لیستى تەزویرچى و پێشێلكارانى یاسا ، گوایە سەركەوتوون ئاوا دەكەن ئەگەر بدۆرێن دەبێ چى بكەن؟!
27/07/2009, 12:00 (GMT+1)

شایەنى باسە زۆربەى ئەو تەقە كردنە لەبارەگاحزبیەكانەوە دەكرا هەر لەوێشەوە لەبارەگاى ناوچەو رێكخراوەوە پۆل پۆل گەنجى هەرزەكارو ناهۆشیار وەك زەردەوالە بەكۆلانەكاندا بلاودەكرانەوەو بە هوتاف و گۆرانى ناسازو پێ لێنانى ئۆتۆمۆبێل خەلكیان بێزاردەكردو ئەو رەفتارە نابەجێیانەیان تادواى كاتژمێر یەكى شەویش هەر بەردەوام بوو ، لەئەنجامى ئەو كارە هەلەشەیی و منالانەیەش چەندان كەس بریندار بوون و گەیەنرانە نەخۆشخانەو چەند كەسێكیش كوژران وەك لە تەلەفزیۆنەكانەوە راگەیەندرا..
ئەوەى شەوى رابردوو ئەنجامدرا بەشێك لەسیماى ناحەزو دزێوى لیستى دووزلحیزبەكەى پیشاندا كە چجۆرە خەلكێك لەدەوریان كۆبۆتەوەو چەند نامەسئولانە رەفتاردەكەن ، ئەوەى ئەوان دوێنێ شەو ئەنجامیان دا بریتى نەبوو لە دەربرینى خۆشی و بەس بەلكو بێزار كردن و ئیستیفزاز كردنى خەلكى شاری هەولێرو دەوروبەرى بوو لەكاتێكدا زۆرێك لەخەلكى لەسەربانەكانیان بوون بۆ نوستن و حەسانەوە، بەلام ئەوانە كوا دەزانن پاراستنى هەستى خەلكى یانى چى؟
سەرەراى ئەوەش هەر ئەو شەوە شەقاوەكانیان ناردۆتە سەر بارەگاكانى یەگكرتوو و كۆمەل و لیستى گۆران لەهەولیر و تەقەیان بەسەردا كردوون و ئیهانەو سوكایەتى و ئیستیفزازیان كردوون ... ئەوەیە رەفتارە دیموكراتیەكانى پارتى دیموكرات و لیستى كوردستانى!!
ئەو رەفتارە هەرزەكاریانەى لیستى دوو حیزبەكە سەلماندنى كەوا هێشتا عەقلیەتى دواكەوتوانەى حیزبە كلاسیكیەكانى كوردستان لەبازنەى چەقبەستوویی رزگارى نەبووەو هێشتا بیری پاوانخوازى و قبول نەكردنى هیچ كەس غەیری خۆیان زالە بەسەر دەسەلاتدارانى كوردستان ، لێرەوە تێدەگەین و بێ هیچ دوو دلیەك دەلێین هەلگیرسانەوەى شەرى ناوخۆ لەسایەى ئەو سیاسەتە گیرەشێوێنیانە لە ئان و سات دایە، لەكاتى نەبوونى چاودێرى دەرەوەو ترسی تەداخول كردنى لایەنى دەرەكى دا ئەو دوو حیزبە ئامادەن جاریكى تر ئەزموونى نەوەدەكان دوبارە بكەنەوەو رۆلەى كورد بەكورد بەكوشت بدەن و هەموو دەستكەوتەكانى كورد بكەنە قوربانى كورسی دەسەلات ..
هاوپەیمانى دوو حیزبەكەش هەر لەبەر ئەوەیە كەخۆیان باش دەزانن هیچ كامیان ئامادەنین لەبەرامبەر یەكترى دا دۆران قبول بكەن بۆیە بەناچارى ئەو ریككەتنە لەرزۆكەی نێوانیان درێژە پێداوە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

