچەى كوردستان ئەم خاكە چۆڵ بكەین و بە نووسین رادەستى ئەم چوار وڵاتە بكەین و وەكو گۆتم و دووبارەى دەكەمەوە پیرۆزى ئەوان بیت!!!.
پترە لە 10 ساڵ من ئەنتەرنێت بە كار دەهێنم، بۆیەش ساڵانێكە دەزانم كە بە سەدان دوورگە و (جەزیرە)ى فرۆشتن هەن، بە تایبەتى لە نێو دەریاى ئەتلانتیك كە نزیكى ئەمریكایە، دوورگەكان دەبن بە (ملك ێرف) بۆ هەر كەسێك بكڕیت، نرخیشیان زۆر گران نییە، كەچى رووبەرى هندێكیان گەورەترە لە كوردستان!!.
من لە گەڵ ئەوە دا مە كە ئێمەى كورد پڕۆژەیەكى نێو دەوڵەتى پێشكەش بە نەتەوە یەكگرتووەكان بكەین، پاش ئەوەى پاڵپشتى ئەمریكا و بریتانیا مسۆگەر بكەین، تێدا باس لە فرۆشتنى ئەم خاكە بكەین بەرامبەر كڕینى چەند دوورگەیەكى نزیكى یەك و دامەزراندنی دەوڵەتى كوردستان لە سەر خاكە نوێیەكە و مسۆگەر كردنى دانپێدانى هەموو وڵاتانى جیهان بەم دەوڵەتە نوێیە.
لە رێككەوتەكەش دا بنووسرێت پێویستە دەوڵەتەكانى كڕیار ماوەى 5 ساڵ چاوەڕێى وەرگرتنى ئەم خاكە بن تاكو كۆمپانیا نێو دەوڵەتییەكان جادە و كۆڵان و ماركیت و قوتابخانە و نەخۆشخانە و تەلارەكانى كوردستانەكەمان بۆ ئاوەدان دەكەن.
ئەو كات هەر كەسێكى كورد هەروەها هەر شبەبەكێك یان ئێزدییەك یان قەیلییەك یان هەر كەسێكى دیكە كە خۆى بە كورد دەزانیت (چونكە هندێك لەوان خۆیان بە كورد نازانن) مافى ئەوەى بدرێتێ كە سەفەر بۆ وڵاتە نوێیەكەى بكات، لوێش شوقەیەك یان خانوویەك یان تەلارێك (بە پێى پێویستى) بدرێتە ئەو هاوڵاتییە و دەستت بە جێ بەردەوام بیت لە سەر هەمان كارى خۆى كە لە كوردستانە كۆنەكەى دا دەكرد.
ئەمریكا بەم شێوەیە دامەزرا، هەروەها ئیسرائیلیش بەهەمان شێوە دامەزرا، بۆیەش مەحاڵ نییە كوردستانە نوێیەكەى خۆمانیش بەم شێوەیە دابمەزرێت.
ئێمەى كورد كە كوردستانە كۆنەكەى خۆمان بدەینە عەرەب و تورك وفارس وتوركمان و ئاشورى و كلدان و ئەرمەن ونازانم كێى دیكە، پارەیەكى گەورە بەرامبەرى وەردەگرین، بەلام هیچ وڵاتێك ناتوانیت ئەم پارەیە بە یەك جار دابین بكات، بۆیەش دەتوانین لە كۆنتراكتە نێو دەوڵەتییەكە دا بنووسرێت كە پارەیە پێویستە لە ماوەى 100 ساڵ بدرێتەوە، هەروەها بنووسرێت لەم 100 ساڵە دا پێویستە دەوڵەتەكانى كڕیاڕ رێژەیەك لە بودجەى ساڵانەى خۆیان بدەن بە دەوڵەتى كوردستان بەرامبەر ئەو هەموو نەوت و سامانە سرووشتییەكان دا.
لە كوردستانە نوێیەكەى خۆمانیش دەبین بە دەوڵەتێكى بێ گرفت، نە عەرەبێك دێت و دەڵێت: (باكوورى عیراق) و نە توركێك دێت و دەڵێت: (توركەكانى شاخ) و نە فارسێك دێت و دەڵێت: (ئادەم خۆرەكان)!!.
دەبین بە دەوڵەت، پارەى تایبەتى خۆمان دەبیت، پاسپۆرى تایبەتى خۆمان چاپ دەكەین.
لە كوردستانە نوێیەكە دا دەتوانین (هەولێر و ئامەد و مەهاباد و قامشلو)ى نوێ ئاوەدان بكەین، دەتوانین بۆ هەر شارێكیش چەندین گۆڕستان دروست بكەین، با هەر كەسێكى كورد مافى ئەوەى هەبیت گۆڕى مردووە ئازیزەكانى خۆى بۆ كوردستانە نوێیەكى خۆى بگوازیتەوە.
من نامەوێ زۆر بچمە نێو ووردە كارییەكانى دامەزراندنی وڵاتێكى نوێ دا، بەڵام دەزانم كە مەحاڵ نییە، ئەگەر كەسێكیش هەبیت باس لەوە بكەت كە ئەمە (خیانەتە) با بڕیارەكە بدەینە دەستى گەلى كورد و راپرسییەكى نێو دەوڵەتى ئەنجام بدەین، كە من دڵنیام زۆرینەى دەنگدەران پەسندى بۆچوونى من دەكەن، ئەو كات با سیاسەتمەداران و یاساناسەكان و دیپلوماتە كوردەكان دەست بە دانوستان و (مفاوەزات) بكەن و ئێدى ئەم مەینەتە بێ كۆتاییە بە كۆتایى بێنن.
لە مێژەوە نیازى ئەم نووسینەم هەبوو بەڵام دەترسام!! ترسیشم لەوە بوو كە خەڵكانێك هەبن (كە هەر دەبن) لێم تێنەگەن و ئیتر بڵێن ئەمە خیانەتە و خۆفرۆشییە و گەمە كردنە بە خوێنى شەهیدان و كارەسات و تەواوى مێژووى ئەم گەلە، بەڵام لە دڵ و ناخەوە دەڵێم پاڵدەر من بۆ ئەم نووسینە تەنها و تەنها ئەوەیە كە منیش وەكو كوردێك خەون بە دەوڵەتێكى كوردیى بێ گرفت و ئارام و خاوەن كیانێكى نێو دەوڵەتى دەبینم.. ئیتر تەنها خەونێكە و پێم وایە دەتوانین جێبەجێ بكەین و پێم وایە چەندى زووتر بیت باشترە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست