لە نێوان نەخۆشخانەحكومى و ئەهلییەكانى سلێمانیدا
02/07/2011, 12:00 (GMT+1)

پاشان خێزانەكەت كاتى مناڵ بونیەتى ، ئەگەر بیەوێت بە نەشتەرگەرى قەیسەرى مناڵەكەى ببێت ، ئەوا لیژنە دادەنیشن و پشكى بۆ دەكەن و لە ئەنجامدا لە بیست نەخۆش ، یەك دوو نەخۆش بڕیارى نەشتەرگەرى قەیسەرییان بۆ دەدرێت و پێیان ئەوترێت : عەسر ، بچن بۆ عیادەى بەنجكردنى دكتۆر سامان ، لە نزیك پاركى دایك ، ئینجا سبەینێ وەرە بۆ نەخۆشخانەى مناڵبوون بۆ نەشتەرگەرى ..كە دەچیتە عیادەى بەنجى ئەو دكتۆرە بەڕێزە ، پانزە هەزار دینارت لێدەسەنێت و پێت ئەڵێت : (زمانت دەربێنە) تۆیش زمان دەردێنیت ، ئەویش ئەڵێ : (تەواوە ، عەیبت نییە ، سبەینێ لە هۆڵى نەشتەرگەرى ئەتبینمەوە) ..
ئایا ئەم دكتۆرە بەڕێزە ، بەیانیان لە كوێیە ؟؟ ئایا بەیانیان و ئێوارانیش هەر ئەهلى ئیش ئەكات ؟؟ ئایا لیژنەى فەتوا ، كە دەكەوێتە پشت باخى گشتى ، تاكو چەندێك موچەى ئەم پزیشكە بە حەڵاڵ دەزانن ، لە كاتێكدا سەرجەم نەخۆشى نەخۆشخانە حوكومیەكانى بۆ تەحویل دەكرێت بۆ عیادەكەى ؟؟ ئایا ئەم بەڕێزە بەرامبەر بە موچەكەى ، چى پێشكەش بە فەرمانگاكانى تەندروستى ئەكات ؟ ئایا ئەوە ئاسایى و یاساییە نەخۆشێكى حوكومى بە عالەمى ئاشكرا تەحویلى عیادەیەكى ئەهلى بكەیت بۆ ئەوەى دوبارە بینێرێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەكى حوكومى بۆ نەشتەرگەرى دواى ئەوەى پانزە هەزارى لێدەسەنرێت و زمانێكى پێدەردەهێنرێت ؟؟؟ئایا تەها مەحوى نەقیب و تایەر هەورامى وەزیر چى دەڵێن ؟؟ یان تایەر هەورامى هەر سوورە لەسەر ئەوەى كە دواى خوا ، دكتۆر دێت و لەسەروو هەموو یاسایەكەوەن و غەڵەتیان لێ جوانترە تا ڕاستى ؟؟ ئەى هەر خۆى نەبوو بەیەكەم وەجبەى قبوڵكراوى كۆلێژى پزیشكى زانكۆى سلێمانى وتبوو : دواى خوا ، ئێوە دێن !!! تا كوڕەكەى مامۆستا جەمال عەبدول پێى وتبو : نا ، وا نییە ، ئێمەیش بەشێكى كۆمەڵین و پێویستمان بە كۆمەڵە .ئینجا بیرمان نەچێت ئەو ژنە دووگیانانەى كە لە بڕیارى لیژنەى نەشتەرگەرى نەخۆشخانەى ولادە نائومێد دەبن ، ناچار ئەڕۆن بۆ نەخۆشخانەى سۆماى ئەهلى و لەوێندەر مادام پارە دەدەیت ، نە لیژنەى ئەوێ و نەهیچ ، حەز ئەكەى لە 4 جێگاوە و بە 4 نرخى جیاواز عەمەلیاتت بۆ ئەكەن ، ما شەلڵا لەم بان و دوو هەوایە ، بەیانیان بە لیژنە و عەسرا بەبێ لیژنە ، ..كەواتە لیژنە بریتیە لە سیاسەتى هەڵفڕاندنى نەخۆشە دوو گیانەكان لە نەخۆشخانەى ولادەى حكومى بۆ نەخۆشخانەى سۆماى ئەهلى ..
هەروەها لە زۆربەى نەخۆشخانە حوكومیەكاندا ، بەشى فەحسكردنى نەسیجى هەیە ، بەڵام لە هەندێ نەخۆشخانەدا ، كاتێك نەشتەرگەرییەك ئەنجام دەدرێت ، پارچەیەك لەو گۆشتە زیادەیە یان برینە ، ئەنێردرێت بۆ تاقیگەى نەسیجى بۆ تەئكیدكردنەوە لە پیسى یان پاكى ئەو برینە ، یەكسەر ئەنوسرێت : (بۆ دكتۆرە تریفە شەوكەت بابان) واتا بۆ عیادەكەى ئەو بەڕێزە ، ئەمە لە كاتێكدا كە چەند هەنگاوێك لە ژوورى نەشتەرگەرییەوە بەشى فەحسى نەسیجى حوكومى هەیە و پزیشكى زۆر لەو بەڕێزە شارەزاترى لێیە ، ئایا ئەمە موخالەفە و فاوڵ نییە لە نەخۆش و یاسا تەندروستیەكانى هەرێم ، جەنابى نەقیب مەحوى و وەزیر هەورامى ؟؟ئەگەر ئاگاتان لێ نییە ، فەرموو ئەوە من ئاگادارتان ئەكەمەوە و ئەگەر ئاگادارن و لەو ناحەقییە بێدەنگن ، ئەوە چاك بزانن هەموو ناحەقییەكان كۆتاییان ڕیسوا بوونە و هەموو بێدەنگییەكیش لە ناحەقى ، شەیتانێكى كەڕ و كوێر لە پشتییانەوە ڕاوەستاوە ..
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

