رەوشى سەندیكاو كۆمەڵەو یەكێتى و سەنتەرو رێكخراوە حزبییەكان
29/07/2010, 12:00 (GMT+1)

كەسێكیش نییە، دواى تەنانەت چەند ساڵێكیش لە ئیشوكار و كارنامەو بەرنامەو دارایى و خەرجى و چالاكى و دەركراوو بڵاوكراوەو داهێنانیان (كە هەمیشە بە دەگمەن) ى ئەم جێگایانە بپرسێتەوە، خۆ ئەگەر چاودێرى دارایش بە بەڵگەوە گەندەڵى ئەم شوێنانەى سەلماند، كەس بۆ دادگاو دادگاییكردن راپێچ ناكرێت، ئەگەر لێرەو لەوێ رۆژنامە ئەهلییەكان بەڵگەو دۆكومێنتیان وەدەست كەوت و بڵاویان كردەوە، لەوپەڕى شارانەوە، سەرۆكەكانمان خۆیان داكۆكیان لێدەكەن و دەیانپارێزن و بە خۆڕایى پارێزەرییان بۆ دەكەن.
كوردستان، بە تایبەتى دواى وەدەركەوتنى بزووتنەوەى گۆڕان و پتەوبوونى پێگەى ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان و لەمەش گرنگتر لەنێو خەڵكى زۆرینەى هەژاران و رۆشنبیران و توێژى گرنگى گەنجاندا، دەسەڵات و دوو حزبە زەبەلاحەكە، فێرى پرۆگرامیچكى كوشندەتر بوون، كە بریتییە لەوەى حزبییەكان رێكدەخاتەوەو بە لیستى داخراو و بەناوى تەباییەوە، بەزۆر بەسەر سەندیكاو كۆمەڵەكاندا، نووسەران و مامۆستایان و پارێزەران و رۆژنامەنووسان و ....تاد. بەزۆر دەیانسەپێنێت، ئەندامە ئۆپۆزسیۆن و تووڕەو سەربەخۆو ئازادەكانیش ناچار پاشەكشەى بۆ دەكەن و بەمەش گۆڕەپانەكە چۆڵ دەبێت بۆ پیاوان و ئەندامانى حزبى و بەكرێگیراوى دوو حزبە دەسەڵاتدارەكە، خۆیان خۆیان هەڵدەبژێرن و كۆمەڵە یان سەندیكایەك یان یەكێتییەكى ئیفلیج و پەككەوتووى حزبى زۆر چەقبەستوى بەرژەوەندیخواز دادەمەزرێت و كارو كارنامەو پێڕەوى ئەم شوێنانە دەبێتە ملكەچ و گوێڕایەڵ و سەرشۆڕى ئەم دوو حزبەى كە سیماو وێنە و واتاى دێمۆكراسى و شەفافییەت و رەخنەو رەخنە لەخۆگرتن بەرەو دونیایەكى تاریك و پێچاوپێچ و سەرابى نێو تونێلى حزبى و فەرمانى سەركردە حزبییەكان دەبات.
رۆڵى دێمۆكراسییانەو كارى خزمەتگوزارى و كار ئاسانى بۆ گشت و بەبێ جیاوازى نوغرۆو سەرەنگووم دەكەن.. واسیتەو خزم خزمێنەو مەحسوبییەت و كارى ژێربەژێرى نایاسایى دەبێتە پیشەى رۆژانەى ئەم سەنتەرو سەندیكایانەى كوردستان.. تەنیاو تەنیا كار بۆ كەسوكارو ناسیاو و كیژۆڵەى خرپن و پۆشاك تەسك و سەماكەران و چەقەنە لێدەرو دزو درۆزن و داوێن پیس بەڕێوە دەبەن. بۆیە زۆرینەى خەڵكى بەوەفاو دڵسۆز و بێ پشستوپەناو هەژارو نەدارى كوردستان دووچارى بێئومێدى و حیرمان و ئینتیما نەمان بۆ نیشتمان دەبنەوە..
شایانى وتنە، ئەم رەوش و دۆخە تەنیا لەنێو سەندیكاو كۆمەڵەو رێكخراو و سەنتەرە حزبییەكاندا لە ئارادا نییە، بەڵكو لەنێو دەزگا حزبى و حكومى و پەروەردەیى و بەناو ئاكادیمییەكانیشدا لەوپەڕى ئاستى گەندەڵیدایەو ئەمەشە كە بۆتە هۆكارى لەبن نەهاتنى زەمینە خۆشبووەكانى گەندەڵى و كەمنەبوونەوەى پیاوانى حزبى و گەندەڵ لە كوردستانى باشوورى هەناسەساردا..
ئەگەر بەچاوى كۆمەڵناسێكى ئازادەوە تەماشاى بەردەوامبوونى ئەم رەوشە ترسناكە بكەین بۆمان دەردەكەوێت كە خەڵكى ئێمە لەخۆوەڕا نییە كە تووڕەو بێزارن، كە خۆیان دەكوژن.. ئەگەر ئەم دەردە كوشندەیە، بەردەوام بێت و ئۆپۆزسیۆن و خەڵكان و رووناكبیرە ئازادەكان و پسپۆڕە ئاكادیمییەكانى كوردستان نەتوانن چارەسەرى بكەن، ئەوا پاش دە ساڵێك تەنیا گەندەڵەكان لە ژیاندا دەمێننەوەو سمێڵ و بۆینباغیان بریسكەى دێت لەنێو وەنەوشەو بەهبەهان و هامەردا، بە پانوپۆڕىنیشتمانى دڵسووتاوماندا دێن و دەچن.بەڵام جەخار كە دڵسۆزو داوێنپاك و ئازادو سەربەزەكان، هەر زوو بە جەڵتە یان شێرپەنجە و دەردەدڵ كۆچى دواییان كردووە، ئەو دەمەش ئێرەى باشوورى كوردستان دەبێتە وڵاتى گەندەڵستان و زۆڵە گەندەڵ دەخەنەوە.
تێبینى: ئەم رەوشە هەریەكە لە یەكێتى و كۆمەڵەو سەندیكا پیشەیى و پسپۆڕییەكان و سەنتەرو رێكخراوە جۆراوجۆرەكانى ئەمڕۆى كوردستانە هەشبەسەرەكمان دەگرێتەوە.
هۆڵەندا
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

