ساڵی تازەی کورد بەشیوەنەوە لەژێر چەتری ئۆباماو بایدندا
30/12/2011, 12:00 (GMT+1)

جەنابی ئۆباماو بایدن، حیزبەکەی ئێوە بە حساب پشتگیری لە چینی هەژار دەکات، ئەو ٣٧ کەسەی کە لە سەرووی کوردستان کوژران، کورە هەژار بوون و لەبەر هەژاری خەریکی کۆڵبەری بوون لەو سنورە دروستکراوە، تورکەکان لەسەردەمی ئیسلامدا هاتونە خوارەوەو وا هەزار ساڵە لەژێر ئاڵای ئیسلام و رەگەزپەرستیدا خاک و نیشتمانمان داگیر دەکەن و رۆڵەکانی کورد بە بێویژدانانە دەکوژن، ئەمڕۆ کە ئەمەریکا بەرێوەبەرایەتی دنیای گرتۆتە دەست و دەوڵەتی تورکیاش بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێ، هەر بێویژدانیەک کە تورک بیکات بەرانبەر بەکورد، بەشێکی تاوانەکە دەخرێتە ئەستۆی ئەمەریکاو ناتۆوە، تەواوی دنیا دەپرسێ بۆ فارس و تورکەکان قاچاخچیەکانی نەوت ناکوژن لە رۆژانە بەهەزاران تانکەر نەوت بەقاچاخ دەروات بۆ ئێران و تورکیا بەڵام کوڕە هەژارێک دەکوژن کە بۆ ژیانی ماڵ و منداڵی وەک ئاژەڵ خۆی بار دەکات.
دەبێ ئۆباماو بایدن باش بزانن، تورکەکان کورد کۆژی دەکەن، بۆ ئەوان جیاوازی نیە لەنێوان چەکدارو پێچەک، مناڵ و بەتەمەن، مرۆڤی کوردو ئاژەڵدا، ئەو تاوانەی ئەمڕۆ تورکەکان کردویانە کەمتر نیە لەتاوانەکانی پێشوو کە میدیای جیهانی چاوپۆشیان لێکردوە، کورد بەکەم مەزانن و بەم شێوەیە پشتی تێ مەکەن، کورد داوای یەکگرتنەوەی کوردستانی گەورەو سەربەخۆیی وڵاتەکەی دەکات، تکاتان لێدەکەم پێش ئەوەی کارەساتێکی مرۆڤی زۆر گەورەی وەک ساڵانی هەشتاکان و ١٩٩١ بەدی نەیەت، وەک دەسەڵاتدارێکی دنیا هەڵوێستی خۆتان دەربخەن و ئەو نەخشەیەی کوردستانی گەورە کە بۆم ناردون و لەکتێبەکانم دا بڵاوم کردونەوە، بیخەنە ناو نەخشەی جیهانەوە.
سەدار پشدەری
لەندەن ٢٩ ١٢ ٢٠١١
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

