خەڵاتەكەى سەرۆك !
20/02/2009, 12:00 (GMT+1)

مام جەلال كە یەكەمین سەرۆك كۆمارى هەڵبژێراوى دەوڵەتى عێراقى پاش دیكتاتۆریەتە (یا لە راستیدا سەرۆكى وڵاتێكى پاش كۆتایی حكومى دڕندەیەك)، دەبوایە یەكەم كەس و دەستپێشخەر بوایە لەنەعلەت كردنى كلتورى چەك و بەخشینەوەى وەك دیاریەكى (بەهادار)، چونكە لەلایەك: مام جەلال لە سەر ئەرزى واقیع هەموو ئەو دەردەسەرى و ماڵوێرانى و كاولكارییەى بینیوە و ئەزموونى كردووە كە كلتورى و چەك و ئاگر و ئاسن بەرهەمى هێناوە، لەلایەكى دییەوە: مام جەلال رێبەرایەتى دەوڵەتێك دەكات بە حساب بەرەو (دەوڵەتى مەدەنى) و (دیموكراسیەت) هەنگاو دەنێ.
لە راستیدا جێی سەرسوڕمانە كە سەرۆك تاڵەبانى؛ لەو هەموو شتە جوانانەى دونیا شتێكى دی نەدۆزێوەتەوە هێندەى (دەمانچە) بە هادار بێت، تاوەكو بیكاتە دیارى بۆ (تێكۆشەرە دێرنەكان) و (دۆست و هەڤاڵەكانى). لەوەش سەیرتر ئەوەیە هەموو ئەوانەى كە خەڵاتكران نەیانتوانى، نەهاتنەدەنگ یاخود بچرپێننە گوێی سەرۆكەوەو بڵێن: جەنابی سەرۆك سوپاس، ئەگەر ئەزیەت بكێشت دیاریەكەمان بگۆریت بۆ شتێكى مرڤانەتر، بۆ شتێك كە لەگەڵ ئەتەكیەتى دیبلۆماسی و سەدەی بیست و یەكدا بگونجێت؛ تاوكو لە جیگایەكى دیارى ناوماڵەكانما یاخود بارەگا و نوسینگەكانمان بەشانازییەوە هەڵیواسین، دایبنێین.
هەڵبەت سەرۆك لە رێگەى هەڵبژاردنى (دەمانچە) ، پێمان دەڵێت: من هێشتا باوەڕم بە بێزراوى، رقلێبوونەوە، قێزلێكردنەوە و رشانەوەى نیە لە (دەمانچە) و (كلتورى چەك)، هێشتا دەمانچە شیاوى ئەوەیە كە هاوڕێ و دۆستەكانمی پێ خەڵاتبكەم.
لە راستیدا زەحمەتە بۆ من لە نێوان رەتكردنەوەى ئیمزاى لە سێدارەدان و بەخشینەوەى دەمانچە وەك دیارییەكى (بەهادار) لە لایەن تاڵەبانیەوە تێبگەمى !، لەوەش زەحمەتتر تێگەیشتنمە لەوەى كە تاڵەبانى خۆى وەك پیاوێكى بەحەوسەڵەو میانڕەو و (لێكنزیكەرەوەى بۆچوونى پێكهاتە جیاوازكانى عێراق) پیشاندەدات، كەچی (دەمانچە) بە خەڵات دەبەخشێتەوە.
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

