یهکێک له ڤێللا قهشهنگهکانی عومهر فهتاح
07/05/2009, 12:00 (GMT+1)

كاتێك لە نزیكەوە لە سیحرى ئەو ڤێللایە دەروانیت لەبیرت دەچێتەوە كە لە وڵاتێكى گەنجى خێر لەخۆ نەدیو ژیان دەگوزەرێنیت، لەبیرت دەچێتەوە ئەگەر تۆ خانوى زیادەرۆ دروست بكەیت راستەوخۆ دەروخێنرێت، لەبیرت دەچێتەوە كە بە دەیان گەنجى ئەم شارۆچكەیە لەبەر نەبونى شوێنى نیشتەجێبون ناتوانن خێزان پێكەوە بنێن و رێى هات و نەهاتى هەندەران دەگرنەبەر و شارەكەیان بەجێ دەهێڵن، لەبیرت دەچێتەوە كە بەدەیان گەنجى شارەكە لەبەر بێكارى پەنا دەبەنە بەر مەشروب خواردنەوەو كات بەسەربردن، لەبیرت دەچێتەوە كە زیاتر لە هەزار هاوڵاتى ناو شارەكە ناویان دەرچوە بۆ زەوى وەرگرتن، بەڵام زەوى نەماوە تا بەسەریاندا دابەش بكرێت چونكە لەبەر مۆنۆپۆڵ كردن و دابەشكردنى شوێنە گرنگ و باشەكان بەسەر بەرپرسەكان و كۆمەڵێك كەسى بەرژەوەندى خواز و نەبونى پلان، شوێنێك نەماوەتەوە بۆ پرۆژەى ستراتیژى و نەوەى نوێ كە ئومێدیان پێى هەبێت، ئەو ڤێللایەى كە لە ماوەى سێ ساڵى تەواوبونیدا تا ئێستا دەرگاكانى نەكراونەتەوە، ئەو ڤێللایەى كە جەنابى (عمر فتاح) ئەسڵەن هەر پێویستیشى پێى نیە، ئەو ڤێللایەى كە تەنها بودجەكەى شوقەیەكى گەورەى پێ دروست دەكراو بە دەیان گەنجى ئەم شارە لێى سودمەند دەبون، بەڵام ئەو ڤێللایە وەكو قەڵا بێباكانە هەڵس و كەوت دەكات و دەمێكە ویژدانى خۆى ئاسودە كردووەو گوێ بەنەهامەتیەكانى گەنجانى ئەم شارە نادات و ناشزانێت ژیانی لاوان چۆن دەگوزەرێت!!
وەلێ ئەمەیە وڵاتى من! ئەمەیە بەپرسیارێتى دەوڵەتى من! ئەمەیە حەقیقەتى دەسەڵاتى من! ئەمەیە ویژدان و بەرهەمى شۆرشى چەندین ساڵەى خەباتى من! ئەمەیە جیاوازى چینایەتى و سیاسەتى بەرژەوەندى خوازانەى وڵاتى من! ئەمەیە واى كردوە گەنج ئینتیماى بۆ نیشتمان نەمێنێ، ئایا ئەمە ناو بنێین چى!؟
تێبینی :
1. ئهم وتاره له ژماره (416) ی رۆژنامهی هاوڵاتی 23/4/2008 بڵاوکراوهتهوه.
2. ئهم وێنهیه خۆم گرتومه له شارۆچکهی دوکان. تهنها جارێک له رۆژنامهی ئاوێنه به ناوی (وێنهی تایبهت) بڵاوکرایهوه. پێشکهشه به کوردستانپۆست له پێناو بنهبرکردنی گهندهڵیدا.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

