درۆى سەرۆكەكان و ئەركى داواكارى گشتى ؟!
25/07/2010, 12:00 (GMT+1)

درۆ سەرەكیترین رەوشت یاخود سیفەتى كەسى بەرپرسى ئەم هەرێمەیە، هەر لە سەرۆكى هەرێمەوە تا ئەگاتە تەواوى بەرێوەبەری دەزگاودامەزراوەكان ،خاوەن هەزاران قسەى درۆ و بەڵێنى بێبنەمان.ئەوان درۆزن و خەڵكیش بێدەنگ لە درۆكانیان،وە تەواوى دامەزراوە پەروەردەى وداوەرى و یاسایەكانیش لەسەر ئەم درۆیانە نایەتە دەنگ كە ئەمەیش بۆ خۆى گەورەترین كارەساتە، چونكە بەهۆى بێدەنگى خەڵكەوە ئەوان بۆ هەمیشە بەردەوام ئەبن لەسەر درۆكردن و گوێمان ئەئاخنن بە درۆى جۆراوجۆرو توشى چارەنوسێكى ترسناكمان ئەكەن ،چونكە هیچ كەس و دامەزراوەیەك لەسەر درۆى ئەمانە نایەتە وەڵام و ناتوانێت وە یان ئیرادەى تۆماركردنى سكاڵاى نیە،بەتایبەت كە ئەمە كارى دامەزراوە دادوەرى و یاساییەكانە لەسەرو هەمویانەوە داواكارى گشتى،بەڵام بەداخەوە كە ئەم دەزگایە یان بەشە، خۆى پرە لە كاراكتەرى درۆزن و ترسنۆك و گەندەڵ و بێویژدان ،دەنا بۆ لەسەر ئەو هەموە تاوان و درۆیانەى سەرۆك و پیاوە ئیدارى و سیاسیانە رۆژێك نەبوو سكاڵایەك تۆماركات؟!! خۆ ئەگەر ئەوان تا ئێستا بە خەیاڵ و قسەى خۆیان درۆیان لەو پیاوە شەریفانە نەبیستوە برۆن گوى لە بەرنامە تۆماركراوەكانى سەروەختى هەڵبژاردن تا دەگاتە مەسەلەى لێدوانە برلە درۆ ودژیەكەكانى بەقاچاخ بردنى نەوت بگرن و لەسەر بەڵگە نامە رەشەكانى ئۆپۆزیسیۆن و بەڵگەنامە سەوز و زەردەكانى پارتى ویەكێتى دژ بەنەیارانیان بەدواداچونى تایبەت بكەن و بێلایەنانە سكاڵا تۆماربكەن، بەم كارەش كورد وتەنى "قولى رەش و سپى لە بواردا دەرئەكەوێت" ئەوسا دەر ئەكەوێت كە چ لایەن و كەسێك راستگۆبوەو چ لایەكى دى درۆزن بوە و بۆ مەرامى تایبەتى و هەل هەلەى هەڵبژاردن ژەهرى درۆى دەرخواردى خەڵكى كوردستان داوەو گەمەى بە عەقڵ و میزاجى منداڵ و پیرو گەنج كردوە،بۆیە بەهیواى ئەوەم كە دادوەرانى داواكارى گشتى غیرەتیان بجوڵێت و ئەركى ئینسانى و ئەخلاقى خۆیان بەجێبهێنن و پاش بەدواداچون سكاڵاى یاساى لەسەر درۆزنەكان تۆماربكەن و لانى كەم راپێچى دادگایەكى عادیلانەیان بكەن و بە سزاى خۆیان بگەیەنن .با تەواوى دادوەران بەگشتى و دادوەرانى دادى گشتى بەتایبەتى ئەوە بزانن كە ئابرو شەرەف مەندى خۆیان بەوە ئەپارێزرێت كە لە پێناو كەرامەتى خۆیان و ئینسانەكانى ئەم كۆمەڵگایەدا بەكارى عادیلانەى خۆیان هەستن و لەیەكەم دەست پێشخەریاندا سكاڵا لەسەر درۆزنەكانى ئەم هەرێمە تۆماربكەن و نەهێڵن كە چیتر بە درۆكانیان مێشكى ئێمە و منداڵانى ئایندە ژەهراوى بكەن.
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

