كۆسرەت رەسوڵ بۆ وای كرد
09/12/2009, 12:00 (GMT+1)

یەكەمیان: كۆسرەت رەسوڵ، لەگەڵ تاڵەبانی، ژێر بەژێر رێككەوتن كە لە كۆنگرەی داهاتووی یەكێتیدا مەوقیعی جیۆگرافی و سیاسی كۆسرەت، بۆ هەموو بڕیارێكی سیاسی یەكێتی، یەكلا كەرەوە بێت. بۆیە لەبەرامبەردا كۆسرەت رەسوڵ لە رۆژنامە فەرمیەكانی یەكێتی و میدیای سێبەری یەكێتی وتار دژی رەوتی لیستی گۆڕان دەنووسێت.
دووهەمیان: كۆسرەت رەسوڵ، دوای ئەوەی لایەنگرانی لە هەولێر بەرەو لیستی گۆڕان چوون، ئەو هەستی كرد كە ئیتر لە هەولێر بڕیاردەری جەماوەری یەكێتی نابێت. بۆیە وەك خۆ دەرخستنێك لە نێو یەكێتیدا خۆی خستە نێو وتار نووسەكانی یەكێتییەوە.
سێهەم : مەوقیعی سیاسی ئێستای كۆسرەت كە جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، كاریگەری بارزانی، وای كردووە كە كۆسرەت، بە ئاراستەی تاڵەبانی سیاسەت بكات. هەرچەندە باس لەوە دەكرێت كە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كۆسرەت تەنیا رەمزییە. چونكە بارزانی، دەسەڵاتی مادیی و مەعنەوەی بۆ نەهێشتووەتە و ئەوانەی كە فەرمانی سیاسی لە سەرۆكایەتی هەرێم جێبەجێدەكەن، سەرجەمیان پارتیین.
چوارەم: پێشبینی سەركەوتنی لیستی گۆڕان، لە هەڵبژاردنی كەركوك بۆ پەرلەمانی بەغدا كە ئەوەیش گوشارێكی دەروونی لەسەر پارتی و یەكێتی دروست كردووە و لە كاتی ئێستا ئەو دووحیزبە بە باشیان زانی كە كۆسرەت رەسوڵ، شەڕی گۆران ئامادە بكەن. هەرچەندە ئەو نووسینانە كاریگەری لەسەر واقیعی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم نابێت.
پێنجەم: رێگە خۆشكردنی مەكتەبی بیرو هۆشیاری یەكێتی كە وتارەكەی كۆسرەت بەنامیلكەیەك، 10 هەزار دانەی لێ بەچاپ دەگەیەنێت كەچی رێنووسی وتارەكە پڕ لە هەڵەی زمانەوانی بوو. هاوكات واتای رستەكانیش لە رووسی سێنتاكسەوە هەڵەن. لەرووی راستی و دروستی ناوەڕۆكیشەوە ئەوە بۆ لیستی گۆڕان جێدەهێڵم، بەڵام دەتوانم پێشبینی ئەوەبكەم كە ئەو وتارە هێندەی قەوارەی دەسەڵاتی كۆسرەت لە نێو جەماوەر بچوك دەكاتەوە، هێندەی تریش خزمەت بە لیستی گۆڕان دەكات.
شەشەم: بەپێی ستانداردی جیهانی نابێت كەسێك لە پۆستێكی باڵای هەرێمێك پۆستەكەی بە ئامانجێكی سیاسی بەكاربخات، بۆیە لیستی گۆڕان، دەتوانێت لە پەرلەمانی كوردستان، بانگهێشتی كۆسرەت رەسوڵ، بكات بەمەبەستی لێپیچینەوە، هەروەها دەتوانێت لە دادگە دا سكاڵای سیاسی لە دژی تۆماربكات.
دواجار ئەو نووسنەی كۆسرەت كە لە دژی رەوتی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان نووسراوە،پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستانی زیاتر بەبیركردنەوە حیزبەییەكان رەنگرێژ كرد. ئیتر وەك هەموو جارێك نووسیومە كلیلی بە دیموكراسیكردنی پۆستە باڵاكانی هەرێم ئۆپۆزسیۆنە، ئەو نووسینەی كۆسرەت رەسوڵ، دەری خست كە رەوتی ئۆپۆزسیۆن زەنگێكە لە دەرگای مەركەزیەت دەدات. ئەو مەركەزیەتی كە جەنابی كۆسرەت رەسوڵی لە سەرۆكایەتی هەرێمدا هێنایە گۆ. لە 2007 سەروك بووش گوتی "مەركەزیەت لە عیراق ئاوابوو" بۆیە منیش دڵنیام كە لامەركەزیەت لە كارنامەی لیستی ئۆپۆزسیۆنەو لە داهاتوویەكی نزیكدا پەیكەرە دروستكراوەكانی مەركەزیەت دەروخێندرێن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

